
پەرەگراف- هەكار مەحمود
دیدارەكەی پاپا فرانسیس و عەلی سیستانی كۆتایی هات، ئەو دیدارەی لە زۆر ڕووەوە بە گرنگ و مێژوویی ناودەبرێت، بەو پێیەی یەكەم كۆبونەوەی سەرۆكی كڵێسای كاسۆلیكی جیهانە لەگەڵ مەرجەعی باڵای شیعەكان، هاوكات كەم دەركەوتنی سیستانی و ڕازمەندنەبوونی بۆ چاوپێكەوتنو كۆبونەوە لەگەڵ بەرپرساندا، دیوێكی دیكەی بە گرنگ لە قەڵەمدانی دیدارەكەیە.
پاپا لەسەرداوای بەرهەم ساڵح سەرۆككۆماری عێراق سەردانەكەی كردووە، سەرچاوەیەك لە نوسینگەی بەرهەم ساڵح ئاشكرای دەكات، ئایەتوڵا عەلی سیستانی مەرجەعی شیعەكان مەرجێكی هەبووە بۆ ئەوەی چاوی بە پاپا بكەوێت و كۆبونەوەی لەگەڵ ئەنجام بدات، بەبێ جێبەجێكردنی ئەو مەرجەش دیدارەكە ڕێكنەدەخرا.
سیستانی كە لەئێستادا تەمەنی 90 ساڵە، زۆر بە دەگمەن دیدار و چاوپێكەوتن ئەنجام دەدات، تەنانەت چەند جارێكیش كۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی ئێستای عێراق و ئەوانەی پێشتر و وەزیرەكان و چەندین بەرپرسی دیكەی وڵات ڕەتكردۆتەوە، بەرپرسێكی نزیك لەو مەرجەعە باڵایە ئەو زانیارییانەی پشتڕاست كردۆتەوە.
ئاژانسی ڕۆیتەرز لەزاری سەرچاوەكەی نوسینگەی سەرۆكایەتی كۆمار دەڵێت "سیستانی ڕازیبووە پاپا فرانسیس ببینێت، بەو مەرجەی هیچ بەرپرسێكی عێراقی ئامادەی كۆبوونەوەكە نەبێت".
لە وێنەكانی دیداری ئەمڕۆی نێوان ئەو دوو گەورە كەسایەتییە ئاینییە كە بڵاوكراونەتەوە، دەركەوتووە جگە لە پاپا و سیستانی و چەند قەشەو وەرگێڕێك هیچ كەسێكی دیكە ئامادەیی نییە.
سیستانی بۆ ڕەتیدەكاتەوە بەرپرسە سیاسییەكانی عێراق ببینێت؟
مەرجەعیەت لە ساڵی 2010وە پێشوازیی لە هیچ بەرپرسێكی عێراقی نەكردووە، جگە لە حەیدەر عەبادی كاتێك لە سەرەتای دانانی وەك سەرۆكوەزیران لە ساڵی 2014 لەگەڵ سیستانی كۆبووەوە.
سەرچاوە نزیكەكان لە عەلی سیستانی باس لەوە دەكەن، مەرجەعی باڵای شیعەكان هەڵوێستی وەرگرتووە لەدژی دەزگا و فەرمانگە حكومییە عێراقییەكان، ئەوەش بەهۆی خراپیی ئەدای سیاسی حزبەكان، هەروەها زۆر توڕەیە لەوەی لەكاتی پێكهێنانی كابینەكانی پێشوودا بەقسەیان نەكردووە، چونكە پەیامێكی بۆ ناردبوون كە "ئەوەی تاقیكراوەتەوە جارێكی دیكە تاقیناكرێتەوە"، وەك ئاماژەیەك بۆ ئەو حزبانەی لە حكومەتەكانی پێشتردا شكستیان هێناوە كە جارێكی دیكە دەسەڵات نەگرنەوە دەست.
