ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێم ژمارەیەک بڕیارى دەرکرد

15-10-2025 01:43

پەرەگراف

لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆى ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستاندا ژمارەیەک بڕیار دەرکران. بڕیارى یەکەم ئامادەکردنى ١٢٠ ملیار دینار داهاتى نانەوتییە بۆ بەغداد و وەزارەتى دارایى هەرێم ڕاسپێردراوە کە مانگانە ئامادەکردنى ئەو بڕە پارە بکاتە کارى لەپێشینەى.

سەبارەت بە مووچەى مانگى هەشتیش، پێشەوا هەورامانى، وتەبێژى حکومەتى هەرێم ڕایگەیاند "لە دوایین گفتوگۆى نێوان ئێمە و وەزارەتى دارایى عێراق، ئەوان وتوویانە کە هیچ گرفتێک لەبەردەم ناردنى مووچەى مانگى هەشتى مووچەخۆرانى هەرێمدا نییە، تەنیا کێشەى نەبوونى نەختینەمان هەیە کە بەزوویى چارەسەرى دەکەین و مووچە دەنێرین".

لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆیدا، ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێم بڕیارى داوە بە "ڕاگرتنی خەرجییە ناپێویستەکان لە دامودەزگاکانى حکومەت". هەروەها بەشێوەیەکى کاتى "سولفە بۆ پڕۆژە بەردەوامەکان، لێخۆشبوون لە باج و گومرگەکان، هەموو جۆرە دامەزراندنێک تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ" ڕاگیراون.