توركیا لە قەیرانی سیستەمی سەرۆكایەتیدا

16-01-2017 05:04

 

لە ئابی 2016 دا یەك دۆلار بەرامبەر بە 95.2 لیرەی توركی بوو. ئێستا، پاش پێنج مانگ، یەك دۆلار بەرامبەر بە 72.3 لیرەیە. ئەمە بەم واتایە دێت كە لیرەی توركی لە تەنگژەیەكی سەخت دایە، دیارە سیاسەتی پەیڕەوكراوی ئەنكەرە كە بۆتە مایەی تێوەگلانی توركیا لە شەڕ لەناو سوریا‌و لە ناوچە كوردنیشنەكانی باشور‌و باشوری رۆژهەڵاتی توركیا هۆیەكی سەرەكیی دابەزینی نرخی لیرەیە.


ئەنكەرە‌  وا تێگەیشتبوو دەتوانێ شەڕی شارۆچكەی باب لە ماوەیەكی پێوانەیی یەكلایی بكاتەوە. ئێستا تێگەیشتووە كە ئەم شەڕە درێژە دەكێشێ‌و ناشتوانێ پشت بە ئۆپۆزیسیۆنی چەكداری سوریا ببەستێ. تاكتیكی تازەی ئەوەیە كە زۆر بە چڕی، فڕۆكە بۆ بۆردومان كردنی باب بەكار بێنێ بەبێ گوێدانە كوژرانی ژمارەیەكی زۆری خەلكی سیڤیل لەو شارۆچكەیە. روانگەی مافی مرۆڤی سوریا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە، كە لە تشرینی دووەمی رابردوەوە 173 هاووڵاتی بەهۆی شەڕ‌و بۆردومانەوە لە باب كوژراون. ئەمەش ئەو ئەگەرە بەهێز دەكات كە باب وەك حەلەبی دووەمی لێ بێت. دژوارییەكانی بەردەم ئەنكەرە لە باب، لە 5 ی كانونی دووەمی ئەمساڵ ئەردۆغانی ناچار كرد هەڕەشە لە ئەمریكا بكا كە ئەگەر بە هانایەوە نەیەت، بنكەی ئاسمانیی ئینچەرلیك دادەخا. هەرچەند ئەمریكا هێشتا بەهانایەوە نەچووە، ئەنكەرە هێشتا بنكەكەی دانەخستووە.


سەرەڕای كێشە زۆر‌و زەوەندەكانی ئەنكەرە‌و سەرەڕای رەوشی خراپی باری ئاسایش لەناو وڵات، ئەردۆغان هەر سورە لەسەر درێژەدان بە هەوڵەكانی بۆ دامەزراندنی سیستەمی سەرۆكایەتی. لەم رووەوە هەندێ پێشكەوتن هەیە، چونكە مەهەپە بە سەرۆكایەتی دەوڵەت باخچەلی بەتەواوی بە لای ئاك پارتیدا دایشكاندووە‌و پشتگیریی هەوڵەكانی دەكا بۆ هێنانە كایەی سیستەمی سەرۆكایەتی. بەڵام شەڕەكەی ناو هۆڵی پەرلەمان لە كاتی دەنگدان لەسەر هەمواركردنەوەی دەستور، ئەو رایەی لەلای ئەردۆغان دروست كردووە كە تەنانەت ئەگەر ماددە هەمواركراوەكانیش تێپەڕێنرێن، چانسی ئەوەیان نابێ كە لە ڕاپرسیدا دەنگیان پێ بدرێ، ئەویش لەبەر دوو هۆ. یەكێكیان ئەوەیە كە بوونی مەهەپە بە پاشكۆی ئاك پارتی، كارێكی وا دەكات لانی كەم نیوەی زیاتری جەماوەری مەهەپە لە ڕقی هەڵوێستی ناپەسندی سەركردایەتیی حزبەكە دەنگ بە هەمواركردنەكە نەدات. دووەمیشیان ئەوەیە، كە هاوپەیمانیی مەهەپە‌و ئاك پارتی بۆتە مایەی سەغڵەت كردنی ئەندامە كوردەكانی ناو ئاك پارتی چونكە مەهەپە وەك حزبێكی ئانتی كورد هەڵسوكەوت دەكات و هەموو هاووڵاتییانی توركیا لە ڕوی نەژادەوە بە تورك دەزانێ. بۆیە چانسی ئەوەی كە لایەنگرە كوردەكانی ئاك پارتی دەنگ بە هەمواركردنەكە بدەن، چانسێكی زۆر كزە.


لەم هەلومەرجەی ئێستادا ئەردۆغان بیر لە هەڵبژاردنی پێشوەخت دەكاتەوە بەڵكو حزبەكەی بتوانێ زۆرینەیەكی رەها بەدەست بێنێ‌و پێویستی بەوە نەبێ كە هەمواركردنەوەی دەستور بخاتە راپرسییەوە بەڵكو لەناو پەرلەمان بە زۆرینەی پێویست تێی پەڕێنێ. وەك دەردەكەوێ، ئەردۆغان هێشتا لە هەنگاونان بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەخت دوودڵە، بەتایبەتی كە لەم رەوشە ئابورییە خراپەی توركیا‌و لەم بارە ئەمنییە مەترسیدارەی ناو شارەكان، شتێك هیچ گەرەنتیی ئەوە ناكات كە ئاك پارتی ئاكامی داواكراوی چنگ دەكەوێ.


ئەو كێشە سیاسییانەی كە ئەمڕۆ توركیا بەدەمیەوە دەناڵێنێ، بە پێچەوانەی پرۆپاگەندەكانی حزبی دەسەڵاتدارەوە، زادەی سیستەمی پەرلەمانی نین. پروپاگەندەی ئەوەی كە هەموو كێشەكانی توركیا دەم‌و دەست بە گۆڕینی سیستەم لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتی چارەسەر دەكرێن، لە درۆیەكی گەورە بەولاوە هیچی تر نییە. كەموكوڕی لە سیستەمی سیاسیدا نییە، بەڵكو لە سەركردایەتی دایە. شۆڕەسواری چاپوك ئەگەر ئەسپەكەشی لەڕ و لاواز بێ، هەر چاپوكە.

 

ئەم وتارە لەماڵپەڕی کوردستانی نوێ وەرگیراوە.