گەشتێک بۆ باشوری ئەمەریکا لەنێوان ئازارو ئومێددا

13-03-2017 08:21

 

لەگەڵ کۆمەڵێک لەخوێندکارانی زانکۆی EMU لەویلایەتی ڤێرجینیای ئەمەریکا بەڕێکەوتین بۆ ئەنجامدانی گەشتێکی یەک هەفتەیی بۆ باشوری ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، بۆ شوێن پێهەڵگرتنی بزوتنەوەی مافە مەدەنییەکان لەساڵانی رابردوودا.

 

ئەنجامدانی گەشتێکی لەم جۆرە چەندێک بەسەربردنی کاتێکی خۆشە، هێندەیش کێشانی ئازارو دڵگوشرانی لەگەڵدایە بۆ ئەو توندوتیژیانەی لەمێژودا هەبون لەسەر شتگەلێکی زۆر بێنرخ، لەکۆتایشدا ئەم جۆرە گەشتانە پڕیەتی لەئومێدو ئیلهامی تێپەڕاندنی جیاوازی چینایەتی.

 

گەشتەکەمان ماوەی 8 ڕۆژی خایاند، کە لەویلایەتی ڤێرجینیاوە دەستی پێکرد بەرەو جۆرجیا‌و لەویلایەتی ئەلەباما کۆتایی پێهات.

 

ڕۆژی یەکەم:

شاری ئەتڵەنتای پایتەختی جۆرجیا، ئەو شارەیە کە مارتن لوسەر کینگ لێی لەدایک بوەو گەورەبوە، پاشانیش مەزارگەی کۆتاییشی هەر لەم شارەیە.

 

ڕۆژانی یەکشەممان، ڕۆژانی چونە بۆ کڵێسا لەلای دیندارەکانی ئەم وڵاتەوە، ئێمەیش بۆ شوێنپێهەڵگرتنی ئەو کڵێسەیەی کە مارتن لوسەر کینگی باوک ئامۆژگار بوە تێیداو کاریگەری لەسەر مارتن لوسەر کینگ هەبوە، سەردانی ئەو کڵێسەیەمان کرد بەناوی ئێبینیزەر کە سەر بەکڵێسەی باپتیستی مەسیحییەکانە.

 

لەناو ئاپۆڕایەکی ئێجگاری زۆری ئامادەبواندا، قەشەی کڵێسەکە باسی چەسپاندنی دادپەروەری کرد بەکاریگەریی ئاینەکان، پاشان وەک نەریتی هەر کڵێسەیەکیتر پیانۆیەکی شیرین لەگەڵ دەنگێکی ئێجگار جوانی شاخاوی گۆرانی بۆ ئازادی‌و دادپەروەری دەچڕی، بەچەپڵەی بەردەوامی ئامادەبوان کۆتایی بەپەرستشی ڕۆژی یەکشەمە هێنرا.

 

ئەوەی جێگای سەرنجە لەدیوی پشتەوەی دەرگای کڵێسەکە پەیکەرێکی گەورەی مەهاتما غاندی دانراوە، کە کاریگەری گەورەی لەسەر مارتن لوسەر کینگ هەبوەو ئیلهام بەخشی شۆڕشی مافە مەدەنییەکانی ئەم وڵاتەبوە.

 


یادەوەریی مارتن لۆسەر کینگ، رابەری شۆڕشی بزوتنەوەی مافە مەدەنییەکانی ئەمەریکا

 

لەچەند کۆڵانێک لەپشتی کڵێسەکەوە ماڵێکی قەبارە مامناوەند هەیە کە مناڵێکی ڕەش پێست لەو ماڵەدا لەدایک دەبێت‌و مێژوی ویلایەتە یەکگرتوەکان دەگۆڕێت، کۆتاییەک دادەنێت بۆ جیاوازی چینایەتی لەسەر بنەمای ڕەنگی پێست.

 

ئەو مناڵە مارتن لوسەر کینگە و 15/1/1929 لەدایک بوە لەخێزانێکی ڕوناکبیرو دینداردا. هەر لەسەرەتایەکی زوی لاوێتییەوە دەکەوێتە ژێر کاریگەری مەهاتما غاندی‌و بزوتنەوە ناتوندوتیژییەکانی هیندستان، هەر بەو ئومێدەوە سەردانی هیندستان دەکات‌و لەکاتی گەڕانەوەیدا بەکردەوە ئەمە دەچەستپێنێت لەویلایەتە یەکگرتوەکاندا.

