ئەمینداری یەكگرتوو: بەدڵنیاییەوە دەستكاریی حكومڕانی لە ناوچەكە دەكرێت

18-10-2025 06:35

پەرەگراف

ئەمینداری گشتیی یەكگرتوو ڕایدەگەیەنێت "ئاڕاستەكان بەرەو ئەوە دەڕۆن، ئەگەر دەستكاریی شەخسەكانیش نەكرێت، بەدڵنیاییەوە دەستكاریی حكومڕانی لە ناوچەكە دەكرێت و بە ئەگەری زۆرەوە عێراقیش بەدەر نابێت لێی".

سەلاحەدین محەمەد بەهادین، ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی، لە هەڵمەتی بانگەشەی لیستی یەكگرتوو لە چەمچەماڵ، ئەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی عێراقیشی بە "دواهەوڵی بەرپرسانی عێراق بۆ خۆبەدوورگرتن لە كردەی سەربازی" ناو برد و وتی "زلهێزانی جیهان و ناوچەكەش چاوەڕوانی ئەنجامی هەڵبژدارن دەكەن".

ئەمینداری یەكگرتوو هێرشی كرد سەر یەكێتی و پارتی كە "بەو هەموو پۆستە باڵایانەوە لە بەغداد هەیان بووە، نەیان توانیوە كێشە سەرەكییەكانی میللەتەكەمان چارەسەر بكەن"، وتیشی "لەبەر ئەوەی هەر كەسێكیان ناردووەتە بەغداد، وەكوو میوان بووە و كاری بۆ پڕكردنی گیرفانی و بەرژەوەندیی حیزبی كردووە".