
پەرەگراف- هەكار مەحمود
ئەمە یەكەم سەردانی پاپایە بۆ دەرەوەی ڤاتیكان دوای بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا، هەروەها یەكەم سەردانی كەسایەتیی ئەو پێگەیەیە بۆ عێراق، بەڵام تەنها ئەو دوو هۆكارە سەردانەكە ناكەنە مێژوویی، بەڵكو هۆكاری دیكەش هەن كە ڕووداوەكە دەكاتە یەكێك لە گرنگترینەكان.
زۆر كەس پێشبینییان دەكرد پاپا سەردانەكەی هەڵبوەشێنێتەوە، بەتایبەت بەهۆی بڵاوبوونەوەی كۆرۆناو تەقینەوەكانی ئەم دواییەی عێراقو خۆپیشاندانەكانی زیقار كە چەندین قوربانیی لێكەوتەوە.
جگە لەوانە لەگەڵ نزیكبوونەوەی كاتی سەردانەكەی پاپا فرانسیس، میتجا لیسكۆڤار باڵیۆزی ڤاتیكان لە عێراق توشی ڤایرۆسی كۆرۆنابوو، ئەوەش زۆر كەس بە كێشەیان دەزانی، چونكە ڕێكخەری كاروباری سەردانەكە لە ڕووی دیبلۆماسی و لۆجستی و چەند لایەنێكی دیكەوە خودی باڵیۆزە.
هەموو ئەوانە سەردانەكەی دوانەخست، بەڵكو پاپا سوورە لەسەر ئەوەی بەیانیی ڕۆژی هەینی بچێتە فڕۆكەخانەی ڕۆماو بەرەو بەغداد بەڕێبكەوێت، لە ڕۆژانی دواتریش سەردانی نەجەف، سەهل، ئور، هەولێر، قەرەقوشو موسڵ بكات.
هۆكارەكانی سووربونی پاپا چییەو چی وادەكات سەردانەكە ببێتە مێژوویی، لەكاتێكدا چەندین وڵاتی دیكەی گرنگ و پێگەدیار هەن كە تائێستا پاپا سەردانی نەكردوون لەوانە؛ ڕوسیا و چین و چەند وڵاتێكی دیكە.
خەونێكی كۆنی ڤاتیكان
كاتێك پاپا فرانسیس پێدەخاتە خاكی عێراق، خەونێكی كۆنی پاپای پێشتر، یوحەننا پۆلسی دووەم بەدیدەهێنێت، كاتێك ساڵی 2000 پلانی سەردانێكی هاوشێوەی هەبوو بۆ شوێنە پیرۆزەكانی جیهان، بەئامانجی حەج كردن لەشوێنی لەدایكبونی پێغەمبەر ئیبراهیم لە شاری ئور لە عێراق.
ڕژێمی عێراق لەو كاتەدا ڕایگەیاند، توانای ڕێكخستنی سەردانەكەی پاپای نییە، بەهۆی ئەو ئابڵوقە ئابورییەی بەسەریدا سەپێندرابوو.
نیازی سەردانەكەی پاپا یوحەنا، هەرایەكی نایەوەو ئۆپۆزسیۆنی ئەو كاتەی عێراق نامەیەكیان بۆ نارد و داوایانكرد سەردانی وڵاتێك نەكات كە لەژێر حوكمی سیستمێكی دیكتاتۆریدایە.
دوای 20 ساڵ چەند كەسایەتییەكی كەنیسەكانی عێراق بیرۆكەكەیان زیندوو كردەوە، بەرهەم ساڵح سەرۆككۆمار بانگهێشت نامەیەكی فەرمی بۆ پاپای ئێستا نارد، بەوەش سەردانەكە سەریگرتو دوو ڕۆژی دیكە فڕۆكەكەی پاپا لە بەغداد دەنیشێتەوە.