 

کینگ، وەک مۆجیزەیەک بەتەمەنێکی کەمەوە ڕابەڕایەتی شۆڕشێک دەکات کە کۆتایی بەسەدان ساڵی کۆیلایەتی‌و جیاوازی ڕەگەزی دەهێنێت لەلایەن سپی پێستەکانی ئەم وڵاتەوە. ئەم کەسایەتییە خاوەنی ئیلهامێکی مەزن بو بۆ گۆڕانکاری سیستمی چینایەتی وڵات لەڕێی ناتوندوتیژییەوە، ڕوناکییەکی گەورە بو بۆ ملیۆنان هاوڵاتی ڕەشپێست.

 

 

کەمێک لەدوری کڵێسەکەوە چوین بۆ سەردانی سەنتەری مارتن لوسەر کینگ بۆ ناتوندوتیژی‌و چەسپاندنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی، سەنتەرەکە حەوشەیەکی کراوەیەو مەزارگەی ئەو کەسایەتییەی لێیە کە لەتەمەنی 39 ساڵیدا تیرۆر دەکرێت.

 


پەیکەری مەهاتما غاندی لەناو کڵێسەکەدا

 

مەزارگەکە خراوەتە ناو حەوزێک ئاوەوە، چواردەوری حەوشەکە ڕازێنراوەتەوە بەوێنەی ڕۆژانی شۆڕشی مافە مەدەنییەکان‌و چەندین وێنەی کاریگەری تێدایە، کە هەم ئازارت دەدەن هەم پڕیشت دەکەن لەئومێد. ئازارت دەدەن بەوەی هەموو سوچێکی مێژو پڕیەتی لەئەشکەنجەو ئازاردانی مرۆڤەکان، بەدروستکردنی جیاوازی ڕەگەزی‌و ئاینی، بەڵام ئەوەی جێگای تێڕامانە لەمێژوی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکادا جیاوازییەکی گەورەتر هەبوە لەو جیاوازیانەی سەرەوە، کە ئەویش جیاوازی لەسەر بنەمای ڕەنگی پێست.


هەندێک لەگرنگترین جیاوازییەکان:

  • تەوالێتی ڕەش پێست جیاوازە لەتەوالێتی سپی پێست.
  • شوێنی دانیشتن لەپاسدا جیاکراوەتەوە بەپێی ڕەنگی پێست، خۆ ئەگەر سپی پێستێک سواری پاس بو جێگا بۆ دانیشتنی نەبو، دەبێت ڕەشپێستێک هەستێت‌و جێگاکەی بۆ چۆڵ بکات، بەبێ گرنگیدان بەتەمەن‌و پێگەی ڕەشپێستەکە.
  • ڕەشپێستەکان بۆیان نەبو لەگەڵ سپیپێستەکاندا دابنیشن، چا یان قاوە بخۆنەوە.
  • ڕەش پێستەکان مافی دەنگدانیان نەبو.
  • ڕەشپێستەکان لەجومگە گرنگەکانی دەوڵەتدا دانەدەمەزران.
  • کوشتنی ڕەشپێستەکان لەلایەن سپی پێستەکانەوە تاڕادەیەکی زۆر پشتگوێخرابو لەلایەن پۆلیسەوە.

 

ئێمە وەک سەردانکەرێک کە بیر لەو مێژوە دەکەینەوە شەرم داماندەگرێت، حەزدەکەین لەجێی خۆمانەوە داوای لێبوردن لەهەموو پێستڕەشەکانی ئەم وڵاتە بکەین‌و بەڵێنی ئەوەیان پێدەدەین کە بەردەوام دەبین لەنەهێشتنی ئەو جیاوازییانەی کە مافە مەدەنییەکان لەمرۆڤ زەوت دەکەن.

 

لەهەمانکاتدا وێنەکان پڕن لەئومێد، ئومێدی نەوەستان لەبەدەستهێنانی خەونەکانمان، هەرچەندە مەحاڵ‌و دژواریش بن.

