وتەیەك بۆ 8ی مارس

05-03-2017 04:34

 


8ی مارس كە بە ڕۆژی جیهانی ژنان دەناسرێتەوە، بۆ وەبیرهێنانەوەی ئەو خەبات‌و قوربانیەیە كە ژنانی ئازاو بوێر لەبەرامبەر خواستەكانی خۆیان پێشكەشیان كردوە. تێكۆشان بۆ بە دەستهێنانی مافی یەكسانی لە ژیان‌و ڕەخساندنی دەرفەتی هاوتا، بەشێك لەو مێژووە پێكدەهێنێت كە نەك تەنها بۆ ژنان بۆ تەواوی مرۆڤایەتی جێگەی شانازییە.

 

8ی مارس ڕۆژی ڕێزگرتنە لە مێژوویەكی پرشنگداری خەباتی ملیۆنان ژن‌و پیاوی ئازادیخواز، چونكە چیدی خەباتی ژنان بۆ ئازادی لەمڕۆدا بە تەنها خواستی ژنان نیە، بەڵكو ئەم خواستە بابەتی هەموو ئازادیخوازانەو هاوتا بوتەوە بۆ ڕزگاری مرۆڤایەتی لەبیری كۆنەپارێزی‌و پیاوسالاری.



ئەمڕۆ سەرەڕای هەموو ئەو پێشكەوتنانەی كە مرڤایەتی بە دەستی هێناوەو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە گەشەو پەرەسەندندایە، بەڵام دەبینین هەتا ئیستاش نابەرابەری‌و هەڵاواردن ماوەو ژنان بە بیانووی جۆراوجۆر هەم مافەكانیان پێشێلدەكرێ‌ هەم بەربەستەكانی بەردەمیان لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا بوونی بەهێزی هەیە. دیارە گرەنتی سەركەوتن‌و گەیشتن بە ئامانجەكان پەیوەستە بەوشیاری سیاسیی‌و كۆمەڵایەتی ژنان خۆیانەوە، هێزو ئیرادەو توانای ژنان زامنی چوونە پێشەوەی خەباتی ژنانەو هەر ئەوەشە ڕێگرە لەوەی كە چیدی ژنان وەك كاڵاو دەستكەوتی جەنگەكان مامەڵەیان پێوەنەكرێت‌و لەسەر ئاستی كۆمەڵایەتیش بەگرنگییەوە ڕەچاوی خواستەكانیان بكرێت.

 

خەبات بۆ ئازادیی ژنان لە ناوەڕۆكدا ڕاوەستانەوەیە لەبەرامبەر دنیابینی كۆن‌و پاشماوەكانی بیری سەدەكانی ناوەڕاست، بۆیە لەهەر شوێنێكی دنیا گەر بەراوردی خەباتی ژنان بكرێت بە ڕێژەی كاریگەرییەكانی ڕێكخراوەكانی ژنان ئەوا ناهەقی بە ڕەوایەتی‌و فراوانیی بزوتنەوەی ژنان دەكرێت، چونكە لەدەرەوەی ئەو ڕێكخراو و گروپانە، ناڕەزایەتییەكی بەردەوامی فراوانی كۆمەڵایەتی ژنان هەیە لە شوێنی كارو ژیانیان‌و میدیاو دەزگا پەیوەندیدارەكانی تر وەك پێویست تیشكیان نەخستۆتە سەر.

 

لەكوردستان هاتنە پێشەوەی فراوانی ژنان لە بەشداری ڕاستەوخۆ لە دنیای سیاسەت‌و داكۆكی لەمافەكانیان، لەحاڵەتەوە بوەتە دیاردە، لەیەك دووساڵی ڕابردوو ژنانی كۆبانی‌و‌ بەشداری ژنانی باكور و شەنگال، نمونەیەكی زیندوی ئەو گۆڕانكارییە جۆرایەتییەن كە جیهانیان سەرسام كردوەو لەپاڵ خواستی ژنانەی خۆیان كاریگەری گەورەشیان دروستكردوە لەسەر پرسەكانی تر، ئەمە لەگەڵ ئەوەی ئەمساڵیش لەكاتێكدا ئەم یادە پیرۆزدەكرێت، كە هێشتا هەزاران كچ‌و ژنی ئێزدی لەدەستی داعشدا ماونەتەوەو چارەنوسیان دیار نییە، ئەوانەشی كە ڕزگاریان بوە لە بارودۆخێكی نالەباردان.

 

ئێمە لەڕێكخراوی ئاسودە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لەسەر ژنان، وێڕای پیرۆزبایمان لە تەواوی ژنانی جیهان‌و كوردستان، خۆشمان بە بەشێك لەو كاروانی خەباتە دەزانین و بەشێك دەبین لەو هەوڵانەی بەئاڕاستەی یەكسانی نێوان ژن‌و پیاو لەڕووی یاسایی‌و كۆمەڵایەتییەوە هەنگاو هەڵدەگرێت‌و خوازیاری نەهێشتنی بیری كۆنە پارێزیی‌و بەدیهێنانی ژیانێكی باشترە بۆ ژنان و كچان لەكۆمەڵگەدا.