
ئەردۆگان لەدوای ئەوەی لە ساڵی 2014 بۆ یەكەمجار لە ڕێگەی هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆوە بووە سەرۆك كۆماری توركیا كە پێشتر سەرۆك كۆمار لەلایەن پەرلەمانەو هەڵدەبژێردرا لەو وڵاتە، ئەوە وەكو یەكەم هەنگاو لە ڕێگای گۆڕینی سیستمی حوكمڕانی لەو وڵاتەدا بوو.
ئەگەرچی ئەم یەكەم سەرۆك نیە لە توركیادا مەیل و ئارەزووی ئەوە بكات كە سیستمی حوكمڕانی ئەو وڵاتە بگۆڕێت وەكو سەرچاوەكان باسیدەكەن كە هەریەك لە تۆرگۆت ئۆزالو سلیمان دیمریل نیازو مەیلی ئەوەیان هەبووە، بەڵام كەسیان نەیانتوانی وەكو ئەردۆگان ئەم هێزو تواناو زەمینەی بۆ بسازێنن، ئێستا كە پارتی دادو گەشەپێدان لە توركیا لە دوای ئەوەی لە ساڵی 2002وە بە تەنیا حوكمڕانی توركیایەو بە كەڵك وەرگرتن لە هەندێك پێشووەچوونی ئابووری لە سەرەتاوە وا ئێستا لە پەرلەمانی توركیادا پڕۆژە یاسایان بۆ پێشكەشكردووەو سەرقاڵی گۆڕینی سیستمی حوكمڕانین بە پشتیوانی پارتی نەژادپەرستی بزوتنەوەی نەتەوەیی كە دەوڵەت باخچەلی سەرۆكایەتی دەكات.
سەرەڕای ناڕازیبوونی پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی وەكو پارتی كۆماری و هەدەپ وا ئەوان سەرگەرمی گۆڕانكاییەكاننو بە تەمان لەمانگی نیسانی داهاتوو ڕاپرسی گشتی لەسەربكەنو ئەگەر دەنگی پێویستی هێنا دەستووری توركیا بگۆڕنو ئەوكات ئەردۆگان دەتوانێت تا ساڵی 2029 سەرۆكی وڵات بێت.
پاساوەكانی ئەردۆگانو ئاك پارتی بۆ گۆڕینی سیستم
یەكێك لەو فاكتەرانەی كە ئەردۆگانو لایەنگرانی پێداگیری لەسەردەكەن بۆ گۆڕینی سیستم ئەو پێشووەچوونو سەقامگیرییە ئابوورییە بووە كە لە سەرەتاوە ئاكەپە بەدەستی هێنابوو بە كەمكردنەوەی گەندەڵیو نەمانی قەرز لەسەر توركیا كە بۆ درێژەدان بەم دۆخە سەرۆكێكی بەهێزی دەوێت بە دەسەڵاتی ڕەهاوە كە بتوانێت خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتی تورك دابین بكات وەكو خۆیان دەڵێن تورك!! وەكو نەتەوەی تر لەو وڵاتەدا نەبێت، بەمەش هەموو كۆسپو تەگەرەكان وەلادەنرێن لە ڕۆتیناتی كارگێڕیو بیرۆكراتی كە لە سیستمی پەرلەمانیدا هەن بەڕای ئەوان.