 

لەبەرامبەر مەزارگەی مارتن لوسەردا، ئاگرێک داگیرسێنراوەو لێی نوسراوە "گڕی نەمر"، وەک ئاماژەیەک بۆ دوایینەهاتنی پەیامی ناتوندوتیژی ئەم پیاوە مەزنە.

 

ڕۆژی دووەم:

 بەڕێکەوتین بۆ ویلایەتی ئەلەباماو ڕۆیشتینە شاری مۆنتگۆمێری پایتەختی ویلایەتەکە، شارێک پڕیەتی لەمێژوی مافە مەدەنییەکان.

 

سەرەتا سەردانی مۆزەخانەی مافە مەدەنییەکانمان کرد، کە مۆزەخانەکە لەبیرۆکەی خاتونی ڤێتنامی مایا لینەو چەندین بیرۆکەی جوانی بەکارهێناوە لەدروستکردنی مۆزەخانەکەدا.

 

لەهەمویان سەرنجڕاکێشتر بریتییە لەبەردێکی بازنەیی ڕەش کە لەشێوەی مێزدایەو لەبەردی گرانیت دروستکراوە، ناوی شەهیدانی بزوتنەوەکەو بەرواری ڕوداوە گرنگەکانی تێدا هەڵکۆڵراوە. بەردەکە وەک کاتژمێرێک وەهایە کە بەرواری ڕوداوەکانیش خولەک‌و چرکەکانی دەنوێنێن. لەناوەڕاستی مێزە ڕەشەکەوە ئاوێک دێتە دەرەوەو بەڵام لەبری ئەوەی بەلێواری بەردەکەدا بڕژێتە خوارەوە، ڕاستەوخۆو بەیەکسانی دڵۆپ دڵۆپ دەڕژێنە سەر ئەرزەکە.

 

لەپشتەوەی مێزەکە وتەیەکی مارتن لوسەر کینگ هەڵکۆڵراوە دەڵێت" ئێمە ڕازی نابین، هەتا دادپەروەری وەک دڵۆپی باران بەیەکسانی نەڕژێت، هەتا ڕەوایەتی وەک جۆگەیەکی گەورە هەڵنەقوڵێت."

 


رەشپێستەکانی ئەمەریکا هەموو یادەوەرییە تاڵەکانیان پاراستووە

 

کاتێک دەست دەخەیتە سەر ناوی هەڵکۆڵراوی ئەو کەسانەی کە ژیانی خۆیان کردۆتە قوربانی بۆ نەهێشتنی جیاوازی نێوان مرۆڤەکان، هەست بەئامادەیی ڕۆحی ئەو شەهیدانە دەکەیت، هەستدەکەیت لێت نزیکن‌و پێتدەڵێن ئەم ڕێگایە هێشتا کۆتایی نەهاتوە، تۆیش دەبێت بەشداربیت، ڕێگاکە دورودرێژەو هەرگیز دوایی نایەت. کاتێک دەستەکانت تەڕدەبن لەسەر بەردەکەو دزەی نیگاکانت دەچێتە سەر ناوی شۆڕشگێڕەکان، گوێت لەدەنگی ڕۆحییان دەبێت کە هاوار دەکەن ئەو مەشخەڵەی دەستمان دانەنێن. بیر لەوە دەکەیتەوە چەندە مەزنن ئەوانەی بەژیانی خۆیان قوربانی دەدەن لەپێناو نەهێشتنی جیاوازی نێوان مرۆڤەکاندا. لەوێدا پرسیاری ئەوە لەخۆت دەکەیت، ئەم شەهیدانە دەبێت چ چاوەڕوانییەکیان لەمن هەبێت، دەبێت من چی بکەم بۆ ئەوەی خەباتی مەدەنی هەر بەردەوام بێت؟

 

مۆزەخانەکە جێگایەکە بۆ ڕێزگرتن لەو کەسانەی ژیانی خۆیان کردە قوربانی بۆ بەدیهێنانی ڕۆژگاری ئەمڕۆ، جێگایەکە بۆ پێزانینی ئەو ڕێگا دورەی ئەم وڵاتە بڕیویەتی بۆ نەهێشتنی جیاوازی نێوان مرۆڤەکان، لەهەمان کاتیشدا شوێنێکە بۆ دەرککردن بەوەی چەند ڕێگەی تری دورودرێژمان لەبەردەمە بۆ بەردەوام بون.

