بەگوێرەی ئەو پێوەرەی فەیلەسوفی ناوداری گریك ئەفلاتون دایڕشتوە، بۆ پۆلێنكردنی سیستمو دەسەڵاتی سیاسی لەبەڕێوەبردنی دەوڵەتدا، دەسەڵات دابەش دەكرێت بەسەر پێنج جۆر سیستمدا، كە ئەوانیش (ئەرستۆقراتی، تیمۆكراتی، ئۆلیگارشی، دیموكراتی، داپڵۆسێنەر یاخود دیكتاتۆری)ن.
ئەفلاتون پێیوایە، دەسەڵاتەكان لەباشەوە بەرەو خراپو خراپتر هەنگاو دەنێن، كاتێك دەوڵەت دروست دەبێت، پێویستە لەلایەن تاكە كەس یان كەمینەیەكی ئەرستۆقراتییەوە بەڕێوەببرێت، كە فەیلەسوفەكاننو خاوەنی حیكمەو فەزیڵەتنو باشترین بژاردە بۆ بەڕێوەبردنی وڵات بەكاردەهێننو كار بۆ ئاشتیو پێكەوەژیانو باشكردنی گوزەرانی خەڵك دەكەن، دواتر ئەو سیستمە بەرەو تیمۆكراتی هەنگاو دەنێتو كۆمەڵێكی كەم لەسەركردەی سەربازی، بەناوی شۆڕشگێڕییو پاراستنی شكۆی دەوڵەتو سەركەوتنو قوربانیدانەوە، دەست بەسەر دەسەڵاتدا دەگرن، ئەو كەسانە گوێ لەخەڵكی دیكە ناگرنو پاوانی دەسەڵات دەكەن، ئیتر بەو هۆیەوە كە مەیدانەكە لەدەستی خۆیاندا دەبێت، بەرەو خۆدەوڵەمەندكردنو كۆكردنەوەی سامان هەنگاو دەنێن، دواتر كۆمەڵێك دەوڵەمەندو سەركردەی دیكە دەست بەسەر دەسەڵاتدا دەگرن، كە بەكەسانی ئۆلیگارشی ناوزەد دەكرێن، تەنها ئامانجیان كۆكردنەوەی سامانو داهاتەو هیچ ئاگایەكیان لەزۆرینەی كۆمەڵگە نامێنێت، وڵات بەرەو هەژاریی زیاتر دەچێتو تاكەكانی كۆمەڵگە بەدەست بێكارییەوە دەناڵێنن، ئیتر لەوێوە سەرەتاكانی شۆڕشو هەوڵدان بۆ گۆڕینی سیستمەكە دەستپێدەكات، تا دەگاتە ئەوەی جەماوەر رادەپەڕنو سیستمەكە دەگۆڕن بۆ سیستمێكی زۆرینەی دیموكراتی، بەڵام ئەوەش زۆر ناخایەنێتو وردە وردە بوار دروست دەبێت بۆ ئەوەی، كەسانێك كودەتا بكەنو كورسیی دەسەڵات قۆرخ بكەن، ئیتر ئەو دەسەڵاتە دەكەوێتە سەركوتكردنی خەڵكو بەرەو دیكتاتۆرییەت هەنگاو دەنێت.
دەمەوێت لەم دەروازەو پێوەرەی ئەفلاتونەوە دەسەڵاتی كوردی بپێوین، ئایا دەسەڵاتی كوردی دەسەڵاتێكی دیموكراتییە؟ ئەگەر وایە، ئەی كوا بنەماكانی دیموكراتییەتو شەفافیەتو ئاشتیی كۆمەڵایەتیو رەخساندنی بوارو هەل بۆ هەموان، ئەگەر دەسەڵاتی كوردی دیموكراتییە، ئەی چۆن بوار دەدرێت كۆمەڵێك خەڵك دامەزراوە یاساییەكانی وڵات پەكبخەنو یاسا سەروەر نەبێت، كەواتە بەهۆی كۆمەڵێك كێشەی گەورە دەگەینە ئەو ئەنجامەی، كە دەسەڵاتی كوردی لەناو بازنەی سیستمی دیموكراتیدا جێگەی نابێتەوە.
