كەوتنە خوارەوە لە خەرەند لەپای نابینایی

25-02-2017 09:34

 

پاش تەواوبوونی جەنگی دوەمی جیهانی، وڵاتانی سەركەوتو‌و، لەپێشیانەوە بەریتانیا، خوازیاری ئەوەب‌وون كە هەروەك كۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی یەكەم، ئەڵمانیا بە تایبەتی، بخەنە ژێرباری سزایەكی دارایی گەورەوە، لەوكاتەدا جۆن ماینز كەینز ، ئابوری ناس، لە ئەنجومەنی لۆردات بۆ ماوەی 10 خولەك قسەیكرد، لەو گوتارە كورتەیدا توانی دەسەڵاتی بەریتانیا بهێنێتەسەر ئەو باوەڕەی كە سزای دارایی بۆ سەر ئەڵمانیا، ڕێگا بۆ هاتنی هیتلەرێكی نوێ خۆشدەكات، دروست، چینی ناوەند تێكدەشكێنێت‌و لە پەرچەكرداردا، چینی ناوەند دەبێتە دینەمۆی شەپۆلێكی نوێ بۆ سیاسەتێكی ئەڵمانی دژ بە ئەوروپا. ئەم 10 خولەكەی كەینز گوتاری ئابوری ناسێك بوو بۆ پیاوانێك لە خەمی دەوڵەتداریدا، كە مێژوی ئەوروپای بۆ لایەنی كەم زیاتر لە نیو سەدە گۆڕی.

 


ئەوەی لە كوردستان دەگوزەرێت، لە ڕێگای چارەكە موچەو خەفەكردنی بازاڕەوە، پڕۆسەی لێدانی چینی ناوەندە، پڕۆسەیەك كە چارەنووسی ئەگەری بەدیهاتنی دیموكراتی‌و سەقامگیری سیاسی‌و كۆمەڵایەتی دەخاتە بەردەم هەڕەشەیەكی جدی. ئەگەر چینی فەرمانبەرو خوار چینی ناوەند لە چاوەڕوانی مایەپوچیدان تا بەئاگابێنەوە ئەوا ئەگەری ئەوە هەیە چینی ناوەندی كوردی ئەمە زوتر زۆری بۆبهێنێت.

 

ئەگەرچی سەرمایە خواستی كۆبونەوەو چڕبونەوەی هەیە لای كەمترین سەرمایەدار ئەوا هاوكاتیش كاركردن بە پێچەوانەی ئاڕاستەی پەرشبونەوەی سەرمایەوە، كایەی سیاسی دەوروژێنێت. گەر ئەم هەنگاوە بە پلانەی دەسەڵاتی سیاسی بچێتە سەر بێ بەئاگا هاتنی چینی ناوەندو خاوەن سەرمایە مامناوەندی‌و بچكۆلەكان ئەوا داهاتووی دیموكراسی دەكەوێتە دەست ئۆلیگارش‌و كارتێلەكانی نەوت‌و گازو جگەرە. گەر توانیمان بە ئاڕاستەی ڕزگاركردنی چینی ناوەندو چینی زۆرینەی خواروو هەنگاوبنێین، سەرباری سەختی ڕێگاكە، ئومێدێك بۆ نەوەی نوێ دروستدەكەین‌و دەلاقەیەك دەكەینە پەرژینی دەستەبژێری سیاسی‌و ئابوری بۆ پێشوازی لە هەل‌و مەرجە سەرەتاییەكانی سیستمێكی سیاسی دیموكراتی.