 

بەر لەوەی مۆزەخانەکە جێبهێڵین، لەسەر دیوارێکی گەورە نوسراوە "دیواری لێبوردەیی"، کە ناوی هەمو ئەو کەسانەی لەسەر نوسراوە بەڵێنیان داوە تا کۆتایی تەمەنیان خەبات بکەن دژی نایەکسانی مرۆڤەکان هەمیشە هەوڵبدەن بۆ نەهێشتنی جیاوازی ڕەگەزی، ئاینی‌و ڕەنگ، ئێمەش ناوی خۆمان نوسی لەسەر ئەپڵیکەیشنێکی بچوکی بەردەم دیوارەکەو پاش چەند چرکەیەک ناوی ئێمەش لەسەر دیوارەکە دەرکەوت.

 

هەر پیاوان سەرکردەی شۆڕشەکان نین، بەڵکو لەهەمو خەباتە مەدەنییەکاندا کۆمەڵێک ژن هەن دەبنە ڕابەرو هێندەی پیاوان کاریگەرییان دەبێت ئەگەر زیاتر نەبن. وەک چۆن مارتن لوسەر کینگی مەزن باوکی بزوتنەوەی مافە مەدەنییەکانە، ڕۆزا پارکس، دادەنرێت بەدایکی بزوتنەوەکەو بوە هۆی ئیلهامبەخشین بۆ پرتەودانی زیاتر بەشۆڕش.

 


رۆزا پارکس، دایکی شۆڕشی بزوتنەوەی مافە مەدەنییەکان

 

چیرۆکی ئەم خاتونە لەوەوە دەستپێدەکات پاش ئەوەی لەکاری مامۆستایی دەگەڕێتەوەو ڕۆژێکی پڕ لەماندوبون بەسەردەبات، سواری پاس دەبێت بۆ ماڵەوە، لەناو پاسەکەدا شوێن نامێنێت بۆ ڕەش پێست، ئەمیش دەچێت لەشوێنی سپی پێستێدا دادەنیشێت، تا ئێرە ئاساییە، بەڵام بەپێی یاسای حکومەت، ئەگەر ڕەشپێستێک لەجێگای سپی پێستێک دابنیشێت، ئەوە نایاساییەو دەبێت هەر زوو هەستێت. بەڵام ئەو ئێوارەیە ڕۆزا بڕیاردەدات شوێنەکەی خۆی چۆڵ نەکات. کاتێک هاوڵاتییەکی سپی پێست سواری پاس دەبێت بەشۆفێرەکە دەڵێت کە ئەو ئافرەتە هەڵناستێت لەجێگاکەی خۆی، شۆفێرەکەش بەزمانێکی زۆر بازاڕی دەیەوێت شوێنەکەی پێچۆڵ بکات، بەڵام ژنەکە بڕیاردەدات شوێنەکەی چۆڵ نەکات، تا ئەوەی پۆلیس بانگ دەکەن‌و هەڕەشەی ئەوەی لێدەکەن دەیخەنە زیندانەوە ئەگەر لەجێگای خۆی هەڵنەستێت چونکە ئەوەی ئەم دەیکات پێچەوانەی یاسایە.

 

ڕۆزا پارک دەڵێت "دەتوانن بمخەنە زیندانەوە بەڵام شوێنی خۆم چۆڵ ناکەم بۆ سپی پێستێک"، بۆیە بەپێی یاسا زیندانی دەکرێت. هەر پاش بڵاوبونەوەی ئەم دەنگۆیە، هەمو ڕەشپێستەکان بڕیاردەدەن بایکۆتی سواربونی پاس بکەن، بڕیاردەدەن شێوازیتر بەکاربهێنن بۆ چونە سەرکارو خوێندن. بەمەش زیانێکی گەورەی ئابوری بەر کۆمپانیاکانی گواستنەوە دەکەوێت، چونکە زۆرینەی دانیشتوان یاخود بەکارهێنەرانی پاس ڕەش پێستەکانن. بۆیە کۆمپانیاکانی گواستنەوە ناچاردەبن فشار بخەنە سەر حکومەت کە ئەو بڕیارە هەڵبوەشێنێتەوەو چیتر شوێنی ڕەش پێست‌و سپی پێست جیانەکرێتەوە لەناو پاسدا.