ئەی باشە دەكرێت ئەم دەسەڵاتەی ئێستای باشوری كوردستان، چ جۆرە دەسەڵاتێك بێت، دەسەڵاتێكی تیمۆكراتی، یاخود دیكتاتۆری، یان ئۆلیگارشیو دیكتاتۆری؟! ئەی سەركردەكانی كورد كامیان خاوەنی فكرو فەلسەفەو دیدگای فەلسەفینو بەحیكمەتو دانایی مامەڵە دەكەن؟ بێگومان لەسەر ئەو ئاستە دەسەڵاتی كورد ئەگەر لەخوار خاڵی سفرەوە نەبێت، ئەوا ناتوانێت سفر تێپەڕێنێت.
ئەگەر بەوردی سەرنجی تیۆرەكەی ئەفلاتون بدەین، دەگەینە ئەو ڕاستییەی، كە دەسەڵاتی كوردی، تێكەڵەیەكە لەدیكتاتۆریو تیمۆكراتیو ئۆلیگارشی، چونكە پاوانی دەسەڵات دەكرێتو پارتو لایەنە دەسەڵاتدارەكانو كەسە یەكەمەكانی حزبو پارتو لایەنەكان، واتە نوخبەی سیاسی، بوار بەكەسانی خوار خۆیانو كۆمەڵگە نادەن، بگەنە كورسیی دەسەڵات، بزانن هەر كەسێكیش دەبێتە مەترسی لەسەر كورسییەكانیان، هەزار سیناریۆی جۆراوجۆر ئامادەیە، بۆ ئەوەی دوور بخرێنەوە یاخود سارد بكرێنەوە، لەلایەكی تر ئەو كەسانەی كە پێشتر لەشاخ بوونو دژی دەسەڵات شۆڕشیان كردوە، ئێستا منەت بەسەر گەلدا دەكەنو نیشتمانپەروەرێتی بەخەڵك دەفرۆشنەوەو ئامادە نین، دەستبەرداری كورسییەكانیان ببن، (لەگەڵ رێزم بۆ هەندێك سەركردەی خەباتكار، كە ئەم هەڵسەنگاندنە رەنگە نەیانگرێتەوە)، هاوكات زۆرینەی هەرەزۆری سەركردەكانی ئێستا، بوونەتە سەرمایەدارو هەموو ئەو دروشمانەیان لەیاد كردوە، كە كاتی خۆی بانگەشەیان بۆ دەكردن، بوونەتە خاوەنی كۆمپانیاو بانكەكانی ناوەوەو دەرەوەی وڵاتیان پڕ كردوە لەسامانی میلەت، هەزاران دۆنم زەویی ئەم وڵاتەیان بۆ خۆیان پاوان كردوەو ئێستا كار گەیشتۆتە ركابەری لەسەر ئەوەی، كێ زۆرترین ملیار دۆلاری لەلایە.
گەل كە بەدەست نەبوونی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنێتو بێبەش كراوە لەبچوكترین مافە سەرەتاییەكانی ژیان، وەكو كارو شوێنی مانەوەو موچەو كارەباو ئاوو خۆراكی تەندروستو خزمەتگوزاریی تەندروستیو پەروەردەییو چەندین شتی دیكە، نەك هەر بەتەواوی لەبیر كراون، بەڵكو رۆژانەش لەرێی دانانی باجو خەراجەوە، بەردەوام سەركوت دەكرێنو كۆمەڵگە بەرەو هەڵدێر هەنگاو دەنێتو لەلایەن سەركردەكانەوە دەچەوسێنرێتەوە، بۆیە باشترین ناو كە بۆ ئەم دەسەڵاتەو سەركردەكان هەبێت لەم دۆخەدا، كە وەكو سیستمی ناویان لێ بنرێت، بێجگە لەدەسەڵاتێكی دیكتیمۆگارشی، لەژێر هیچ ناوێكی تردا جێگەی نابێتەوە، واتە بەرەو دیكتاتۆرییەت هەنگاو دەنێینو كۆمەڵێك كەس بەناوی شۆڕشگێڕییەوە دەیانەوێت وڵات بكەنە سەربازگە، لەهەمان كاتدا خەریكی كۆكردنەوەی ساماننو بێجگە لەپڕكردنی ژێرزەمینەكانیان، لەبیری هیچی تردا نین.