لەگەڵ ئەوەی مافی هەر تاكێكی نێو كۆمەڵگایە پەنابەرێت بۆ سكاڵا كردن، لەڕێی دادگاكانەوە بۆ داكۆكیكردن لە خۆییو وەرگرتنی مافو ڕێگری لەزۆرداریو ستەم، بێگومان جێی خۆشحاڵیە وای دەبینن كە دادگا بوەتە هۆی مسۆگەركردنی دادپەروەریو یەكسانی بۆ هەمووان. هەڵبەتە پەنا بردن بۆیاساو تۆماركردنی سكاڵاو خۆ بەدوور گرتن لەتۆڵەسەندنەوە، خۆی لەخۆیدا ئاماژەیە بۆژیانێكی مۆدێرنو پێشاندانی ڕویەكی گەشی كۆمەڵگایەكی شارستانی لە هەرێمی كوردستان، بەڵام لەتەك هەموو ئەمانەشدا، كورد گوتەنی خوێش بە مەعنا!.
لەم هەرێمەی ئێمەدا سكاڵا تۆماركردن بووە بە باو و دیاردە، باوی دیالۆگو لێكتێگەیشتن نەماوە.! بۆ بچوكترین كێشە بنكەی پۆلیسی گەڕەك خۆو بگرەهاتم.. هەر لە سەرۆكی هەرێمەوە تا دەگاتە كارگوزارێكو بێكارێكو دەرۆزەكارێك، سكاڵایەك لای بنكەی پۆلیسی گەڕەكەكەی تۆماردەكات، ڕۆژنامەو گوڤارەكانیش وەك هەنگیان لەدار دۆزیبێتەوەو ئەوەی مەبەستیان بێتو سەرنج ڕاكێش بێت ماڵپەرەكانیانی پێ دەڕازێننەوە، سكاڵاكە شێدەكرێتەوەو بە هەوەسی خۆیان شرۆڤەی دەكەنو وردەكاریەكانی بە مانشێتی زلو قەبەو روژێنەر باس دەكرێن.
لە هەمویشی سەیرتر، زۆرجاری لەپڕ دادگاو ئاسایشو پۆلیس سكاڵاكەیان بەبیردا دێتەوەو دوای ماوەیەكی زۆر پێڕاگەیەندراوێك(تبلیغ) بۆ سكاڵا لەسەركراو دەنێرن، بۆئەوەی ئەگەر لەكاتی دیاریكراودا ئامادەنەبێت بەتایبەت ئەگەر ئاگادارنامەكە سزایی بێتو بەجۆرێك لەجۆرەكان كەسی تۆمەتبار نەتوانێت لەكاتی یاسایی خۆیدا ئامادەبێت، ئەوا هێزەكانی پۆلیس یان ئاسایش بەشێوەیەك هەڵدەكوتنەسەریو پەلاماری سكاڵا لەسەركراو دەدەن بێگومان(ئەوانەی بێ پشت وپەنان) كارێكی لێ بەسەر دێنن بابەدەواری شڕی نەكردبێت، مەگەر خێرخواو ویژدانی هەندێكیان بە هاواریەوە بێت، ئەگەرنا بەسەرو شان شكاندن دەربازی ببێت ئەوە كۆڵێ قازانجی كردووە! جارجاریش خێرەوەمەندێك دەكەوێتە نێوان سكاڵاكارو سكاڵا لەسەر كراو، لەئەنجامدا هێڵێكی ڕاستو چەپ بەسەر سكاڵاكاندادێننو زۆرجار هەر لەبنكەی پۆلیس دۆسێكە دادەخرێتو تەنها سەر ئێشەكەی بۆبرایانی بنكەكانی پۆلیسو ئاسایشو دادگا دەمێنێتەوە.!
بڕوانن... چۆن دامو دەزگاكانی حكومەتیان بە سكاڵای بێ ماناو بێ سەرو بەرەوە سەرقاڵكردووە! جاری واهەیە سكاڵاكان ئەوەندە زۆرن لەتواناو تاقەتی پۆلیسو ئاسایشو دادگای لێكۆڵینەوەدا نییە. خۆ ئەگەر جیاوازی نەكەن زۆرجار زەبروزەنگیش بەكاربێنن لەگەڵ هەندێكیاندا ناحەقیان ناگیرێت، چونكە لەهەندێكاتدا تۆمەتبارەكان بەچەك ڕوبەڕوی هێزە ئەمنیەكان دەبنەوە.
