ئاشكرایە شەیتانو ڕەحمان دوو زاراوەی ئایینینو لە چەمكی ئایینیدا هەردووكیان بكەرن. یەكەمیان بكەرێكی خراپەو دووەمیشیان بكەرێكە باشە. لێرەدا ڕەحمان بریتیە لە یەكێتیو گۆڕانو كۆمەڵ شەیتانیش بریتیە لە پارتی، بەڵام ئەو واقیعە تاڵەی كە نوخبەی سیاسیو حزبیی كوردی درووستیان كردووە كاری گەیاندووەتە ئاستێك لە نێوان شەیتانو ڕەحماندا جیاوازییەك نەمێنێت بە واتا بەجۆرێك كاریان كردووە جەماوەری هۆشیاریی سنووردار نەزانێت جیاوازی لە نێوان ئەم دوو چەمكەدا چییە، چونكە هەر لایەنە ئەویتری بەرامبەری بە شەیتان دەزانێت. بەهەرحاڵ لە درێژەی ململانێكانی پارتیو لایەنەكانی تردا نوخبەی سیاسیو ڕاگەیاندنی حزبی، ڕۆژنامەنووسی حزبیو ڕۆشنبیری حزبی بە پلەی یەكەمو ڕاگەیاندنو ڕۆژنامەنووسو ڕۆشنبیری پاشكۆ حزبی بە پلەی دووەم كە پێیانخۆشە ئاوەكە لێڵ بێت بۆ ئەوەی مەلەی خۆیان باش بكەن، فەزایەكیان درووستكردووە كە تیایدا دیوارەكانی نێوان لایەنەكان بە تایبەتی گۆڕانو یەكێتیو كۆمەڵ لەلایەكو پارتی لە لایەكی ترەوە ئەوەندە ئەستوور بێـت بە ئەندازەی دیواری جیاوازی نێوان شەیتانو ڕەحمان.
ڕوانینی یەكێتیو گۆڕانو كۆمەڵ بۆ پارتی ئەوەیە كە پارتی شەیتانێكی نەگریسە شایانی ئەوەیە هەموو ڕۆژێك هەزاران جار بەنەفرەت بكرێت. لەكاتێكدا ئەم سێ لایەنە كە پارتی بە شەیتان دەزان، خۆیان لە هەڵوێستی ڕەحماندا دادەنێن. پرسیاری لۆجیكی ئەوەیە ئایا لەو كاتەی چەمكی خێرو شەڕ، واتە ئەو دوو چەمكەی شەیتانو ڕەحمان بەرهەمهێنین، هیچ هەوڵێك هەبووە بۆ ناوەندگیریو پێكەوە كاركردن لە نێوان شەیتانو ڕەحماندا؟ بێگومان نەخێر. ئەوەش ئاشكرایە كە بەردەوام ڕەحمان یان هێزی خێر خۆی بە باڵادەستتر زانیووەو نە خۆی لە بەردەم شەیتاندا بە بچووكتر زانیووەو نە لەبەردەمیدا بچووكترو بێ هێزتر بووەو نە لەبەردەمی شەیتاندا چەماوەتەوەو نە كڕنوشی بۆ شەیتان بردووەو نە ماستاوو مامە حەمەیی بۆ كردووەو نە بەرتیل و نە پارەو نە هیچی لێ وەرگرتووەو نە بەوەش ڕازیبووە كە دایەلۆگی لەگەڵدا بكات.
