
پەرەگراف
عەلی باپیر، سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان، لە وتارێكدا لە هەڵمەتی بانگەشەی حیزبەكەی لە سلێمانی، جارێكی دیكە هەڵبژاردنی ساڵی ڕابردووی پەرلەمانی كوردستانی بە "دیزاینكراو" ناو برد و داوای لە هەموو لایەنەكان كرد كە پاڵپشتیی بۆچوونێكی ئەو بكەن بۆ دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنەكە.
عەلی باپیر وتی "پەرلەمانی كوردستان تا ئێستاش نەكەوتووەتە سەرپێ. با بەزووترین كات لەدوای ئەم هەڵبژاردنە، هەڵبژاردنێكی پاك و چاك، دوور لە دیزایین و دەستوەردانی وڵاتانی دیكە لە كوردستان ئەنجام بدرێتەوە".
سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری ڕەخنەی لە حیزبە دەسەڵاتدارەكان گرت و وتی "ئەوانەی ئێستا سەركردایەتیی سیاسیی كوردیان پێ دەوترێت، هەموومان پێكەوە بووین و وەكوو یەك بووین. ئێستاش ئێمە هەر وەكوو خەڵكی خۆمانین، بەڵام ئەوان سەریان گەیشتووەتە كەشكەلانی فەلەك".