بزووتنەوەی گۆڕان بەهەڵە خوێندنەوەی بۆبەشداری حكومەت كرد و هەر بەوخەیاڵەشەوە بەشداری لەحكومەتێكی ئەزموون شكستخواردو كرد. گۆڕان لەسەرەتادا چەقی ڕەخنەو سەرنجەكانی لەسەر سیستمەكە بوو نەك كارەكتەرەكان، بەڵام لەكتوپڕێكدا ئەو تێڕوانینە گۆڕدرا بۆ ئەوەی وەزارەت وەرگرن نەك پۆستی وەزیر بەتەنها، ئەمەش ئەو خەیاڵەی بۆ دروستكردن كە بتوانن لەو شوێنانەی بەدەست ئەوانەوەیە نمونەیەكی سەركەوتوو نیشان بدەن و بەشداریكردنیان خاڵی جیاوازیان لەگەڵ ئەوانی تر تۆختربكاتەوە، بەڵام بەشداریكردنەكەیان پێچەوانەی خەیاڵ و ئاڕاستەكەیان بوو، تادەهات خاڵی ناوكۆیی و لەیەكچوونی زیاتریان بۆ دروست ئەبوو لەگەڵ ئەوانەی خۆیان ڕەخنەیان لەسەریان هەبوو.
گۆڕان پێش ئەوەی وەزیرەكانیان لە حكومەت دەربكرێن، پێش هەر شوێنێك، ناو ڕیزەكانی بزووتنەوەی گۆڕان پڕبوو لە گلەیی و گازەندە لەسەر بڕیاری چۆنیەتی بەشداریو لەسەر ئەدای كارەكتەرەكانیان. گۆڕان كاتێك زانی وەزیرەكان و پۆستەكانیان هیچ نییە جگە لەچەند برخویەكی بچووكی مەكینە گەورەكە، كاتێك زانی ئەم تۆڕی جاڵجاڵۆكەیە كە ناوی حكومەتە سەری داوەكەی بەدەست خۆیەوە نییە، ئەوكاتە تازە دەستی چووبوو بەزاخدا، دەشیزانی تازە نەبەگۆڕینی كەسەكان هەڵەكە پشتڕاستدەكرێتەوە نە بەپاشەكشەی یەكلایەنە، بۆیە گۆڕان لە دەرفەتێك ئەگەڕا بەزیانێكی كەمەوە لێی بێتە دەرەوە، كە دواتر پارتی بە ئینفیعالێكی سیاسی و بڕیارێكی نایاسایی گۆڕانی لەم ئەزمەیە قوتار كرد.
بڕیارەكەی پارتی بۆ پەكخستنی پەرلەمان و دورخستنەوەی وەزیرەكان خزمەتێكی گەورەی بە دۆخی گۆڕان كرد، فرسەتێكی باشیش بوو بۆ ئەوەی گۆڕان شانی خۆی خاڵی بكاتەوە لەو هەموو كەموكورتییەی كەئێستاو ئەوساش هەیبوو، بەپێچەوانەوە مانەوەی گۆڕان لەحكومەتدا تا ئێستا پرسیاری زۆرجدی تری لەسەر بزووتنەوەكەو سەركردەكانی دروست ئەكرد، بەپێچەوانەی بۆ چوونی هەندێك كەس كەلایان وایە پارتی لە ڕووی سیاسی و ئابورییەوە سودی لەو هەنگاوەی وەرگرتوە، چونكە ئەوكاتەو ئێستاش هەر پارتی خاوەن دواین بڕیاری چارەنوسساز بووە ئەوانی تر بەشدار بوون لەحكومەت نەك شەریك.
گۆڕان هەقە لەڕوویەكەوە سوپازگوزاری پارتی بێت، سوپاسگوزاری بێت كەبەم هەنگاوەی هەم باری خۆی قورستر كرد، هەم گۆڕانیشی لەچاڵێك هێنایە دەرەوە كەئەستەم بوو پێشبینی ئەوەبكرێت خۆیان بەئاسانی توانای ئەوەیان هەبێت وەك ئێستا بەكەمترین زیان لێی بێنە دەرەوە. تائێرە بەباش و خراپ پارتی كاری خۆیی دەرهەق بە گۆڕان كرد، ئەوەی كەماوەتەوە بڕیاری گۆڕانە كە چاو و بیریان بچێتە سەر جووڵەیەكی دی جگە لەگەڕانەوە بۆ ناوحكومەتێك كەبەشدارییان پێبكرێت نەك شەراكەت.