
پەرەگراف- یەكێتی لە سلێمانی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن و ناساندنی كاندیدەكانی دەست پێ كرد. بافڵ تاڵەبانی لەسەر دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت وتی "قەت حكومەتێك لە كوردستان دانامەزرێت، تاكوو دڵنیا نەبین ئەو حكومەتەیە كە هەڵەكانی دووبارە ناكاتەوە و دەرفەت بە ئێمەش دەدات كە خزمەتی ئێوە (خەڵك) بكەین".
لە وەڵامی ناڕاستەوخۆی مەسروور بارزانی كە لە هەڵمەتی بانگەشەی پارتیدا لە هەولێر وتی "پارتی لە كوردستان ڕكابەری نەماوە و لە بەغداد ململانێی دەكەن"، بافڵ تاڵەبانی وتی "گوێ لە كەس مەگرن. هیچ ڕكابەرێكی ترمان نییە و هەر خۆمانین".
"ئێمە نەیار و دوژمنمان نییە، بەڵام ڕكابەرێكی زۆر بەهیزمان هەیە كە هەر یەكێتییە. حیزبێكە شۆڕشی كرد، سەددامی ڕووخاند، كوردی ئازاد كرد، كوردی بە دنیا ناساند، دوو جار كەركووكی ڕزگار كرد، ئەلقاعیدەی ڕووخاند و داعشی كاول كرد"، بافڵ تاڵەبانی وای وت.
سەرۆكی یەكێتی كە بانگەشەی ئەوەی كرد پرۆژەیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە كوردستان و عێراقیش هەیە، وتی "جاری پێشوو دەنگەكانمان 93% زیادی كرد، بەڵام من ڕازی نیم، زیاترم دەوێ".