لە دادگاوە:
دەروازەی یەكەم :
لەناو كۆمەڵگاكانی مرۆڤایەتیدا دوو جۆرە كەسێتی دەردەكەونو دەبینرێن، ئەوانیش (كەسێتی بەهێز و كەسێتی لاوازە) . ئینجا ئەوانە لە نێوەندی خوێندەواردا بێت یان نەخوێندەوار جیاوازیەكی ئەوتۆیان نیە، چونكە كەسێتی خۆڕاگرو بەهێز بە خوێندەواری و نەخوێندەواری نیە.
ڕۆژانە بینیومانەو بە بەردەوامیش دەیبینین جۆرە كەسانێك هەن كە نەخوێندەواریشن، وەلێ خاوەن خۆیاننو كەسانی زۆر بەهێزن لەبەرئەوەی لە ناخو هەناوێكی توندو تۆڵو تۆكمەوە هەڵقوڵاونو كەسایەتییان لە بونیادگەراییەكی دروستی پڕ لە ڕەوشت و ئاكاری پەروەردەكراوی خێزانیەوە سەرچاوەی گرتوە، ئالەم كاتەشدا كەسانی تر هەن كە خوێندەواریشن ، بەڵام ناتوانن كەسێتییەكی تۆكمەو بەتوانامان نیشان بدەن .
ئەوەی ئەم دوو جۆرە كەسێتیە لەیەكتر جیادەكاتەوە، هەوڵدانە بۆ گەیشتن بە(بەرژەوەندی)، لێرەدا بەرژەوەندی بەدەستهێنان مەبەستم لێی (بەرژەوەندی گشتی) نیە، لەبەرئەوەی هەر كەسو تاكێكی ناو كۆمەڵگا هەوڵدانی خۆی بخاتە گەڕ بۆ پرسو مەبەستێك دواجار بەرژەوەندی گشتی لێ بكەوێتەوەو پێی بهێنێتەدی، ئەوا پێویستە ڕێز لەو هەنگاو و ویستە ڕەوایەی بگیرێتو لە چوارچێوەی ستایشو پێزانینی سەرجەم كۆمەڵگادا بخوێندرێتەوە. خۆ ئەگەر بێتو هەناسەكانی بە مەبەستی گەیشتن بە بەرژەوەندی تاكە كەسی بێت لەسەر بەشو شانی بەرژەوەندی گشتی بەوەلانانی مافی كەسانی تر و تێكڕای كۆمەڵگا، ئەوا دەبێتە مایەی سەرشۆڕیو هیچ شانازیەك نامێنێت بۆ ئەو كەسە، بەس لە هەموی گرنگتر ئەوەیە ئەو كەسەی خوێندەوارە زیاتر ئەم بارانە ڕەشەی بەسەردا دادەبارێت .
لەناو توێژی خوێندەواردا كار و كردەی خۆبەرە پێش بردن زیاتر بەدیدی دەكرێت بە گشتیو لەناو توێژی پارێزەران بە تایبەتی. ئەمە ئەو نەهامەتیەیە لەناو هەناوی كۆمەڵگادا پەخشو بڵاوە، لەبەرئەوەی هەر دەستكارییەك لەباری خراپەوە بۆ چاك، لەناهەمواری بەرەو هەمواربون، لە هەڵدێریو نشێوی بەرەو هەڵگەڕان بۆ بەرزایی، لەم توێژە چاوەڕوان دەكرێت، چونكە ئەم توێژە نەك تەنها لە كوردستان، بەڵكو لەم پەڕی گێتی تا ئەوپەڕی، لە هەردەم و كاتو شوێنێكیدا بەیداخ هەڵگری ئەم كارە پڕ شانازی و پرشنگدارە بون .
