
1-2
گۆڕان سەرەتا بەهەڵە خوێندنەوەی بۆ مۆدێلی دەسەڵاتی سیاسی لە كوردستان كرد، بەڵام ئەم هەڵە زەقەش شانسی ئەوەی لێ زەوت نەكرد كە بەكەمترین تەمەن، زۆرترین متمانەی جەماوەر بەدەستبهێنێتو ڕۆڵی لە پڕۆسەی دیموكراسی لەناوەوەو دەرەوە بە نادیدە نەگیرێت، بەپێچەوانەوە گۆڕان سەرباری هەڵەو كەموكورتیەكانی تریشی، بەڵام بەگەورەترین جوڵەی سیاسی دیموكراتیانە حساب دەكرێت لەمێژووی كۆنو نوێدا، فراوانبوونەوەی شەڕگەكانیشی پەیوەست بوو بەسەرهەڵدانی ئەم مۆدێلە سیاسییە نوێیە، كەتا ڕادەیەكی زۆر تایبەتمەندی مۆدێلی سیاسیو حزبی سلێمانی بەسەرەوە زاڵ بوو.
تۆمەتباركردنی گۆڕان بەوەی لۆكاڵییەو لەسنوری سلێمانی ناتوانێت تێپەڕبێت، ئەوەندەی ڕەخنە بوو لەمۆدێلەكە، ئەوەندە پەیوەست نەبوو بەجەماوەرو پێگەی گۆڕانەوە لەشارەكانی تر، چونكە بەراورد بەپارتی كە لەڕووی تەمەنو ئیمكاناتەوە بەراورد ناكرێت بەگۆڕان، ڕێژەی دەنگدەرانی گۆڕان لەهەولێر لەژمارەی دەنگدەرانی پارتی لەسلێمانی زیاتر بوو، بۆیە كێشەكە زیاتر پەیوەست بوو بە مۆدێلی سیاسی سلێمانی نەك پێگەی جەماوەری گۆڕان.
گۆڕان وەك مۆدێلێكی سیاسی بزێو، لەقۆناغی یەكەمدا توانی پەیامەكەی بگەیەنێت، شكستیشی لەشەڕەكان مانای شكست نییە لە جەنگە گەورەكە، چونكە گۆڕان بەتەنها خاوەنی جەنگەكە نییە، غەدریش لەخۆیو كۆمەڵگاش دەكات ئەگەر لای وابێت، پرسی دادپەروەری، دیموكراتیزەكردنی دەسەڵات، حوكمی ڕەشید، شەفافیەتو بەرەوپێشچوونی كۆمەڵگە تەنها پەیوەستە بە بەرنامەو ئامانجی حزبو لایەنێكی دیاریكراو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا باشترە لەو هاوكێشەیە لەوەش بەئاگا بێت، شكستی ئەو لەم قۆناغەدا یەكسانە بەشكستی مۆدێلی سیاسی سلێمانی، واتە ئەو مۆدێلەی توانای هەڵوێستەو نا كردنی هەیە لەبەردەم پڕۆژە كلاسیكییە سیاسییەكاندا، دیارە ئەمەش دەبێتە هۆی دورخستنەوەی پڕۆسەی ڕیفۆرمخوازیو دروستبوونی كەشو هەوایەكی پڕ لە نائومێدی بەگۆڕانكاری.
نزیك بوونەوەی پارتیو یەكێتی، یان ڕاستتر بڵێین ڕێككەوتنی ئەو دوو هێزە لەسەر دورخستنەوەی گۆڕان لە بەشداری حكومەتو ئیدارە، ئەو قۆناغەیە كە چیتر بە یەكنەگەیشتنی پارتیو گۆڕان گوشاری خۆ یەكلاكردنەوە لەسەر یەكێتی دروست بكات تابەرەیەكیان هەڵبژێرێت، بەرەی پارتی یانی دەستبەرداربوون لە مۆدێلی سلێمانیو تەسلیمكردنەوەی سەروەری ئەو مۆدێلە بەتەواوەتی بەگۆڕان، ئەمەش شانسێكی تر ئەداتەوە بەگۆڕان تابگەڕێتەوە مەیدانە ئەسڵییەكەی خۆی كە ئەویش ناو جەماوەرە نەك رێكەوتنە حزبیو بەشدارییە ناكاراكانی لە حكومەتو وەزارەتەكان.
جاران گۆڕانەكان زۆر موعجیبی ئەو تێزەبوون كە هەموو حزبێك بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات تێدەكۆشێت، ئامادەنەبوونی گۆڕان لەڕووی نەبوونی مەتریالی پێویستو پەلەكردن لەدەستنیشانكردنی كاندیدەكانی بۆ پۆستەكان، وادەكات لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەكۆی 12 ئەندام 9 ئەندامیان پیشەیان مامۆستابێت، بۆیە گۆڕان لەهەردوو ڕوانگەوە بۆ بەشداریكرن، هەڵەیان كرد، بە كردەوەش ئەوەیان ئەزمون كرد، كە لەمۆدێلی هەرێمی كوردستان، دەسەڵاتی سیاسی راستەقینە نەلای حكومەتەو نەلای پەرلەمان، بۆیە باشترە پێش ئەوەی ئۆپۆزیسۆن لە ڕێگەی رێككەوتنی پارتیو یەكێتیەوە فەرزبكرێت بەسەریدا، باشترە چیدی نە شەڕ لەسەر ئەو پۆستانە بكات نە خۆی لەوەزیاتر لەچاوەڕوانی بێهودەدا ڕاگرێت، بەپێچەوانەوە ئەبێت بۆقۆناغی تازە، چیتر گرەو لەسەر بەدەستهێنانی كەنوە بەتاڵەكە نەكاتو بەئاسۆو جیهانبینی نوێوە بەرنامە بۆ ئامانجی جەنگە گەورەكە داڕێژێت، دیارە ئەمەش پێویستی بەپیاچوونەوەیەكی هەمەلایەنەیەو لەپێش هەرشتێكیشدا پیاچوونەوە لەناوخۆیدا مەرجی سەرەكی دەستپێكردنو تێگەیشتنە لەقۆناغە نوێكە.