تەلەفزیۆنی كوردی سەرقاڵی چیە؟

04-05-2017 11:51

 

شێخ صەمەدی باپیرم تاوەكو مردیش لەگەڵ تەلەفزیۆن ناكۆك بوو، ساڵانی شەستەكانیش لە موصڵ كۆلێژی زانستە سیاسیەكانیشی تەواو كردبوو. بەڵام ڕای لەسەر تەلەفزیۆن باش نەبوو. هەمیشە پێی وابوو گفتوگۆ‌و تەلەفزیۆن ناكۆكن بەیەكەوە، ئەگەر لەژورێك تەلەفزیۆن كاری كرد، سەرنجی هەموان دەبات‌و ناتوانین پێكەوە گفتوگۆ بكەین، دەیگوت ئەگەر بۆ قسەكردن‌و سەردانی من‌و مەجلیس هاتووی فەرموو، ئەگەر بۆ سەیركردنی تەلەفزیۆنیش هاتووی لەماڵەكەی خۆت سەیری بكە‌و ئەزیەت مەكێشە. رای وابوو تەنها مەتبەخ شوێنی ئەم ئامێرەیە‌و كاتی پشوو نان خواردن سەیری بكەیت.

 

پێموایە ئەگەر دیقەت لەم وێرانكاریەی ئێستای میدیای بینراوی كوردی بدەین، زۆربەمان هاوبۆچونی ئەو دەبین كە تەلەفزیۆن چیمان پێ دەكات؟. دیارە ئامانجی من كەم كردنەوەی گرنگی بێ شوماری تەلەفزیۆن نیە، هێندەی دەمەوێت گرنگی بەم ئامێرە بدەم، نامەوێت لێی كەم بكەمەوە. یان راشكاوتر بڵێم دەمەوێت یەخەی تەلەفزیۆنی كوردی بگرم نەوەكو زیاتر لەسەر مێژووی ئەم ئامێرە قسەیەك بكەم.

 

لەمێژووی هاوچەرخی كورد، تەلەفزیۆن دوو رۆڵی هێجگار گەورەی گێڕاوە، ئەگەر ئەم ئامێرە نەبوایە لەوانەیە ئێستا گەلی كورد بەم جۆرە نەمابوایەتەوە. یەكەمیان ساڵی 1991 كۆڕەوی گەلی كورد تەلەفزیۆن جیهانی لێ ئاگادار كردەوە، ئەگەر دەنگ‌و رەنگی ئەم ئامێرە نەبوایە ملیۆن هاوڵاتی كورد لەم شاخ‌و كێوانە مردبان، كەس نەیدەزانی، بەڵام لە كۆڕِەوەكەدا تەلەفزیۆن جیهانی هێنایە سەرخەت‌و بینیمان ئەنجومەنی ئاسایش هێڵی سی‌و شەشی بۆ داناین‌و بووینە خاوەنی كیان. واتا كیانی تەلەفزیۆن؟. دووەمیان تاوانی شەنگال، داعش كوردانی ئێزیدی جینۆسایدكرد، بەڵام تەلەفزیۆن هێندە چووە ناو قوڵایی روداوەكەوە، جیهانی بەرامبەر داعش هێنایە سەرخەت، ئەوەی داعشی تێكشكاند بەتایبەت لەروی دەرونی‌و كۆمەڵایەتی‌و رای گشتیدا تەلەفزیۆن بوو.(دیارە لەم رووەوە گرنگی جۆرەكانی دیكەی راگەیاندن فەرامۆش ناكەم، بەڵام ئەم بابەتە لەسەر تەلەفزیۆنە تەنها.)

 

بیریارێك دەڵێت: گەلانی بچوك‌و چەوساوە‌و ژێردەستە باشترین سود لە تەلەفزیۆن وەردەگرن، ئەم ئامێرە چەكی دەستی ئەوانە. ئەم گەلانە دەتوانن لەرێگای تەلەفزیۆن بێنە سەر شانۆی جیهان‌و مێژوو. تەلەفزیۆن بۆ گەلانی چەوساوە‌و بێكەس، كەسوكارە، چونكە دەنگ‌و رەنگ‌و ئازار‌و داواكاریەكانیان دەگەیەنێتە سەر شانۆی نێودەوڵەتی‌و مێژوو. راستە دەوڵەتە گەورەكان‌و زلهێزەكانیش باش سود لەم ئامێرە وەردەگرن، بەڵام جیاوازیەكەی ئەوەیە ئەوان بێجگە لەتەلەفزیۆن هێز‌و توانا‌و رێگای جۆراجۆری دیكەشیان لەبەردەستە..بەڵام گەلانی ژێردەستە‌و چەوساوە بەم جۆرە نین، ئێمە دەتوانین وەكو كورد چی لەتەلەفزیۆن فێر بین؟ بۆ سەیری دەكەین؟ بۆ دەبێت هەمان بێت؟ دەمانەوێت لەرێگای شاشەكانی تەلەفزیۆنەوە چی بە مرۆڤایەتی‌و جیهان‌و ئێستای خۆمان بڵێین؟ تەلەفزیۆنمان بۆچیە بۆ ئێستامانە، یان ئایندە؟ رابردووی پێ دەگێڕینەوە، بەڵام ئامانج لە گێڕانەوەی تەلەفزیۆنی چیە؟ راشكاوتر بڵێم تەلەفزیۆنی كوردیمان هەیە؟ ئەگەر سەیری گۆرانی‌و دراما‌و فیلم‌و ستایل‌و شێوازی دیكۆری بەرنامە‌و ئەتەكێتی تەلەفزیۆنی كوردی بكەین، راستیەكەی بۆمان دەردەكەوێت ئێمە خاوەنی تەلەفزیۆنی كوردی نین؟ كولتوری گەلان بێ بەرامبەر‌و بە تواناو پارەو وزەی خۆمان بڵاودەكەینەوە. ئەمەش مانای بچوك تەماشاكردنی من نیە بۆ جیهان‌و كولتوری ئەوانی دیكە. نەخێر، وە ئەوەش دەزانم ناكرێت هەر فۆلكلۆرو مەشكە‌و ساوار كوڵاندن‌و مەڕ دۆشین پەخش بكەین..بەلام تەلەفزیۆنی كوردی سەرگەردان‌و بێ پلان‌و بێ دنیا بینیە، نایەوێت كار بۆ ئێستا‌و داهاتووی نەوەی كوردی بكات، ئامانجی لۆكاڵی‌و بچوكی هەیە، راستە بە شاشە گەورەیە بەڵام بە ناوەڕۆك بچوكە، لەگەڵ داوای لێبوردنم مانای ئەوە نیە كاری باش‌و سەركەوتوو لەبەرچاو ناگرم، شتی باش هەبووە، بەڵام راستیەكەی وێرانیەكە زۆرترە.