 

ڕۆژی سێیەم:

بەڕێکەوتین بۆ سەردانی شاری سەلما، بۆ بیرهێنانەوەی یادەوەری یەکشەمەی خوێناوی‌و کڵپەسەندنی خەباتی مافە مەدەنییەکان.

 

دروشمی هەرە سەرەکی ئەم بزوتنەوەیە بریتیبوە لەوەی جیاوازی نەهێڵێت لەسەر بنەمای ڕەن، ئەوان داوای مامەڵەیەکی تایبەتیان نەدەکرد، داوای مامەڵەیەکی یەکسانیان دەکرد.

 

لەبیرەوەری ئەم شارەدا ڕۆژێک هەیە ناونراوە یەکشەمەی خوێناوی، کە دەکاتە 7-3-1965‌و ئێمەش لەو ساڵرۆژەدا سەردانی شارەکەمان کرد.

 


کارێکی هونەریی گوزارشت لەتوندوتیژی پۆلیس دەکات لەبەرامبەر رەشپێستەکاندا

 

بەئامانجی بەدەستهێنانی مافی دەنگدان، بزوتنەوەی ڕەشپێستەکان بڕیاردەدەن کە ڕێپێوانێکی گەورە سازبکەن‌و دوا شوێنی ئەم ڕێپێوانەش شاری مۆنتگۆمێری پایتەختی ویلایەتی ئەلەباما دەبێت. سەرەتا 600 هاوڵاتی ڕەشپێستی شاری سەلما بڕیار دەدەن لەو بەروارەدا دوو دوو بەسەر پردی ئیدموند پێتوس بپەڕنەوەو دەستبکەن بەڕێپێوانەکە، بەڵام پۆلیسی شارەکە ڕێگایان لێدەگرێت‌و پێیان ڕادەگەیەنن کە تەنها دوو خولەکتان لەبەردەستایە بۆ گەڕانەوە، بەڵام دوای یەک خولەک پۆلیسی شارەکە بێڕەحمانە دەستدەکەن بەتەقەکردن بەسەر هاوڵاتییەکانی شارەکەی خۆیانداو چەندین کەس دەبێتە قوربانی. سەرەڕای ئەوە سەگی پۆلیسی لەهاوڵاتیانی شارەکە بەردەدەن‌و ئێمە نەماندەتوانی تەماشای ئەو گەنجانە بکەین کە لەژێر پەلاماری سەگەکاندا ڕەنگیان زەردتر ببوو لەهەتاوی بەیانیانی زوو.

 

لەپێناو ئەنجامدانی ئەم ڕێپێوانە، خەڵکی ناوەستن ئەگەرچی دەشزانن پۆلیس‌و یاسا چەند بێڕەحمە لەئاستیاندا، بۆیە مارتن لوسەر کینگ هەوڵی بەدەستهێنانی ڕەزامەندی فیدڕاڵی دەدات بۆ پاراستنی ئاسایشی ڕێپێوانەکە، دوای چەندین جار هەوڵدان‌و چەندین جار شکستیپێهێنانی ڕێپێوانەکە لەلایەن پۆلیسەوە دواجار ڕەزامەندی فیدڕالی بەدەستهێنراو هاوڵاتیانی شاری سەلما بەدرێژایی 87 کیلۆمەتر بەپێ ڕێگایان بڕی بۆ ئەوەی بەشداری لەو کۆبونەوە گەورەیە بکەن کە مارتن لوسەر کینگ سەرپەرشتی دەکات‌و هەوڵێکە بۆ پێدانی مافی دەنگدان بەڕەشپێستەکانی ئەمریکا.

