لاهور شێخ جەنگی: حكومەت بە هەڕەشە كردن داوای ئازادكردنی 3 ئەفسەر دەكات لە دۆسیەی غالب محەمەد

03-03-2021 05:53

پەرەگراف

لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ڕایگەیاند، حكومەت بە ئاشكراو بە هەڕەشەكردن داوای ئازادكردنی سێ ئەفسەری دەزگایەكی هەواڵگریی هەرێم دەكات كە لەسەر كەیسی پەلاماردانی پەرلەمانتار غالب محەمەد دەستگیر كراون.

هاوسەرۆكی یەكێتی لە تویتێكدا دەڵێت "دەستیان داوەتە كاروباری دادگا بۆ ئەوەی ئەو سێ كەسە ئازاد بكرێن ‌و كەیسەكە دیزە بە دەرخۆنە بكرێت، بۆیە سەرۆكی حكومەت لێرەوە پێت دەڵێم تۆ بە تەواوەتی متمانەت لەدەستداوە ئەگینا ئەمەت قبوڵ نەدەكرد".

لاهور شێخ جەنگی دەشڵێت "هەر ئەو حكومەتەی كە لە كەیسی دەستگیركردنی 5 چالاكوانەكەی بادینان داوای لە هەموو لایەنەكان دەكرد كە دەستێوەردان لە كاروباری دادگا نەكەن، كەچی هەمان حكومەت بە ئاشكرا و بە هەڕەشەكردن داوای ئازادكردنی 3 ئەفسەری دەزگایەكی هەواڵگریی هەرێم دەكات، كە لەسەر كەیسی پەلاماردانی پەرلەمانتار غالب محەمەد دەستگیر كراون".