
2-2
ڕەنگە ئەو بۆچوونە بۆ گۆڕان لە هەموولایەك ڕاستتر بێت، كە دەوترێت "بەرنامەی بێكارو كاری بێ بەرنامە سەركەوتوو نابێت"، گۆڕان قۆناغی ئۆپۆزیسۆن بوونی خاوەن بەرنامەی بێ كاربوو، قۆناغی بەشداری حكومەتیشی بەبێ بەرنامەبوو، بۆیە جوڵەی كادرەكانی زیاتر لە جوڵەو پەرچەكرداری تاك ئەچێت تاجوڵەی گروپێكی سیاسی خاوەن بەرنامە. سەرەتای دروستبونی بزووتنەوەی گۆڕان وابڕیار بوو جیاوازی نێوان ئەوانو هێزەكانی تر ئاسمانو ڕێسمان بێت، بەڵام لەماوەیەكی كەمدا ئەوەندەی بەئاڕاستەی كاڵ كردنەوەی جیاوازییەكان هەنگاونرا، ئەوەندە كار بۆ جێگیركردنو چەسپاندنی جیاوازییەكان نەكرا.
گۆڕان لە هەموو هێزەكانی تر بەهرەمەندتر بوو لە خوێنی تازەو ئەوكەسایەتیانەی كە خاوەن هەڵوێست بوونو ئیمتیازو پۆستی حزبەكانیان بەجێهێشتبوو، بەڵام بەو حاڵەشەوە گۆڕان تاڕادەیەك شكستی هێنا لەدروستكردنی كادرو سەركردەی نوێ، بەمەرجێك ئەزمونی جارانی كۆمەڵەی ڕەنجدەران لەشاخو یەكگرتوی ئیسلامی لەشارو پەیەدەش سێ ئەزمونی زیندوو بوون كە بەكەمتر لەتەمەنی گۆڕان توانرابوو سەركەوتوانە دنیایەك سەركردەو كادری باش پێبگەیەنرێت، بۆیە لەئاكامدا لەدەرەوەو ناوەوەی گۆڕانیش نەخۆشكەوتنی كاك نەوشیروان نەك هەر وەك نەخۆشكەوتنی بزووتنەوەكە دەردەكەوێتو دەبێتە خاڵی لاواز، بەڵكو ئایندەی بزووتنەوەكەشی پێوە بەند دەكرێت.
تێگەیشتنی پارتیو یەكێتی بۆ خراپیو مەترسی قۆناغەكە، سنوری پێدانو پێنەدانی موچە تێپەڕ ناكات، ئەوان بێئاگانو لەوەتێناگەن ئەوەی زیاتر خەڵكی ماندوكردوە غیابی ئومێدە بەئایندەو نەبوونی متمانەیە بەوان، چونكە لەچاویلكەی سیاسی ئەوانەوە كومەڵگە وەك مجەمعێكی بێ خواستو مەحكوم بەحوكمی هەتا هەتایی ئەوان سەیردەكرێت. كەڵەكە بوونی بێ متمانەییو بێ ئومێدی هاوڵاتیان بە ئیدارەو حكومەتو هێزەكان، پانتاییەكی فراوانی كاركردنی لەبەردەم گۆڕان بەكراوەیی هێشتۆتەوە، گۆڕانەكان بەحوكمی ئەوەی وەك زۆربەی ئەندامانی هێزە دەستڕۆیشتوەكان تێوەنەگلاون بە بەشداری گەندەڵیو نەبوونەتە خاوەن بەرژەوەندی تایبەت بەخۆیانو سیاسەتو بەرژەوەندی لێرە گاپێكی تێداماوە، لەهەموو كەس دەستكراوەترن بۆ هەرجوڵەیەك كە نزیك بێت لەخواستی جەماوەرەوە، ناكرێت وێنەی ئەوان هەر وەك بێ باكترین كەسانێك دەركەون بۆ دروستبوونی گۆڕانكاری، بەڵكو دەبێت بەشداربویەكی كاراش بن بۆ گۆڕانكاری، ئەمەش ئەوشانسەیە كە لەگۆڕان دەخوازێت خۆی سفربكاتەوە لە هەڵەكانی رابردوو تا بە بەرنامەیەكی نوێوە بۆ وەرزی دوای داعش خۆی ئامادەبكاتەوە.
لەدەرەوەی تێڕوانینی دەسەڵات بۆ كێشەو گرفتی سیاسیو ئابوریو كۆمەڵایەتی، كۆمەڵگا غەرقی بێ متمانەیی بووە بەهێزەكانو گوتاری سیاسی مەوجود، هەركەس بەشێوەیەك لێواو لێو بووە لەبێ ئاسۆیی بەئایندەو هەر هەنگاوێكیش لەچوار چێوەی پڕۆژە كۆنەكەی دەسەڵاتەوە بنێریت، مەحكومە بەشكستو هەموو ئەو فەنتازیای سیاسی و دبلۆماسییانەشی دەبینرێتو نمایش دەكرێن، جگەلەوەی بەسیناریۆیەكی شكستخواردو سەیردەكرێن، لەهەمانكاتیشدا بەدرۆو فێڵیكی سیاسی لەدژی خۆشیان دەیبیننەوە.
ئێستا گۆڕان لەبەردەم دوو كردەو دوو ئەگەردایە، یان ئەوەتا لەبەردەم ئەم واقیعە تاڵەدا بەكەمێك دەستكەوتی حزبی ڕازی بێتو تێكەڵ بێت بەپڕۆسەكەو پەلەبكات لە كاڵكردنەوەی جیاوازی نێوان خۆیو ئەواندا، یان ئەوەتا بە"پشووی شۆڕشگێڕییەوە" حوكمی زەمەن قبوڵ بكاتو خۆی ئامادەبكات بۆ بەدەستهێنانی پێویستیەكانی گۆڕینی واقیعو لەخۆ سفركردنەوەی هەڵەكانی ڕابردووش سڵ لەهیچ نەكاتەوە.