لەیاسای (اصول المحاكمات الجزائیە) ساڵی 1971 بەم شێوەیە پێناسەو باسی سكاڵای سزایی كردووەو دەڵێت: سكاڵای سزایی ... بریتیە لە داواكردنو گرتنەبەری ڕێوشوێنی سزایی لەبەرامبەر ئەنجامدەری تاوان بۆ ئەوەی محاكمە بكرێو سزا بدرێ، هەروەها جوڵاندنی داوا بە سكاڵا (شكوی) دەبێ بە شەفەیی یان نوسراوبێت، پاشان پێشكەش دەكرێ بە دادوەری دادگای لێكۆڵینەوە یان لێكۆڵەر(محقق) یان هەر لێپرسراوێك لە بنكەی پۆلیس، یان هەر ئەندامێكی( چبگی قچائی )یان بە هەواڵدان دەبێ بۆ داواكاری گشتی، هەروەها ئەو كەسەی كە بۆیهەیە داوا بجوڵێنی واتە هەركەسێك بزانێ تاوانێ ڕویداوە دەتوانێ هەواڵ بداتو داوای سزایی لەسەر بجوڵێنێ.
لەگەڵ ئەوەی كاری دادگای لێكۆڵینەوە بریتیە لە كۆكردنەوەی بەڵگە دەربارەی ئەو تاوانانەی كە لە سنووری تایبەتمەندیەكانی ئەو دادگایەدا ڕوو دەدەن، بەمەش دەردەكەوێت كە سروشتی دادگای لێكۆڵینەوە زیاتر لە دەزگایەك دەچێت، چونكە لەم دادگایە بڕیاری كۆتایی لەسەر كێشەكان نادرێت، دوای تەواوبوونی ڕێوشوێنەكانی لێكۆڵینەوە، هەر داوایەك بە گوێرەی ماددە یاساییەكەی، ڕەوانەی دادگای تایبەتمەند دەكرێت بۆ داداگایی كردنی تۆمەتبار، كەواتە كێشەكانو سكاڵاكان بەپێی تایبەتمەندێتی دۆسیەكان هەڵدەكشێت بۆ دادگاكانیتری نێودادگا.
لەسنووری پارێزگاكانی هەرێم چەندین دادگای لێكۆڵینەوەی لێیە، چەندین بنكەی پۆلیسی لێیە كە لەژێر سەرپەرشتی دادوەری لێكۆڵینەوە كاری لێكۆڵینەوە ئەنجام دەدەن، لەناو دادگاش لێكۆڵەر (محقق) هەیە.
سەدان نمونەی سەیروسەمەرەی سكاڵاكردن لە هەرێمەكەمانداڕۆژانە تۆماردەكرێنو بونیان هەیە، زۆربەیان لە میدیاكانەوە گوێ بیستیان دەبین وەك:
جارێك سەرۆك كۆمار سكاڵایی یاسایی تۆمار دەكات و جارێك سەرۆكی هەرێم، جارێك سەرنووسەری گۆڤارو ڕۆژنامەكانو جارێك خاوەن تەندەرینو جارێك مامۆستایەكی ئاینیو جارێك نەخۆش لەسەر پزیشك تەنانەت كێ بییەوێت؟ هەر كەسێك بیەوێت دەتوانێت باس لە سكاڵای یاسایی بكات، كە بووەتە بنێشتە خۆشەی زاری خەڵكی، بەڕاستی سەیرە ئەم هەموو سكاڵایانە تۆماردەكرێت هیچ كەسێكیش سزای تاوانبارە گەورەكان نابینێ!! كارەساتەكە لەوەدایە نەمانبینی پلەدارێك پیاو كوژێكی سەربەلایەنێكی سیاسی سەربەدەسەڵات، یا كادرێكی حزبی، فەرمانبەرێكی باڵا یاخود شارەدارێكی گەندەڵ، هەرهیچ نەبێت لەبەر ڕێزی دادگاو چەسپاندنی یاسا بە سزای خۆیان بگەنو تاوانبار سزابدرێتو ستەم لێكراو و خاوەن موڵكو ماڵەكانیش ئەو ئومێدەیان پێ ببەخشرێت كە لە كوردستان بەڵێ دادگا هەیەو یاسا لە سەروی هەموو هێزێكدایە.
سەرجەم چینو توێژەكان سكاڵا لەدژی یەكتر تۆماردەكەن، بەناوی سەروەری یاساو دیموكراسیەتەوە فەوزایەكیان خوڵقاندووە ئەمسەروو ئەوسەری دیار نیە.!!
ماوەتەوە بڵێین هەتا ئەوكاتەی هەیمەنەی حزب بوونی هەبێتو دەستێوەردان لەقەزادا بكرێتو یاسا وەك خۆی جێبەجێ نەكرێت، تۆماركردنی سكاڵا لە دادگاكاندا دژ بەتاوانبارانو دزو جەردەو مافیاكان هیچ مانایەكی ئەوتۆ نابەخشێت! جگەلەوەی دەبێتە مرەكەبی سەركاغەزو لاپەڕەی ڕۆژنامەكانی پێ دەڕازێنرێتەوە.