ڕیفراندۆمیش لە واتاكەی بەتاڵكرایەوە

10-04-2017 06:59

 

ڕیفراندۆم هیچیتر نییە بێجگە لە زانین‌و ڕەوایەتیپێدان بە بۆچونێكی دیاریكراو سەبارەت بە پرسێكی گشتی. مەخابن هەر چەمكێكی سیاسی دەگاتە وڵاتی ئێمە لە كورتترین ماوەدا بەتاڵدەكرێتەوە لە واتاو وەزیفەكەی. ئەو دەردەی بەسەر دیموكراتی‌و پەرلەمان‌و نەتەوەو نیشتیمان‌و سەروەری‌و گەندەڵی‌و.. هات بەسەر ڕیفراندۆمیشا دادەبڕێت.

 

بەتاڵكردنەوەی زمان لەواتا یەكێكە لە ترسناكترین چەكەكانی ستەمكاری سیاسی. بێبەریكردنی مرۆڤە لە مافی واتاپێدان‌و خاوەندارێتیكردنی زمان‌و زاڵكردنی زمانی ستراتیژییە بەسەر زمانی دیالۆگدا. ڕیفراندۆم دەكرێت ڕاوێژكاریبێت‌و دەشكرێت ئیجباریبێت. بەڵام جێگای خۆیەتی بپرسین دەسەڵاتێك كە لەدەرەوەی ڕەوایەتی دیموكراتیدا هەڵدەسوڕێ، هۆكاری سەرەكی‌و دروستكەری پشێوی كۆمەڵایەتی‌و ئابوری‌و سەربازییە، بە بنەماڵەكەری دام‌و دەزگا هەستیارە گشتییەكانە ، چ كارێكی بە ڕیفراندۆمی ڕاوێژكارییە؟

 

١- دروستكردنی كارتێكی فشار بۆ دانوستانە سیاسییە ئیقلیمییە ژێربەژێرەكان.

٢- پێدانی سیمای كاركردن بە دیموكراتیبونی دەسەڵات.

٣- پەراوێزخستنی پرسە سەرەكییەكانی هاوڵاتی‌و هێنانە كایەی دروشمی نەتەوەیی‌و سەروەری بەمەبەستی زیندكردنەوەی ئەفسانەی گشتی.

٤- مانۆڕێك بۆ داخستنی سەرجەم مەلەفە كۆنەكان لەگەڵ بەغداو ئەگەری دەستپێكردنەوەیەكی نوێ بێ پرس‌و ڕا لەسەر گەندەڵیی‌و كەسە گەندەڵەكانی پێشوو.

٥- وەستانەوە لەبەردەم زاڵبونی مۆدێلی پەكەكە.

 

لە باشترین دۆخدا ئەم ڕاپرسییە دروستكردنی كێشەیەكی سیاسییە كە پێشتر چارەسەرەكەی دیاریكراوە كە لای دەسەڵاتە بەوەی ڕیفراندۆمەكە ڕاوێژكارییە. ئەمەش خەسڵەتێكی باوی دەسەڵاتە كە بۆمانەوەی خۆی، خۆی دێت‌و كێشەیەك دروستدەكات كە پاشتر هەر بەخۆی چاكدەكرێت.

 

بۆ ئەوەی دەربازبین لەم هەموو داوە وەك گەلی كوردستان گرنگە بڵێین ئەگەر بیسەپێنن بەسەرمانا بچین بۆ دەنگدان دەنگی یەكلاكەرەوە نەبێت دەنگ نادەین. گەر ڕیفراندۆم هەر دەكرێت با نەتیجەكەی كاریپێبكرێت، گەر كاتیشی نییە بۆ سەربەخۆیی لێگەڕێن نیشتیمان‌و هاوڵاتی ئاشتكەینەوەو ئازادی بدەینەوە بە گەل‌و كۆمەڵگا.