
نووسینی: رێبوار کەریم وەلی
تا دێت، کاربەدەستانی پارتی و لە سەرووی هەموانەوە باوک و کوڕ، بە موناسەبە و بێ موناسەبە، باس لەوە دەکەن کە لە مەسەلەی پێکهێنانی کابینەی 10دا، بە هۆی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق، هەلومەرجێکی تازە هاتۆتە ئاراوە و چیتر پارتی ئامادە نییە ئەوەی پێش هەڵبژاردن دەیدا بە یەکێتی، ئێستا بیداتێ!
*
تەبعەن مەعلوم نییە لە چەمکی شەراکەتدا، چۆن پێدان و بەخشین جێگەی دەبێتەوە!؟
*
ئەم هەڵمەتەی پارتی کە لە بانگەشەی هەڵبژاردنەوە دەستی پێکرد، لەسەر بنەمای ئەوە بوو کە بە هێنانی ملیۆنێک دەنگ، لە لایەک کەمکردنی کورسییەکانی داپۆشێ و لە لایەکی دیکەشەوە گوشارێکی دەروونی بۆ سەر یەکێتی دروست بکات و، وا بکات یەکێتی مل بۆ پێکهێنانی حکومەت بدات.
*
ملیۆنەکە سودی نەبوو.
*
بۆیە پارتی بە تایبەتیش باوک و کوڕ، خەریکی سەرکێشییەکی نوێن. بۆ راکردن لە دوبارەکردنەوەی هەڵبژاردنەکان بە کڕین و فرۆش دەیانەوێ هەمان سیناریۆی 2018 دوبارە بکەنەوە، حکومەتی زۆرینە پێک بێنن و یەکێتی ئاوت بکەن، بەڵام ئایا ئەوەیان بۆ دەچێتە سەر؟
*
راستییەکەی، پارتی وا بە ئاسانی ناتوانێ ئەو سیناریۆیە دوبارە بکاتەوە؛ یەکێتیی ئێستا ئەو یەکێتییەی جاران نییە. ئەگەر دوو ئیدارەییش دروست نەبێ، ئاوا حوکمی کابینەی 10 هەرتا دێگەڵە دەبێ و بە دوور نازاندرێ کە یەکێتی ئیدارەی خۆی رابگەیەنێ و راستەوخۆ لەگەڵ بەغدادا رێک بکەوێ و، لەو حاڵەتەشدا، رێککەوتنەکانی هەولێر و بەغدادا، بە تایبەتیش لە مەسەلەی ناردنی موچەدا، ئاستەنگی بۆ دروست دەبێ و یەکێتی تەمویلی مانگانەی خۆی لە بەغدا دەستەبەر دەکات.
*
یەکێکی دیکە لەو کارتانەی یەکێتی غازی چەمچەماڵە کە ئەگەر قوفڵەکەی با بدەن، سەرۆکی کابینە دەبێ بچێ جارێکە دیگە دەرگای حیوار لەگەڵ موەلیدەکاندا بکاتەوە!
*
دەستبردن بۆ پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە لە لایەن پارتییەوە، ئەمجارەیان یاریکردنە بە ئاگر. ئەگەر ئەوە کردنەوەی دەرگایەک بێت بۆ پارتی، لە هەمانکاتدا، کردنەوەی سەد دەرگای ئەلتەرناتیڤ و تۆڵەستێنەرانەیە بۆ یەکێتی.