كاتێ كە دەبیت بە سەرۆك، دەبێ هەتبێت شان‌و بەرۆك

01-04-2017 03:16

 

لەدادگاوە :
دەروازەی سێیەم :


دادگاو دادپەروەری هێندە پیرۆزە هیچ پارسەنگێك نیە لە بەرامبەریدا بوەستێتەوە، بەڵام ئەمە تا ئەو سنورەیە بە دەستی بەدكارەوە مافی تیادا پێشێل نەكرێت‌و نەبەزێنرێت، ئەو كەسەی ئەم كارە دێنێتە بەرهەم بە باشی یان بە خراپی پێی دەوترێت(دادوەر) پیشەی دادوەری هێندە ئەستەم‌و گرانە تا ئەو ئاستەی شوێنەكەی لە سەرۆكی دەوڵەت‌و شانشین‌و میرنشین كاریگەرترە .

 

زۆر ئاساییە كاتێك سەرۆك یان شا یان میری هەر وڵاتێك یاسا پێشێل بكات یان نادادپەروەری لە كار و فەرمان و بڕیارەكانیدا بەدی بكرێت و بە نادروستانە ئەنجامی ناڕەوایانە بكەوێتەوەو مافی خەڵكی پێ لە دەست بچێت، لەبەرئەوەی ئەم پایانە شوێنی سیاسین، بەڵام پیشەی دادوەری گرێدراوە بە ئەركی دادپەوەری . پێویستە دادوەر یاسا بسەپێنێت بەسەر خەڵكیدا ، جا ئەم خەڵكانە دەسەڵاتدار بن یان بێدەسەڵات، دەوڵەمەند بن یان هەژار، بەهێز بن یان لاواز..

 

ئەوەی دەبێت بە دادوەر پێش هەموو شتێك دەبێت خۆی دابماڵێت لە كاری پاشكۆ بوون، پاشكۆ بونەكە لایەنگیری سیاسی بێت یاخود پاشكۆ بوون لە پێناو گەیشتن بە بەرژەوەندی تایبەتی. ئەمە بۆ هەموو دادوەرێكی ئاسایی ڕاستە بگوترێت، نەخوازە بۆ دادوەرێك كە دەگاتە پایەی سەرۆكی دادگا دەبێت سەد لە سەد خۆی بەدوور بگرێت لەم لایەنانەی باسم لێكردن. ئەگەر وانەبێت‌و بەوجۆرە كار نەكات، ئەوا دەبێت زۆر بە ئاسایی ببینێت بكەوێتە بەر لێزمەی ڕەخنەو هێرش كردنەسەری.

 

دەبێت چ هیوایەك بەو دادوەرە هەبێت كە لەلایەن بەرپرسی حزبی‌و مەكتەبی سیاسیەوە بكرێت بە سەرۆكی دادگا یان بە لەرزۆكی لەبەر بەرژەوەندی خۆی ئامادە بێت باز بەسەر هەموو هاوەڵ‌و هاوپیشەكانیدا بدات. ئای ئەمە مایەی چ ئارەق ڕشتنی شەرمەزاری‌و سەرشۆڕییە كەسێك لەم ئاستەدا بێت‌و گشت شتێك بەڕەوشتیشەوە لە دەست بدات ئەمە تەنها لەبەرئەوەی بەم پایەیە بگات. ئاخر لەم پەڕی جیهان تا ئەوپەڕەكەی ..! دادوەر چ سودێكی هەیە بۆ دادپەروەری‌و سەروەر بوونی یاسا لە كاتێكدا سەرەتا و دەستپێكی كاری سیاسی بێت و یاسا بشكێنێت.

 

كورد دەڵێت (ئابڕو تەنها تنۆكێكە ... هەر كە تكا ...! دەتكێت‌و دەڕوا) ئا لێرەوە هیچ مانایەك بۆ ڕەوشت نامێنێتەوەو دادپەرەوەری دەخرێتە خانەی فەرامۆش‌و پەراوێز خستنەوە .

 

تۆ كە دەبیتە سەرۆكی دادگا! دەبێت هەموو ئامانج و ئەركی دادگا و دادپەروەری ڕاستەقینە لە شان‌و ئەستۆ بگریت، دەنا دەبێت خۆت بۆ ڕوبەڕوبوونەوە هەڵبگریت‌و دەبینیت چۆن یەخەو بەرۆكت پێدەگیرێت، هەتا نادادی زیاتر بكەیت چنگ و نینۆكی ستەملێكراوان لە قوڕگ و گەروت توندتر دەبێت .