هۆكارێكی دیكەی ئامادەنەبونی سیستانی بۆ كۆبونەوە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق ئەوەیە، نایەوێت ناوی بچێتە ململانێ سیاسییەكانەوە، چونكە پێشتر بەشێكی ئەوانەی سەردانیان كردووە، كۆمەڵێك قسەیان لەزاری ئەوەوە گواستۆتەوە كە نەیوتووە.
بەیانییەكی جیاوازی نەجەف
بەیانیی زوو كاروانی ئۆتۆمبێلەكانی پاپا گەیشتە شاری نەجەف، بەدرێژایی ڕێگاكە تا كۆڵانی نزیك ماڵی سیستانی، كۆمەڵێك منداڵ بە ئاڵای عێراق و ڤاتیكانەوە بۆ پێشوازیی وەستابوون، دواتر پاپا لە ئۆتۆمبێلەكەی دابەزی و كۆمەڵێك كۆتر وەك پەیامی ئاشتیی لەبەردەمیدا ئازاد كران.
پاپا فرانسیس بەپێ و بە كۆڵانێكی تەنگ و تەسكدا بەرە و ماڵی سیستانی بەڕێكەوت، كە ماڵێكی بچوك و سادەیە و دەیان ساڵە بە كرێ تێیدا دەژی.
كاتژمێر نۆ كۆبونەوەی نێوانیان دەستی پێكرد، بەڵام چەند نهێنییەكی پشتی كۆبونەوەكەیان هەیە كە بە نادیاریی ماوەتەوە، بەو پێیە هیچ كەناڵێكی ڕاگەیاندن بۆی نەبووە ئامادەی كۆبونەوەكە بێت.
سیستانی بۆ پاپا هەڵدەسێتە سەرپێ
یەكێك لە كەسایەتییە ئاینییەكانی نەجەف كە نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێت بە ئاژانسی ئاسۆ شیەیتدپرێسی ڕاگەیاندووە "سیستانیلەبەر میوانەكانی هەڵناسێت ھەر كەسێك سەردانی بكات، بەڵام كاتێك پاپای لە دەرگاكەوە بینیوە بۆ پێشوازیی و سڵاوكردن هەستاوەتە سەرپێ، ئەوەش شەرەفێكی دەگمەنە".
پاپا و سیستانی لەسەر دوو كورسیی نزیك یەكتر و بێ بەستنی دەمامك دانیشتون، مێزێكی بچوك لەنێوانیاندا بووە كە تەنها پاكەتێك كلێنسی لەسەر دانراوە.
45 خولەك باسی چی كراوە؟
نوسینگەی ئایەتوڵا عەلی سیستانی و ڤاتیكان دوو بەیاننامەیان لەسەر دیدارەكە بڵاوكردۆتەوە كە 45 خولەكی خایاندووە، ناوەڕۆكی دوو بەیاننامەكە نزیكە لە یەكەوە.
بەیاننامەكەی نوسینگەی مەرجەعی شیعەكان باسلەوە دەكات، لە كۆبونەوەكەدا سیستانی جەختیكردۆتەوە لەسەر گرنگیدان بە دۆخی مەسیحییەكان تا وەك هاوڵاتیانی دیكەی عێراق بە ئاشتی و ئارامی بژین و بە مافە دەستورییەكانیان بگەن.
لەكۆبونەوەكەدا باس لە ڕۆڵی پیاوانی ئاینی و ڕۆحیی كراوە بۆ دانانی سنورێك بۆ دۆخی خراپی وڵاتانی عەرەبی.
بەپێی بەیاننامەكەی ڤاتیكان، پاپا سوپاسی سیستانی كردووە كە دەنگی بەرزكردۆتەوە لە بەرامبەر مافی كەسانی لاواز، جەختیشی كردۆتەوە لەسەر گرنگیی پێكەوە ژیان بە ئاشتی و برایەتی و وەستاندنی شەڕ.