
پەرەگراف- لەگەڵ گەرمبوونی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، هەردوو حیزبی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستان، پارتی دیموکرات و یەکێتی نیشتمانی، پەیامەکانیان لەسەر چارەسەرکردنی کێشە درێژخایەنەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، بەتایبەتی شایستە داراییەکان و مووچەی فەرمانبەران چڕکردووەتەوە.
لە هەڵمەتی بانگەشەی حیزبەكەیدا لە هەولێر، مەسروور بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی، پرسیاری (ئەم هەڵبژاردنە بۆ گرنگە؟)ـی ورووژاند و هەر خۆیشی لە وەڵامدا وتی "لە كوردستان پارتی هیچ ڕكابەرێكی نەماوە، ئەوەی ماوە ئێستا لە بەغداد ململانێی پارتی دەكەن، بۆیە پێویستە ئێمە بچینە بەغداد".
مەسروور بارزانی بەبێ ناوهێنان بەشێك لە كەس و لایەنەكانی تۆمەتبار كرد بەوەی كە "نەیانتوانیوە لە كوردستان ململانێی پارتی بكەن، بەغدایان هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی لەوێ دژایەتیی بكەن و ڕێگریی لە پرۆژە و سەركەوتنەكانی كوردستان بكەن".
پارتی لە ئێستادا 31 کورسی لە پەرلەمانی عێراقدا هەیەو گەورەترین فراکسیۆنی کوردییە لە پەرلەمان، هەڵمەتی هەڵبژاردنی بە دروشمی "هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان" دەستپێکردووە.
لە لایەکی ترەوە، یەکێتی نیشتمانی لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا هەوڵەکانی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغداد بەرز دەنرخێنێت و خۆی وەک ئەو لایەنە نیشان دەدات کە لە باشترین پێگەیە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییە داراییەکانی هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم لە پشکی یەکێتی، لە هەولێر قسەی بۆ ئەندامانی حیزبەکەی کرد و وتی "تێدەگەین كە لە ڕووی سیاسییەوە ناتوانن دانی پێدا بنێن، بەڵام هەر هەموو لایەنەكان دەزانن ئەو لێكتێگەیشتن و ڕێككەوتنەی ئێستا لەنێوان هەرێم و بەغداد بۆ ناردنی مووچە هەیە، دەرەنجامی هەوڵ و گفتوگۆ بەردەوامەكانی سەرۆك بافڵە".
قوباد تاڵەبانی داوای بەهێزکردنی پێگەی یەکێتی لە هەڵبژاردنەکاندا کرد و وتیشی، لایەنە عێراقییەکان خۆیان دان بەوەدا دەنێن کە بافڵ تاڵەبانی ڕێچکەی مام جەلالی گرتووەتەبەر بۆ چارەسەری کێشەکان.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ئێستادا 17 کورسی لە بەغدا هەیە و هەوڵیداوە خۆی وەک ئەو پارتە کوردییە نیشان بدات کە توانای دروستکردنی متمانەی لەگەڵ هاوتا عێراقییەکانیدا هەیە، بەتایبەتی لەسەر پرسی دارایی. دروشمی هەڵبژاردنی یەکێتی بریتییە لە: "دەنگی تۆین، سەنگی تۆین، هێزی تۆین لە بەغداد."
بانگەشەی هەڵبژاردن لە عێراق بە فەرمی لە 3ی تشرینی یەکەم دەستیپێکرد و تا 8ی تشرینی دووەم بەردەوام دەبێت. هێزە ئەمنییەکان و دەنگدەرانی تایبەت لە 9ی تشرینی دووەم دەنگەکانیان دەدەن، پاشان دەنگدانی گشتی لە 11ی تشرینی دووەم ئەنجام دەدرێت.