لە مێژووی هیچ سوپای وڵاتێكدا نابینێرێتو نەبووە، لە كاتی جەنگو داگیركاریدا پلە بەرزكردنەوەی ئەفسەرانی سوپا ڕابگیرێت، تەنها نمونەش كە بینیمان لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، پلەی ئەفسەرانی سوپای عێراق تەنها 17 ڕۆژ دواكەوت، ئەندام پەرلەمانەكان، وەزیرەكان، بەرپرسەباڵاكانی عێراق بێدەنگییان شكاندو دەنگیان بەرزكردەوە بۆ مافی ئەفسەرانی سوپای عێراق كە دەبێت پلەیان بەرزبكرێتەوە.
دواكەوتنی پلەبەرزكردنەوەی ئەفسەرانی پێشمەرگە، بۆ ماوەی 2 ساڵ تا ئێستا هیچ ئەندام پەرلەمانێكو ئەندام سەركردایەتیو حزبێكو ڕۆژنامەنوسێكو تەنانەت ئەفسەرانی پێشمەرگەشی نەهێناوەتە دەنگ، هەمووان لەسایەی هێزی پێشمەرگەدا ئەمنو ئاسایشیان پارێزراوەو لەهەمان كاتیشدا كار بۆ مافی پێشمەرگە بە ماندوو بوونو ئەركی قورس دەزانن.
لەئەیلولی 2015 تائێستا هیچ خشتەیەكی پلەبەرزكردنەوەی ئەفسەران ئیمزا نەكراوە، واتا: خشتەی ئەیلولی 2015و خشتەی نەورۆز و ئەیلوولی 2016و خشتەی نەورۆزی 2017.
ئەوە ماوەی 2 ساڵە، هەزاران ئەفسەری پێشمەرگە چاوەڕوانن، ئیمزای پلە بەرزكردنەوەیان بكرێت، كەچی ئەو ئیمزایە ناكرێت، هەر لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا چەندین ئەفسەر شایستە بوون پلەیان بەرزبكرێتەوە، بەڵام بەداخەوە نەیانبینیو گەیشتنە پلەی شەهیدبوون.
هەروەها، ژمارەیەك لە ئەفسەرانو هاوڕێیانمان لێرە، ڕیزەكانی پێشمەرگەی كوردستانیان جێهێشتووەو ڕوویان لە سوپای عێراق كردووە، بە تایبەت ئەو ئەفسەرانەی دوای هاتنی داعش پەیوەندییان بە هێزی پێشمەرگەوە كردبوو چونەتە ناو هێزی عێراقەوە، لەبەر ئەوهۆكارەی لەكاتی قەیرانو جەنگو ڕووبەڕووبونەوەی داگیركاریدا، حكومەتی عێراق مافی ئەفسەرانی سوپا وون ناكاتو لەكاتی خۆیدا مافیان دەداتو پلەیان بەرزدەبێتەوە، هەر بۆ نمونەش: من ئەفسەری خولی 6ی كۆلێژی سەربازیی زاخۆم، لە ساڵی 2003 بڕوانامەی دەرچوونم وەرگرتووەو ئێستا پلەم (رائد)ە لە كاتێكدا دەبوو، ئەم نەورۆزە، پلەم بەرزبێتەوە بۆ موقەدەم، هەر ئەو ئەفسەرانەی هاوڕێی خۆم لە خولی 6ی كۆلێژی سەربازیی زاخۆ، ئێستا لە سوپای عێراق پلەیان عەقیدە.
ئەمە بێئومێد بوونە، لە حكومەتی هەرێم لە كاتێكدا، بە بیانووی نەبوونی پارە لەوەزارەتی داراییو حكومەتی هەرێم پلەبەرزكردنەوەی ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگە ڕاگیراوە، بەڵام لێرەدا پێویستە بپرسین لە حكومەتو وەزارەتی دارایی بۆچی بە بەرچاومانەوەو لەم بارودۆخەدا پلە بەرزكردنەوەی ئەفسەرانی وەزارەتی (ناوخۆ) هیچ كێشەی نەبوونی پارەو قەیرانیان نییە؟! ئێمەش ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگە داوادەكەین، با پلەكانمان لەكاتی خۆیداو بێ دواكەوتن، بەرزبێتەوە، با پارەی زیادەی پلەكانمان بۆ سەرف نەكرێت، بەڵام بگەینە پلەی شایستەی خۆمان لەكاتی خۆیداو بێ دواكەوتن، گرنگە بۆمان مافمان وون نەبێت ، نابێت بە چەند بیانوویەك مافی ئەفسەرانی پێشمەرگە وون بكرێت.
سەرەڕای دواكەوتنو ڕاگرتنی پلەبەرزكردنەوەی ئەفسەرانی پێشمەرگە، لێرەدا ئەوپەڕی نادادپەروەری بەرامبەر بە ئەفسەرانی پلەی (رائید) بۆ سەرەوە دەكرێت، بە فەرمانێك لە وەزارەتی پێشمەرگەوە هەر ئەفسەرێك پلەی(رائید) بۆ سەرەوە بێتو میلاكی نەبێت، پلەی بەرز نابێتەوە. ئەمە نادادپەروەرییەكی گەورەیە، كە لە ئەفسەرانی ئەكادیمی دەكرێت، چونكە زۆربەی ئەفسەرانی ئەكادیمی خاوەن میلاك نینو ناگەنە پۆستی شایستە. بۆ نمونە لەهەر 4 لیوای وەزارەتی پێشمەرگە، لە دەڤەری بادینان هەموو فەرماندەی لیواو جێگرەكانیان تەنانەت هەموو فەرماندەكانی فەوجو جێگرەكانیشیان ئەفسەری ئەكادیمی نین، ئەوە ئاشكرایە، لە دەڤەری بادینان زیاتر لەهەر دەڤەرێكی تری كوردستان خاوەن ئەفسەری ئەكادیمین.
لێرەدا ڕایدەگەیەنم، (ئێمەی ئەفسەرانی ئەكادیمی)، دژی (ئەفسەرانی نا ئەكادیمی) نین، بەڵام هاوسەنگیو دادپەروەری ئەبێت بوونی هەبێت، لە دابەشكردنی پۆستو پلەكان لە وەزارەتی پێشمەرگە، ئێمە خاوەن 2 كۆلێژی سەربازینو هەروەها خاوەن یەك كۆلێژی ئەركانین لە كوردستان. ژمارەیەكی زۆر ئەفسەر ساڵانە لەم كۆلێژانە دەردەچنو پێویستە شوێنی شیاویان پێبدرێت.
لەكۆتایدا، داواكەمان دەبەینە بەردەم سەرۆكی هەرێم بەرێز (مسعود بارزانی)و دەڵێین: كاراكردنی یاسای خانەنشینكردنی ئەفسەرانی پێشمەرگەو پلە بەرزكردنەوەی ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگە، بكاتە هەنگاوێكی خێراو گرنگ، چونكە پێویست بوو لەكاتی شەڕ لەگەڵ داعشو ڕووبەڕووبوونەوەمان لەگەڵ ئەو داگیركەرەدا، نیشانەو خەڵاتی ئازایەتی بدرێتە پێشمەرگە، نەك بە دواكەوتنو ڕاگرتنی پلەكانیان سزای مەعنەوییان بدرێت.