هەڵبەت هیچ كاتێك شەیتان ئەوەندە باڵادەست نەبووە بەسەر ڕەحماندا، كە لە لوتكەیەكی بەرزەوە بەرەو خوارەوە سەیری ڕەحمان بكاتو بتوانێت ڕەحمان دەستەمۆ بكات. هەروەك لەو هەموو سامانەی كە شەیتان هەیەتیو ئاشكراشە حەرامەو بە ناڕەوا دەستی كەوتووە كارێكی نادرووست بووە كە لێی ببەخشێت بە ڕەحمان. ئاشكرایە هەموو ئەوەی شەیتان هەیەتی نامەشروعەو ناڕەوایە، باشە ڕەحمان چۆن دەتوانێت ئامادەی وەرگرتنی حەرام بێتو لە شەیتانیشی وەربگرێت؟؟
بەڵێ، ئەو فەزایەی ئێستا لە كوردستاندا درووستكراوە ئەوەیە كە پارتی كراوەتە شەیتانو سیانەكەی تریش ڕەحمانن، ڕەنگە لەم ڕووەوە یەكگرتووی ئیسلامی لە هیچ بەرەیەكیان نەبێت. پرسیاری سەرەكی ئەوەیە بۆ هەر سێ لایەنەكەی یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵ، ئایا ئێوە كە ئێستا پارتیتان كردووەتە شەیتان چۆن و بە چ لۆجیك و بە چ ڕێگایەك دایەلۆگی لەگەڵدا دەكەن؟ بە چ لۆجیكێك پڕۆژەو نەخشە ڕێگای كار بۆ دانیشتنو گفتوگۆ لەگەڵ شەیتاندا ئامادە دەكەن؟ ئەگەر ئێوە بەڕاست دەتانەوێت دایەلۆگ لەگەڵ پارتی بكەن جارێ هەوڵبدەن پارتی بهێننەوە پێگەی مرۆڤو كورد، چونكە ئەگەر ئێوە نەك ڕەحمان بەڵكو مرۆڤی ئاسایش بن ناتوانن لەگەڵ شەیتان دایەلۆگ بكەن، ئەی باشە ئەگەر ئێوە مرۆڤنو ئەو شەیتان چۆن دەتوانن لەسەر خوانی یەك دەسەڵات كۆببنەوە؟ ئایا ئەمە ئەوە ناگەیەنێت یان ئێوەش شەیتانن، یان یان ئەم هەڵوێستانەتان درۆو درووستكراوە؟ بێگومان هەرچەندە من گومانم نیە كە هەمووتان كوڕی یەك باوكنو ڕاستو درووستیش هیچتان ڕەحمان نین. ڕەنگە لە ڕوانگەی شەرەنگێزیتانەوە، لە ڕوانگەی بەشداریتان لە گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی و یاریكردنتان بە چارەنووسی خەڵك، هەمووتان لە شەیتان نزیكتر بن هەتا ڕەحمان.
ئێستا كار چیە؟ ئەگەر دەتانەوێت لەگەڵ پارتی كە بەشەیتانی دەزانن پێكەوە كاربكەن و هاوبەش بن لە بەڕێوەبردنی ئەم وڵاتەدا، ئەوا دەبێ بەو هەڵوێستەی خۆتاندا بچنەوەو لەوە تێبگەن بە شەیتانكردنی پارتی و بەشەیتان سەیركردنی پارتی نە هیچتان بۆ بەرهەم دەهێنێت و نە بە هیچ ئاكامێكی باشتان دەگەیەنێت. تەنانەت خۆتان باش دەزانن ئەوی شەیتان چۆن ڕۆژانە نەك لە ڕیزەكانی خوارەوەتان بەڵكو لە ڕیزەكانی سەرەوەشتان لە خشتە دەبات، خۆتان دەزان كە چۆن ژێر بەژێر زۆرێكتان ڕۆحو ویژدانی خۆتان بەو شەیتانە فرۆشتووە لەبەرامبەر دەستكەوتی مادیو دنیایدا. خۆشتان دەزانن كە ئەو مژدەی بەهەشتەی ئێوەی بە ناو ڕەحمان بە شوێنكەوتووانی خۆتانتان داوەو، بەشێكیش لە خۆشتان پێدەچێت شەریكی شەیتان بن، وادەكات شوێنكەوتووەكانتان وردە وردە لەو پەیمانەی دابوویان پاشگەز ببنەوەو ئەوەش وابكات سەنگەری شەیتان گەورەترو فراوانترو بەهێزتر ببێت، كە ئەوەش هاوسەنگی ئەم گەردوونە تێكدەدات و یەك هێز باڵادەست دەبێت كە ئەویش لە ڕوانینەكەی ئێوەوە هێزی شەیتانە. ئایا ئێوە دەتوانن پێشبینی ئەوە بكەن كاتێ ئەوەی ئێوە بە شەیتانی دەزانن لەسەر زەمینەی واقیع بەتەواوی باڵادەست بێت چی دەكاتو چارەنووسی ئێوەش چی لێدێت؟
