كاتی خۆی شاندی كوردی بەسەرۆكایەتی مەسعود بارزانیو جەلال تاڵەبانی بۆ گفتوگۆكردن دەچنە بەغداو لەوێ چاویان بە تاریق عەزیز وەزیری دەرەوەی ئەوكاتی عێراق دەكەوێت، ئەو كەسایەتییەكی مەسیحی بووە، لەسەر پرسی كەركووك، تاریق عەزیز، نمونەیەكی خۆیان بۆ شاندەكە باس دەكاتو دەڵێت"كاتی خۆی ئیسلامییەكان هێرشیان كردەسەر ئەندەلوس(ئیسپانیای ئێستا)، ئێمە بۆ ماوەی 800 ساڵ بۆ ئەو وڵاتە گریاین، هیوادارین ئێوەش بۆ كەركووك نەگرین."
قسەكانی تاریق عەزیز، وەك ئەوە بوو كە كورد چاوی بەكەركوك ناكەوێت، دەبێت چۆن وەك ئەوان بۆ ئەندەلوس گریان ئەواش كورد بۆ كەركووك بگری، هەڵبەتە ئەوكات (بارزانی و تاڵەبانی) وەڵامی خۆیان هەبووە، بەڵام بۆ بیرهێنانەوەیەكی قسەكانی تاریق عزیز، لەهەمووكات زیاتر ئێستا دەبێت خەڵكی كوردستان لە مەترسی تێكدانی ئارامیی كەركوك بترسن، هەوڵەكانی نوری مالیكی جێگری سەرۆك كۆماری عێراق، بۆ دروستكردنی حەشدی شەعبی بەردەوامی هەیە، بەناوی پاراستنی سەروەری شیعە، دەستیان داوەتە كڕینی مەزاری كاكەییەكان و ناو نوسینی خەڵكی بۆ ناوڕیزەكانی حەشدی شەعبی، هەوڵی جێگیركردنی لیوایەكی حەشد لەشارەكە دەدرێت، لەولاشەوە مەترسی داعش لەسەر كەركوك بەردەوامیی هەیە، لەوە دەچێت دەیان پیلانی دیكە وەك پیلانی هێرشەكەی رابردووی داعش بۆسەر شارەكە دانرابێت، ناكرێت هێشتا پێمانوابێت ئەم شارە لە مەترسی دەرچووە.
لەوەدەچێت هێشتا عەقڵیەتی شۆڤێنیو عەرەبی شۆڤێنی لەو بیركردنەوانەی تاریق عەزیز بسوڕێنەوە كە پێیانوایە سەردەمی باسكردنی كەركوك بەسەرچووە، پێش هەموو لایەنێك دەبێت لایەنە كوردییەكان ئەو مەترسییە تێپەڕێنن كە ئێستا خەریكە لەخشتەیان دەبات، لەوەدەچێت یەكێك لە ئاماژەكانی قسەكانی تاریق عەزیز، ئێستا سەرهەڵبدات و ئێمە بەخۆمان نەزانین، چەند ڕۆژی ڕابردوو حكوومەتی عێراق، بەبێ ئاگاداری هەرێمی كوردستان، لەگەڵ تاران لێكتێگەیشتنی كردووە بۆ هەناردەكردنی نەوتی شارەكە بۆ ئێران، گەورەترین مەترسی لەم پڕۆسەیەدا ئەوەیە كە ئێستا هەرێمی كوردستان بەرەو سەربەخۆیی دەچێتو هەنگاوەكان نزیكن لەسەربەخۆییەوە، بۆیە پیلانێك هەیە، دەیانەوێت كەركوك لە كوردستان دابماڵن، رێككەوتنێك بكرێت، كەركوك لە كوردستان دەربهێننو رێككەوتنێك بكرێت لە دەرەوەی ئیدارەی كوردستان بۆ ئەوەی بڵێن ئیدارەی كەركوك لە دەرەوەی كوردستانەو كەركوك بكرێتە پڕۆژەی سەربەخۆ لە پارێزگاكانی دیكە جیاواز بێت، گوایە تایبەتمەندی دەدرێتێ، بۆیە گرنگە سەركردایەتی كوردستان لەم مەترسییە ئاگادار بێت، ئێستا زیاتر لە جاران دەبێت ڕووبكرێتە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە نەكەونە ژێرباری هیچ رێككەوتنێكەوە كە دواجار كەركوك لەدەست دەربچێت، چونكە یەكێتی لە سنوری كەركوك نزیكەی هەزار شەهیدی پێشمەرگەی هەبووە، لەهەمانكاتدا هەوڵێكی زۆرهەیە بۆئەوەی لایەنە كوردییەكان ڕازی بكەن بۆئەوەی ڕەزامەندبن بۆ كشانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ پێش هاتنی داعش، كە سەرجەم ئەم پیلانانە ئەو قسانەی (تاریق عەزیز)مان بیردەهێنێتەوە كاتێك دەڵێت"دەبێت بۆ كەركوك بگرین" دەبێت هێزو لایەنە سیاسییەكان باش لەوەتێبگەن كە ئەوەندە شاری كەركوك بەئامانج گیراوە تا ئەوكاتەی بكرێتە برینێك لەسەر جەستەی خەڵكی كوردستان.
لەوە دەچێت قسەكانی تاریق عەزیز، لەكاتی خۆیدا رەهەندی دیكەشی هەبووبێت، بەس ئێستا دەركەوتەكانی دەردەكەوێت، یەكێك لەو رەهەندە مەترسیدارانەی لەسەر شارەكە هەیە جۆرێك لە جموجۆلی سیاسی هەیە بۆ دروستكردنی هاوپەیمانی (سوننەو مالیكیو كوردو شیعە)، نییەتی ئەم هاوپەیمانییە لەوەدەچێت لەوەدابێت كە كاتێك باس لە ڕیفراندۆمی ئەو ناوچانە دەكرێت ئەمە وەك ئەڵتەرناتیڤێك بەكاربهێنرێت بەوەی دەنگ بدرێت لەدژی ڕیفراندۆم، چونكە راستییەك هەیە لەماوەی رابردوو ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتی عەرەبی خوارو و ناوەڕاستی عێراق لە كەركوك جێگیركراونو بەشێكی زۆریان لەسەردەمی ڕژێمی سەدام هەناردە كراون بۆ شارەكە. سەرجەم ئامانجەكان لەو پێناوە بووە كە كەركوك بكرێتە قوربانیوپێكهاتەی كوردی تێدا كەمبكرێتەوە.
گرەوی كۆتایی ئەوەیە كە ئایا كورد قسەی تاریق عەزیز بەجێ دەهێنێتو تاماوە بۆ كەركووك دەگریت؟ یان خوێنی داوەو دەستبەرداری نابێت.