نێردراوی ماندووەكان
لەو كاتەوەی پاپا لە ساڵی 2013 دەسەڵاتی گرتۆتە دەست، دەركەوتووە هەستیارییەكی زۆری بەرامبەر هەژاران و كەسانی ماندوو و پشتگوێخراو هەیە، ئەو لە ئەمریكای لاتین لەدایكبووەو لەسەر فەلسەفە و بیروباوەڕی ڕاهیبەی یەسوعە كە لەسەر بنەمای موژدەبەریی كاردەكات.
بیروباوەڕەكان بە كرداریی جێبەجێكردووە، بەتایبەت لەڕووی دانانی كەسایەتی لە ڕەگەزنامەی جیاواز، هەروەها سەردانەكانی بۆ ناوچەكانی دەرەوەی جوگرافیای كاسۆلیكی ئەوروپا، لەهەوڵی ئەوەشدایە بیسەلمێنێت كەنیسە لە سەردەمی ئەودا دامەزراوەیەكی كۆنی ئەوروپی نییە، بەڵكو دەیەوێت دیالۆگ لەگەڵ هەموو گەل و ئاینەكاندا بكات.
زۆر كەس وایدەبینن، پاپا بە سەردانكردنی عێراق هەنگاوێكی باش دەنێت بۆ ئەوەی خۆی وەك نێردراوی ماندووەكان جێگیر بكات، گرنگی بە بەهێزەكانی جیهان نادات، بەڵكو دەچێتە لای لاوازەكان، پەیامی هاوخەمی بۆ گەلە بریندارەكان دەنێرێت، بەتایبەت ئەوانەی جەنگ ماندووی كردوون.
پشتگیرییەكی مەعنەوی
مەسیحییەكانی عێراق بە كلدانی و ئاشوری و سریانییەوە، بە یەكێك لە كۆنترینەكان دادەنرێن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان، مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ هەزارەی یەكەم، بەڵام بۆ ماوەیەكی درێژ لە دۆخێكی ناخۆشدا ژیاون، ئەوەش وایكردووە بەشێكی زۆریان كۆچ بكەن، بەتایبەت دوای ساڵی 2003 كە كۆچی مەسیحییەكانی عێراق گەیشتە لوتكە، بەهاتنی داعش دۆخەكە خراپتربوو.
سەردانی كەسایەتییەك بە قەبارەی پاپای ڤاتیكان بۆ عێراق، پشتگیرییەكی مەعنەوی گەورەیە نەك تەنها بۆ مەسیحییەكان، بەڵكو بۆ كەمەنەتەوایەتییەكانی دیكەش.
پاپا تەنها كەسایەتییەكی ئاینی نییە، بەڵكو سەرۆكی وڵاتێكە، بۆیە سەردانەكە ڕەهەندی سیاسی هەیە، بەتایبەت بۆ جێگیری دۆخی مەسیحییەكانی عێراق لەسەر زەوی و ناوچەكانی خۆیان، تاوەكو پێگەیەكی گرنگ و دیاریان هەبێت لە كۆمەڵگەدا.
لەئێستادا پڕۆسەی ئاوەدانكردنەوە و بنیادنانەوەی كەنیسە دێرین و مێژووییەكان لە موسڵ و بەغداد و ناوچەكانی دیكە دەستی پێكردووە، بۆیە سەردانەكەی فرانسیس كاریگەری زیاتری دەبێت تاوەكو پشتگیری ماددی و لۆجستی زیاتر پێشكەش بكرێت.
دیداری پایەی مەسیحی لەگەڵ مەرجەعیەتی شیعەكان
پاپا لە سەردانەكەیدا چاویدەكەوێت بە عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكان لە نەجەف، ئەوەش دەبێتە یەكەم دیداری پاپا لەگەڵ مەرجەعیەتێكی شیعە لەو ئاستەدا، هەرچەندە پێشتر چەندین نامەگۆڕینەوە لەنێوان نەجەف و ڤاتیكاندا لەسەر چەند بابەتێك هەبووە.
پێشتریش لە مانگی شوباتی 2019 پاپا فرانسیس چاویكەوتووە بە ئەحمەد تەیب شێخی ئەزهەر، كە بە ئیمامی گەورەی سوننەكان دادەنرێت.