 

ڕۆژی چوارەم:

سەردانی پارکی کێلی ئینگراممان کرد لەشاری بیرمینگهام‌و پەیکەرە هەر جوانەکانی ڕۆژانی خەباتمان بینی، ئەو پەیکەرانەی چەند جوانن هێندەش ئازارهێن، چەند خەمڕەوێنن هێندەش خەمهێن. پاشان سەردانی کڵێسەکەی تەنیشتی پارکەکەمان کرد، ئەو کلێسەیەی بەهۆی ئەوەی دروشمی شۆڕشی بەرزکردبوەوە دەکەوێتە بەر شاڵاوی هێرشی سپی پێستە ڕادیکاڵەکانەوەو چەندین جار دەتەقێنرێتەوە بەڵام هێشتایش هەر بەپێوەیەو هەمو یەکشەمانێک واڵادەکرێت بۆ پەرستش.

 

ئەوەی زۆر غەمگینی کردین کوژرانی چوار مناڵی پەپولەئاساییە لەیەکێک لەتەقینەوەکاندا کە تەمەنیان لەخوار 15 ساڵەوەیە. ئەم تەقینەوانە نەک نەبونە هۆی کپکردنی شۆڕش بەڵکو بونە هۆی کڵپەسەندنی ئاگری بزوتنەوەی ناتوندوتیژی بۆ بەدەستهێنانی یەکسانی.

 


دیواری لێبوردەیی، هەموو کەسێک دەتوانێت ناوی خۆی لێرەدا تۆماربکات و بەڵێن بدات دژی نایەکسانی بوەستێتەوە

 

ڕۆژی پێنجەم:

کەمێک درەنگتر لەڕۆژانی ئاسایی بەڕێکەوتین بۆ شاری تاسکیگی، شاری لەدایکبونی رۆزا پارک "دایکی بزوتنەوەی مافە مەدەنییەکان"‌و شاری بوکەر تی واشینگتۆن. واشینگتۆن کەسایەتییەکی هەرە گرنگە لەدانانی بناغەی خەباتی مافە مەدەنییەکان، ناوبراو یەکەمین ڕەشپێستێک بوە نانی خواردوە لەگەڵ سپی پێستەکاندا لەسەد ساڵی ڕابردودا. بەهۆی پێگە کۆمەڵایەتییەکەیەوە توانیویەتی پارەیەکی زۆر کۆبکاتەوەو ئەم پارەیە بخاتە دروستکردنی زانکۆی تاسکیگییەوە، کە ئامانج لێی ڕۆشنبیرکردنی ڕەشپێستەکان بووە، ئەم پیاوە گەورەیە ماڵەکەی لەچوا نهۆم پێکهاتوەو دو نهۆمی سەرەوەی وەک بەشی ناوخۆیی خوێندکاران بەکارهێناوە.

 

مەزارگەکەشی لەناو حەوشەی زانکۆکەدایەو کەمێک لەنزیکی مەزارگەکەیەوە پەیکەرێکی سەرنجڕاکێش هەیە، کە سەرنجی هەمو کەسێک ڕادەکێشێت کە بەوێدا تێبپەڕێت، کە پەیکەری بوکەر تی واشینگتۆنە پەچەی سەر ڕەشپێستێکی هەڵداوەتەوە بەمانای ئەوەی کە من دەرگای خۆ ڕۆشنبیرکردنم بۆ کردنەوە ئێوەش کاتی ئەوەیە کە پێبگەن‌و بەردەوام بن لەم ڕێگایەدا.

 

ئەوەی جێگای ئاماژەپێکردنە کە لەسەرەتای ڕۆژەکەدا سەردانی مۆزەخانەی فرەکەلتوری شاری تاسکیگیمان کرد کە چەندین بیرەوەری ڕۆژانی خەباتی تێدایە، ئەوەی سەرنجی منی ڕاکێشا هەبونی دیوارێکی دورودرێژ بو کە مێژوی ڕوداوە هەرە گرنگەکانی مرۆڤایەتی لەسەر نوسرابو، وەک لەدایکبونی پێغەمبەران محەمەدو مەسیح، دۆزینەوەی ئەمەریکا، شەڕی جیهانی یەکەم‌و چەندان ڕوداوی گرنگیتر، ئەوەی زیاتر سەرنجی ڕاکێشام بریتیبوو لەبەرواری تەواوکردنی سەمفۆنیای ژمارە 5 بەناوی براندنبێرگ لەلایەن یۆهان سبەستیان باخەوە.