كەواتە باشتر وایە ئەم هەڵوێستەتان بگۆڕنو ڕێگایەكی تر بگرنەبەر چونكە ئەوەی لەسەر زەمینەی واقیع دیارە ئەوەیە كە هەڵوێستی بە شەیتانكردنی پارتی، پارتی لەوەی كە هەبووە بەهێزتر كردووەو ئێوەشی لەوەی كە هەبوون لاوازترو بێهێزتر كردووە. ئایا بەڕاستی خەڵك حەزی لە شەیتانپەرستیە یان تێڕوانینەكەی ئێوە لە جێی خۆیدا نیە. بێگومان هێشتا تارمایی دوو پیاوی گەورە ماوە كە لەبەرامبەر ئەو شەیتانەدا ئامادەییان هەیە كە ئەویش تارمایی مام جەلالو كاك نەوشیروانە. بێگومان لە مردنی ئەو دوو پیاوەدا لاوازییەكانتان دەگاتە ئاستێك كە ڕەنگە هیچ بوارێكتان بۆ نەمێنێتەوە بۆ دایەلۆگ كردن لەگەڵ ئەوەی بە شەیتانی دەزانن، بۆیە باشتر وایە تا ئەوان ماون فریا بكەونو لە خاڵێكی ترەوە دەست پێبكەن كە خاڵی سەیركردنی پارتیە وەكو حزب وەكو مرۆڤ نەك وەكو شەیتان و پیاوی ئەم و ئەو چونكە ئەوە هیچتان بۆ بەرهەم ناهێنێت. ئەم جۆرە هەڵوێستە بوو كە پارتی كردە حیزبی یەكەم و ئێوەش نەك بە تەنیا بەڵكو بە هەمووشتان ناتوانن قورسیتان لەسەری هەبێت و ئەوەتا هەر گوێیشتان لێناگرێت.
ئێستا هیچ هاوسەنگیەك لە نێوان ئێوەی ڕەحمان و ئەوی شەیتاندا نیە، هەرئەوەشە وایكردووە كە ئەو شەیتانە زۆر بێباكانەو زۆر بە هێمنانە دەجوڵێتو خۆیشی دەزانێت كە هەم ڕووداوەكان بۆ كوێ دەچن، هەم چۆن بەپێدانی بەرژەوەندی ڕۆحی بەشێكی باشتانی كڕیووەو پێدەچێت ترسی لێـتان نەمابێت. بۆیە باشتر وایە ئەو تێڕوانینەتان بگۆڕنو پارتی لە پێگەی شەیتانەوە بگوازنەوە بۆ پێگەی حزبو مرۆڤ بۆ ئەوەی زەمینەی دایەلۆگ لە نێوانتاندا پێكبێت، چونكە لە پێش پارتیەوە ئەوە بە قازانجی خۆتانە. ئەمانەی من دەیڵێم ڕاستیی تفت و تاڵن. من پێشی نزیكەی چارەكە سەدەیەكو لەسەروبەندی سەرهەڵدانی شەڕی نێوان یەكێتی و پارتیدا كە یەكێتی لە ئەوپەڕی هێزیدا بوو ئەمانەم بە یەكێتی گووت بەڵام ئەوان گاڵتەیان بە عەقڵم دەهات. بەداخەوە پێدەچێت چاوی ئاسایی ئێوە توانای بینینی ئەوەی نەبێت لەسەر زەمینەی واقیع هەیەو بەرژەوەندی لە مەلەكردن لە ئاوی لێڵیشدا بەربەست بێت لەبەردەم كاركردنی عەقڵدا بۆ لێكدانەوەو هەڵسەنگاندن، چونكە پَدەچێت ئێوە بەو خەیاڵە بژین ئەو شەیتانەی بەرامبەرتان زۆر لاوازەو دەشێ بڕوخێت، بەڵام هەم ئاماژە ناوخۆییەكانی ناو كوردستان و هەم ئاماژەكانی ناو عێراقو دەوروبەرو نێوەندی سیاسەتی جیهانیش پێچەوانەی خەونو خەیاڵەكەی ئێوە نیشان دەدات.
بۆیە باشتر وایە خۆتان لەو خەیاڵو وەهمە فریودەرە ڕزگاربكەن كە ئێوە ڕەحماننو هەڵگری پڕۆژەی خێرو بەختەوەریو بەهەشتن بۆ خەڵك چونكە درەنگ یان زوو جەماوەرو خۆشتان دەگەنە ئەو حەقیقەتەی كە بەم ڕێگایە ناگانە ئەنجامێك كە هەم بۆ خۆتان وەكو حزب و بۆ میللەتەكەشتان سوودبەخش بێت.