پارتی كات دەكوژێت

25-04-2017 02:17

 

لەماوەی سێ كۆبوونەوەی گرنگی مەكتەبی سیاسی (پارتی و یەكێتی)، یەكێتی سێجار قسەی گۆڕیووە، جارێكیان لەیەكەم كۆبوونەوەی هەردوولا لەسەر پرسی ڕیفراندۆم، یەكێتی ڕازی بوونی خۆی ڕاگەیاندووەو ئامادەیی نیشانداوە لەگەڵ پارتی لەسەر ئەو پرسە سەردانی هەموو لایەك بكەن، دواتر وەك باس دەكرێت چەند ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ڕەخنەیان لەو بڕیارەی حزبەكەیان گرتووەو مەكتەبی سیاسییان لەو بڕیارە پەشیمان كردووەتەوە، بەوەی دەبێت ئەم پرسە لە ناوخۆی یەكێتی باس بكرێت‌و لەوێووە بڕیاری لەسەر بدرێت، ئەوەبوو یەكێتی دووبارە هەڵوێستی گۆڕییەوەو ئاماژەی بەوەدا كە دەیەوێت ئەم پرسە بەسازان لەگەڵ لایەنەكان تاوتوێ بكات، دواین گۆڕینی هەڵوێستی یەكێتی ئەوەیە كە دەڵێت"ئەم پرسە لەپەرلەمانەوە بڕیاری لەسەر بدرێت"، زۆر سەیرە یەكێتی پێش ئەوەی بێتە كۆبوونەوە، نەیتوانیوە بڕیاری حزبەكەی بدات، ئاخر لەناو حزبێك ناكرێت لایەنێك بڕیار بدات، لایەنێكی دیكە لەدژی بوەستێتەوە!!، باشە چ حزبێك لە دوونیا هەیە بڕیار بڕیاری مەكتەبی سیاسی بێت‌و بە قسەی دوو ئەندامی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردەیەك بڕیِارەكانی هەڵبوەشێنێتەوە؟، دواتر یەكێتی دواین هەڵوێستی خۆی گۆڕیوە، گوایە دەیەوێت ئەم پرسە لەپەرلەمان بڕیاری لەسەر بدرێت، بەڕاشكاوانە ئەگەر یەكێتی ئەم بڕیارەی بۆئەوە دەركردووە كە دڵی گۆڕان ڕازی بكات، ئەوە پێش ئەوەی یەكێتی بێتە گفتوگۆكان، دەبوو ئەو پرسەی لەگەڵ گۆڕان یەكلا بكردایەتەوە، چونكە ئەوان بڕیاریان وابوو، بەیەكەوە قسەیان هەبێت، لەوەش دەچێت گۆڕان فشاری لەسەر ئەو سەركردانەی یەكێتی دانابێت بۆ ئەوەی لە بڕیارەكانیان پەشیمان ببنەوە.

 

زۆر گرنگە پارتی دیموكراتی كوردستان، قسەی ڕاشكاوانەی لەگەڵ یەكێتی بكات، پێیان بڵێت(لەمەودوا ئەگەر شاندتان هات بۆ كۆبوونەوە، كەسانێك بنێرن خاوەن بڕیاربن، بڕیاریان لەدەست بێت)، ئاخر پارتیش لە خۆی پرسیوە، تاكەی بەم شێوە لەگەڵ یەكێتی دەیباتەسەر؟ بۆیە زۆر گرنگە پارتی دەرفەتێك بداتە یەكێتی بۆ ئەوەی بڕیاری یەكلا كەرەوەی خۆیان بدەن، چونكە ئەوەی پارتی دەیكات كات كوشتنە، ئەگەر یەكێتی بەڕاست دەیەوێت پرسی كاراكردنەوەی پەرلەمان بخاتەبەر باس، ئەوە دەتوانێت لەگەڵ پارتی‌و یەكگرتوو و حزبەكانی دیكە پەرلەمان كارابكەنەوە، خۆئەگەر دەشیەوێت دڵی گۆڕان ڕازی بكات، بەوەی پەرلەمان كاراببێتەوە، ئەوە دەبێت ڕازی بێت بە هاتنەوەی (یوسف محەمەد) كە دۆخی پەرلەمان دەگەڕێتەوە بۆ پێش 12-10-2015 واتە هاوكێشەكان سفر دەبێتەوە.

 

گرنگە پارتی بڕیاری یەكلا كەرەوەی خۆی بدات، بەڕاشكاوانە بە یەكێتی بڵیت (با ئەوانە بێنە پێشەوە بڕیاریان لەدەستە)، ئەو كاتە تۆپەكە دەكەوێتە مەیدانی كە دەبێت ئەوان خۆیان یەكلا بكەنەوە، چونكە لاسەنگیی ناو یەكێتی كاریگەری لەسەر بڕیارەكانی پارتیش كردووە، یەكێتی یان دەیەوێت دۆخی كوردستان بەم شێوە درێژە بكێشێت تا هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان بۆ ئەوەی جەماوەری لێ نەڕەنجێت، یان دەیەوێت دڵی پارتی‌و گۆڕانیش ڕازی بكات، كاری حزبایەتی واناكرێت، چونكە دواجار حزب دەبێت بڕیار بدات ناكرێت دەستە وەستان لەبەرانبەر فشاری جەماوەری ڕاوەستێت.

 

ئەوەی ماوەتەوە ئەوەیە كە پارتی ناكرێت لەگەڵ یەكێتی كات بكوژێت، گرنگە بڕیاری كۆتایی یەكێتی بدرێتەوە بە پارتی كە ئایا دەتوانن پێكەوە ئەم قۆناغەی هەرێمی كوردستان تێپەڕێنن؟ ئەگەر یەكێتی ناتوانێت ئەوە دەكرێت دووبارە پارتی بیر لەوە بكاتەوە كە چارەسەری یەكێتی ئەوەیە كە لەژێر سێبەری بڕیارەكانی گۆڕان بەهاوبەشی بڕیار بدەن!!.