 

لەو کاتەدا بیرم لەوە دەکردەوە ئەگەرچی ژورەکانی مێژوی مرۆڤایەتی پڕن لەبۆگەنی کوشتن‌و توندوتیژی‌و شەڕ، بەڵام مرۆڤایەتی دیوێکی تری هەیە کە ژوری مۆسیقاو جوانی‌و ناتوندوتیژییە.

 


مارتن لوسەر کینگ، باوکی شۆڕشی بزوتنەوەی مافە مەدەنییەکانی ئەمەریکا

 

ڕۆژی شەشەم:

ئەمڕۆ دوا ڕۆژی گەشتەکەمانەو دواتر دەگەڕێینەوە بۆ شاری ئەتڵەنتای پایتەختی جۆرجیا، لەوێشەوە بەڕێدەکەوینەوە بۆ ویلایەتی ڤێرجینیا.

 

لەڕێگای گەڕانەوەماندا جارێکیتر گەڕاینەوە بۆ شاری تاسکیگی‌و سەردانی بنکەی سوپای ئەمریکامان کرد لەشارەکە، کە هەمان بنکەی کاتی شەڕی جیهانی دوەمە. لەوێدا تەماشای فیلمێکی بەڵگەنامەییمان کرد لەسەر مێژوی بەشداریکردنی ڕەشپێسەتەکان لەسوپای ئەمریکادا. ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە ئەوەیە لەسەرەتاوە قەدەغەبو ڕەشپێست ببێت بەسەرباز، بەڵام دواترو دوای فشارێکی زۆر پاشان پیشاندانی لێهاتویی هەندێک لەئەفسەرەکانی پێستڕەش، ڕێگایان پێدراو یەکەمین شوێنێک کە کۆتایی بەجیاوازیی ڕەنگی هێنرا لەمێژوی ئەمریکادا سوپابوو.

 

کۆتایی:

چیرۆکی مرۆڤایەتی پڕیەتی لەبەسەرهاتی توندوتیژی، بەڵام هەمیشە خەباتێک هەبوە بۆ کۆتایهێنان بەو توندوتیژییە، هەمیشە ڕۆحێکی گەورە هەبوە کە کۆتایی بەنایەکسانی هێناوەو مێژوی بۆ ماوەیەکی دیاریکراو گۆڕیوە. دیارە گۆڕانکاری نە خێرایە نە ئاسانیشە. قوربانی دەوێت لەگەڵ ئارامگرتن.

 

ئەوەی لەمێژوی ویلایەتە یەکگرتوەکاندا ڕویداوە وەک خاڵێکی ڕەش دەمێنێتەوە لەمێژوی مرۆڤایەتیدا لەمامەڵەکردن لەگەڵ ڕەشپێستەکاندا، جیاوازیکردن لەسەر شتێک کە مرۆڤ توانای هەڵبژاردنی نییە. لەسەرەتاوە ڕەشپێستەکان وەک کۆیلە لەبازاڕدا کڕین‌و فرۆشتنیان پێوە دەکراو مافی ئەوەیان نەبوە ببنە خاوەنی ڕەگەزنامەی ئەمەریکی. بەڵام ئەمە کۆتایی هات لەسەردەستی سەرۆک ئەبراهم لینکۆڵندا لەساڵی 1867، بەڵام هۆشیاری خەڵکی سپی پێست هێشتا هەر کۆتایی نەهاتبوو، تەنانەت یاساش بەچاوێکی جیاواز تەماشای ڕەشپێستەکانی دەکرد، بۆ نمونە مافی دەنگدانیان نەبوو، لەجومگە گرنگەکانی دەوڵەتدا بۆیان نەبوو دابمەزرێن. ئەم قۆناغەش بەردەوام بوو هەتا بزوتنەوەی مافە مەدەنییەکان بەسەرۆکایەتی مارتن لوسەر کینگ لەشەستەکانی سەدەی ڕابردودا توانی حکومەتی ئەمریکی ناچاربکات کە کۆتایی بەجیاوازیی بهێنێت لەسەر بنەمای ڕەنگی پێست.