 

فەیسبوك‌و تەلەفزیۆن

 

دەكرێت بابەتێكی جیاواز لەسەر فەیسبوك بنوسین، بەس لێرەدا تەنها پەیوەندی بەم ئامێرەوە زیاتر هەڵوەستەی لەسەر دەكەین، دوای پەیدابوونی سەتەلایت‌و تەلەفزیۆنە دیجیتالەكان، ئەم ئامێرە بێ ركابەر دەركەوت، بەلام ئەوەی ئێستا تەنگی پێ هەڵچنیوە، فەیسبوكە، كە هەموو كایەكانی دیكەی قوت داوە‌و بۆتە روبەری گشتی بینەر‌و بیسەر‌و خوێنەری كورد. تەلەفزیۆن هەوڵ دەدات لەم روبەرە دوور نەبێت، تەنانەت زۆرجار فەیسبوك پاڵنەری بەرنامە‌و هەواڵ‌و وێنە‌و ڤیدیۆی تەلەفزیۆنە نەوەكو بە پێچەوانە، رام وایە زیاتر فەیسبوك كاریگەری زیاتری بەسەر تەلەفزیۆنەكانمانەوە دروست كردوە وەكو ئەوەی تەلەفزیۆن كاریگەری بەسەر فەیسبوكەوە دروست كردبێت. لەوانەیە ئەمجارە ئەگەر باپیرم لەژیاندا ما بوایە، بیگوتبایە ئەگەر بۆ لایك‌و كۆمێنت‌و سەیركردنی فەیسبوكەكەت هاتووی بۆ لام، بڕۆەوە بۆ ماڵەوە‌و لەوێ خەریكی بە. بۆیە پرسیارێك هەیە دەبێت داهاتوو تەلەفزیۆن بتوانێت كێبەركێی فەیسبوك‌و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانی دیكە بكات؟ یان دەتوانێت تایبەتمەندی خۆی لەدەست نەدات.

 

هەندێك بۆچون هەیە كە دەڵێن دیموكراسی‌و ئازادی بێ تەلەفزیۆن بوونی نیە، ئەگەر شاشەكانی تەلەفزیۆن نەبێت، دیموكراسی‌و ئازادی دەكەوێتە پەراوێزی دروشم‌و سیاسەت‌و پڕوپاگەندەی دەسەڵاتەكانەوە. بۆیە بۆچونێكی گرنگ هەیە كە دیموكراسی‌وئازادی زۆر پێویستی بە تەلەفزیۆنە. بەڵام بەدبەختی ئێمە لەم جوگرافیایە ئەوەیە ئێستا تەلەفزیۆن بۆتە مینبەری سەلەفیەت‌و بڵاوكردنەوەی تۆتالیتاریەت‌و دژە دیموكراسی‌و ئازادی. ئەوانەی دەیانەوێت گاگەل دروست بكەن بەراستی سودی زۆر باش‌و دەوڵەمەند لە تەلەفزیۆن وەردەگرن‌و كاری باشیان لەسەركردوە.

 

نمونەی جیاواز لەسەر گرنگی تەلەفزیۆن زۆرە، بۆ نمونە ئەگەر دە هەزار كەس لە شوێنێك خۆپیشاندان ئەنجام بدەن، بەڵام هیچ جۆرە تەلەفزیۆنێك روماڵی نەكات‌و هەواڵەكە بڵاو نەكاتەوە، هاوكات ئەگەر سەد كەسێك لە شوێنێكی دیكە گردببنەوە، بەڵام هەموو میدیاكانی تەلەفزیۆن روماڵی بكەن‌و گرنگی پێ بدەن، ئەوا گردبوونەوەكە سەد بەرامبەر خۆپیشاندانە دە هەزار كەسیەكە كاریگەری هەیە‌و شوێنی خۆی دەگرێت. هەرچەندە پەیامی گردبوونەوەكەش لاوازتر بێت لە خۆپیشاندانەكە، ئەمەش رۆڵی بایەخی تەلەفزیۆن دەردەخات لەسەر رای گشتی. دەگوترێت بێ شاشەی تەلەفزیۆن رای گشتی ئەستەمە.

 

قسەی دیكە لەسەر تەلەفزیۆن زۆرە..

 

ئەرێ بەراست تەلەفزیۆنی كوردی سەرقاڵی چیە؟؟.