بەرەی گەل لە هەولێر گردبوونەوەی ئەنجام دا و داوای ئازادكردنی لاهوور شێخ جەنگی و هاوڕێكانی دەكات

18-10-2025 12:52

پەرەگراف- بەرەی گەل لەبەردەم نووسینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە شاری هەولێر گردبوونەوەی دژی ڕووداوەكەی 22ـی ئاب ئەنجام دا و داوای ئازادكردنی لاهوور شێخ جەنگی و هاوڕێكانی كرد. دەشڵێت "داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین ڕەشبگیری و ڕاوەدونانی ئەندام و لایەنگرانی بەرەی گەل بوەستێنن".

شادومان مەلا حەسەن، سەركردەی دیاری بەرەی گەل، بەیاننامەی حیزبەكەی لەبەردەم نەتەوەیەكگرتووەكان خوێندەوە كە تێیدا هاتووە "سەدان كەس لە زیندانەكانی كۆماندۆ و دژەتیرۆ و ئاسایشدان، سەدانی دیكە ئاوارەی هەولێر و كەركووك و دەرەوەی وڵات بوون، دەست بەسەر كەناڵی زوومدا گیراوە، ماڵی كاك لاهوور و هۆتێل لالەزار بە تەواوی وێران كراوە، لە دەرەوەی سلێمانیش چەندین باخ و ماڵ دەستیان بەسەردا گیراوە و تاڵان كراون، جگە لە بردنی گوژمەیەكی گەورەی پارەی یانەی نەورۆز".

بەرەی گەل داوایش لە وڵاتانی هاوپەیمان و حكومەتی فیدراڵ و دامەزراوەی دادوەریی هەرێمی كوردستان و حیزبەكانی دەرەوەی دەسەڵات دەكات كە "فشار بكەن بۆ ئەوەی هەموو هێزە چەكدارەكان بە كردار یەكبخرێن و لەدەست حیزبەكان دەربهێنرێن، نەوەك بۆ ململانێی حیزبی و دارایی بەكاریان بهێنن".

شادومان مەلا حەسەن بۆ ڕۆژنامەنووسان وتیشی "زۆرینەی هەڵسوڕاوانی بەرەی گەل لە سلێمانی دەستگیر كراون، ئەندامانمان فشاری زۆریان لەسەرە و ناوێرێن بانگەشە بكەن، ڕۆژانە بۆ ئاسایش و دژەتیرۆر بانگ دەكرێن، بۆیە زۆرترین بانگەشەی هەڵبژاردنمان بردووەتە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان".

سەبارەت بە ژمارەی كوژرا و بێسەروشوێنانی شەڕەكەی لالەزار، ئەو سەركردەی بەرەی گەل وتی "تا ئێستا ژمارەیان دیار یینە و بەشێكی كەسوكارەكانیان تا ئێستا سۆراغی كوڕەكانیان نازانن".