كەچی ئەم توێژە لە ئێستادا لە بچوكترین هەڵوێستە وەرگرتندا نابینرێت تا توانایەك ببەخشێتە سەرجەم تاكەكانی كۆمەڵگا و كاریگەری لەسەر توێژەكانی تر دابنێت، هۆی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ لاوازییان لەبەرامبەر بێ دەرەتانیو پاشخانە دواكەوتوەكەی خەڵكی كوردستان. ئەم توێژە ئەوەندەی سەرمەستی بە دەستهێنانی داهاتو دەوڵەمەند بونن ، تۆزقاڵێك لەمە سەرقاڵی ئەركی پیشەیی نینو كار بۆ ئاڕاستەكردنی كۆمەڵگا ناكەن . ئەمە نابێت ئەوەمان پێ لەیاد ببات كە پارێزەرانمان هەن تەواو هەڵگری دروشمی پارێزەرایەتینو سەنگی خۆیان لەدەست نەداوەو بە بارستایی خۆیان پیشەو ئەركو كاری ئەستۆیان لە شان ناوە ئەمەش مایەی سەربەرزییە بۆ خۆیانو كۆمەڵگاكەیان.
بەڵام لەبەرامبەردا ژمارەیەكی زۆر هەن هەمیشە خەریكی شكاندنی یەكترینو بە كاری خۆبەرە پێش بردن سەرقاڵن هەمو كارێك دەكەن تا مەرامێكی تایبەتی خۆیان بەدی بهێنن ئینجا هەرچیەك بێت، ئەمەش بە شێوەی جۆراوجۆر دەبینرێتو تەنانەت زۆربەی پارێزەران ئەم بابەتە باسو خواسیانەو بوەتە مشتومڕی ڕۆژانەیانو لە خوێنەر و بەندەش باشتر ئاگادارن، ئەمەش بە ئاشكراو نهێنی بەدیدەكرێتو دەبینرێت و دیمەنێكی زۆر ناشرین دەخاتەسەر تابلۆی بەدكاری پیشەیی پارێزەران .
باوەڕ ناكەم لە هیچ كۆمەڵگاو وڵاتێكی جیهاندا ئەم شێوازو دیاردەیە لەناو پارێزەراندا ببینرێت، تیایاندا هەیە هێندە ناحەزن ئەگەر هاوپیشەیەكیان كار لە پێناو دادپەروەری ڕاستەقینە بكات یان ڕێگا بگرێتەبەر بۆ گەیشتن بە چاكەی گشتی لەجیاتی ئەوەی دەست خۆشی لێ بكەنو هاوكاری بن دێن ڕەخنە بارانی دەكەن یان تۆمەتی بۆ دەبەخشنەوە یان هەوڵی ڕێگری لێكردنی دەدەن. ئەم دیاردەیە هەر بەمەوە نەوەستاوە، بەڵكو تەشەنەی سەندوە تا ئەو سنورەی هەندێكیان ئەوەندە خۆیان دەبەنە پێش بۆ كاربەدەست و دەست ڕۆیشتوانی ناو دادگاو هەندێك دادوەران كە گوێڕادێریان بۆ دەكەن كە بڕیار بەدەستنو كاری تەتەریان بۆ دەكەن بۆ هەموو جموجۆڵێكی هاوەڵانو هاوپیشەكانیان.
ئەمە چ شەرمەزارییەكە بۆ توێژێك ئەمە پیشەی بێت لەبری پیشە ڕاستەقینەكەی كە پارێزەرێتیە ، چونكە لە پێشودا وتومەو ئێستاكەش دەیڵێم (پارێزەر كاتێك دەبێتە پارێزەر بە هەموو مانایەك پێش هەموو شتێك بتوانێت پارێزەری خۆیو مافەكانی خۆی بێت دواتر ببێتە پارێزەری پیشەكەی، ئینجا هاوپیشەكانی دواجار لەم ڕێگایەوە دەتوانێت ببێتە بەرگریكار بۆ مافی خەڵكیو هاوڵاتیانو تەواوی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی) . ئەمە ئەو پێوەرەیە كە جیاكاری لە نێوان پارێزەری ڕاستەقینەو بەهێزو پارێزەری لاواز و بێ ئاست و كەسێتی ساختەو ڕوكەشكراو دروست دەكات .