نیگەرانیەكان لەم هەنگاوە
لەبەرامبەردا هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان ترسو نیگەرانیی خۆیان نەشاردۆتەوە لەم هەنگاوەی ئاكەپەو ئەردۆگان بە تایبەتی پارتی كۆماریو هەدەپە كە ئێستا زۆرێك لە سەركردەو كادرو ئەندامانی فراكسیۆنەكەیان لە پەرلەمانی توركیاو هەڵسووڕاوەكانی بە بیانووی جیاجیا لە كونجی زیندان خزێنراون بە توندی دژ بەم پڕۆسەیەن لەبەرئەوەی ترسی ئەوەیان هەیە كۆكردنەوەی هەموو دەسەڵاتەكانی یاسادانانو جێبەجێكردن لە دەستی كەسێكو پارتێكدا ڕژێمێكی شمولیی دیكتاتۆری تر بهێنێتە ئاراوە كە ئێستا سەرەتاكانی لە ڕەفتارو كردارەكانی ئەردۆگاندا وەدەر كەوتووەو لە چەند مانگی ڕابردوودا توركیا كراوەتە زیندانێكی گەورە بۆ هەمو هێزە ئۆپۆزسیۆنو ئازدیخوازەكانی ئەو وڵاتەوە بە بیانووی جیاجیا چ كورد بە تاواوانی تیرۆرو جەماعەتی خزمەتی گویلەن بە تاوانی كودەتا.
بەڵێ ئەردۆگان لەم ڕێگەوە دەتوانێت بۆ ماوەیەكی دوورو درێژ لە سەرۆكایەتی توركیا بمێنێتەوە ئەمەش دوای ئەوەدێت كە ڕاپرسی لە سەر دەكرێت لە ساڵی 2019 دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە كە هەر خولێك پێنج ساڵەو بەو شێوە دەتوانێت تا ساڵی 2029 لە سەرۆكایەتی بمێنێتەوە كە ئەمەش ئەو تێڕوانینە پشتڕاستدەكاتەوە كە حزبە ئیسلامیەكان دیموكراسیو سندوقەكانی هەڵبژاردن بەكاردەهێنن تاوەكو دەگەنە دەسەڵاتو دواتر پشتگوێی دەخەن.
سەرەڕای ئەوانەش ڕشنووسی دەستوورە تازەكە مادەی 101ی دەستوور هەڵدەوەشێنێتەوە كە ڕێگا نادات سەرۆك كۆمار سەرۆكی پارتی سیاسی بێت بەمەش ئەردۆگان جارێكی تر سەرۆكایەتی ئەكەپە وەردەگرێتەوە.
هەروەها ئەم دەستوورە نوێییە دەسەڵاتی ئەوەدەدات بە سەرۆك كە بڕیاری هەڵوەشانەوەی پەرلەمانو ڕاگەیاندنی باری نائاساییو بڕیاری شەڕو ئاشتیو دامەزراندنی وەزیرو سەرۆكی زانكۆكان بدات، هەروەها دیارییكردنی نیوەی ئەندامانی هەردوو دادگای دەستووری باڵاو دادگای كارگێڕی باڵاو ئەنجوومەنی باڵای داد جگە لە داواكارە گشتیەكان كە نیوەكەی تری لەلایەن پەرلەمانەوە دیاری دەكرێت كە ئەوانیش ئاكەپە كە زۆرینەن تێیدا دیاری دەكەن.
میكانیزمی جێبەجێ كردن
گۆڕینی سیستم پێویستی بە 367 دەنگ هەیە لەكۆی 550 دەنگی پەرلەمانی توركیا كە ئەمەش بە تەنیا لەم خوولەدا بۆ ئاكەپە ناكرێت كە خاوەنی 317 كورسیە بە تەنها، بەڵكو پەنای بۆ پارتی نەژادپەرستی مەهەپە بردووە كە خاوەنی 39 كورسی پەرلەمانن بەم شێوە دەتوانن ئەو كۆسپە تێپەڕێننو پڕۆژەكەیان بخەنە ڕاپرسیەوە ئەگەر دەنگی لە سەدا پەنجای دەنگدەران بهێنێت دەبێتە دەستووری وڵات.
لەم كاتەشدا هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان هیچ ڕێگرییەكیان بۆناكرێت لە پەرلەماندا ئەگەر تواناكانیان بخەنەگەڕ كە گەل دەنگی پێ نەدات كە ئەوەش لەوەیە كارێكی ئاسان نەبێت بۆیان لەكاتێكدا سەركردەكانی هەدەپە كە هێزێكی چالاك وكاران لە زینداندان.