زەوی ئیبراهیم
وێنەی عێراق لە ڕاگەیاندنەكاندا بەستراوەتەوە بە شەڕ و ململانێ خوێناوییەكانەوە، بەڵام ئەو سەردانەی پاپا وەك بیرخستنەوەیەكی پێگەكەیەتی لە ڕووی شارستانی و ڕۆشنبیری و مرۆڤایەتییەوە، چونكە وڵاتی ڕافیدەین تەنها شوێنێك نەبووە بۆ داهێنانی زانستی و مرۆڤایەتی، بەڵكو یەكەم شوێنی گەشەكردنی بیرۆكەی ئاینە لە شارستانێتی كۆندا.
عێراق پێگەیەكی ڕەمزیی هەیە لای شوێنكەوتوانی ئاینە ئاسمانییەكان، چونكە بە شوێنی دروستبونی ئادەم و حەوا دەنرێت، هەروەها یەهودی و مەسیحی و موسڵمانانانی كۆك كردووە لەسەر چیرۆكەكانی بورجی بابل و پێغەمبەر یونس، هەروەها لەدایكبونی پێغەمبەر ئیبراهیم لە شاری ئور كە پاپا سەردانی دەكات.
پێغەمبەر ئیبراهیم لە جیهاندا كەسایەتییەكی تایبەتی هەیە، بەوپێیەی بە باوكی پەیامە ئاسمانییەكان دادەنرێت، بە سەرجەم جۆرەكانییەوە، بۆیە سەردانەكەی پاپا بۆ ئەو شوێنە لەچوارچێوەی هەوڵەكانیدایە بۆ كۆكردنەوە نەك دابەشكردن.
ژیاننامەی پاپا
ناوی خۆرخێ ماریۆ بێگۆلیۆ یە، 266هەمین پاپای كەنیسەی كاسۆلیكییە، لە 13ی ئازاری ساڵی 2013 دوای دەستلەكار كێشانەوەی پاپا بیندكتی شانزەهەم ئەو پلەیەی وەرگرتووە.
ساڵی 1936 لە بۆینس ئایرسی پایتەختی ئەرجەنتین لەدایكبووە، باوكی لە ئیتاڵیاوە كۆچی كردووە بۆ ئەو وڵاتە، بەڵام دایكی هەرچەندە بە ڕەچەڵەك ئیتاڵییەوە، بەڵام هەر لە ئەرجەنتین لەدایكبووە.
پاپا خوێندنی سەرەتایی لە بۆینس ئایرس خوێندووە، لە قۆناغی ئامادەیی چۆتە خوێندنی تایبەت بە تەكنیكی كیمیا و هەر لەو بوارەشدا ماستەری لە زانكۆی بۆینس ئایرس بەدەستهێناوە.
لەتەمەنی 21 ساڵیدا بڕیار دەدات بچێتە سلكی كەنیسەوە، ساڵی 1958 دەبێت بە ڕاهیبەی یەسوع، ساڵی 1969 مەدالیای كاهینی وەرگرتووە، دواتر بووە بە سەرۆكی ڕاهیبەی یەسوع لە ئەرجەنتین و تا ساڵی 1979 لەو پۆستەدا ماوەتەوە.
ساڵی 1992 پاپا یوحەننا پۆلسی دووەم دەیكاتە خاچ بەدەستی یاریدەدەر، پاشان دەبێتە سەرۆكی خانەی خاچ بەدەستەكان، ساڵی 2001 دەبێتە كاردیناڵ، لە 2005 دا دوای كۆچی دوایی پاپا یوحەننا، دووەم زۆرترین دەنگ بەدەست دەهێنێت بۆ شوێنگرتنەوەی، ساڵی 2013 دەبێتە پاپا و یەكەم كەسیش دەبێت بچێتە ئەو پۆستە كە خەڵكی ئەمریكای لاتینە و لە دەرەوەی ئەوروپا لەدایكبووە.