چۆن خۆمان لە باوەڕی گەوجانە بپارێزین؟

11-05-2017 05:55

 

وەرگێڕانی؛ ناسر حیسامی

 

بۆ خۆپاراستن لەو هەموو بڕواو باوەڕە گەوجانەیە كە مرۆڤ هەڵگریانە، پێویست نییە تواناییەكی نائاساییمان هەبێ. چەند یاسای سادە، ئەگەر نەڵێم لە هەموو هەڵەیەك، لە هەڵەی گەوجانە مرۆڤ دەپارێزن.

 

ئەگەر بابەتەكە وایە بە سەرنجدان‌و دیتن تێی دەگەی، هەوڵبدە بە چاوی خۆت بیبینی. ئەرەستوو باوەڕی وابوو ژن ددانیان لە پیاو كەمترە. بە كارێكی زۆر سانا دەیتوانی خۆی لەو هەڵەیە بپارێزێ: داوای لە ژنەكەی خۆی كردبا دەمی بكاتەوەو ددانەكانی ژماردبا. ئەوەی نەكرد چونكە پێیوابوو دەزانێ. ئەوە كە پێتوابێ شتەكە دەزانی، لە كاتێكدا نایزانی، هەڵەیەكی كوشندەیە كە لە هەموومان دەوەشێتەوە. من باوەڕم وایە ژیشك قالۆنچەڕەشە دەخۆن، چونكە وایان پێ گوتووم، بەڵام ئەگەر ڕۆژێك كتێبێك لەسەر ڕەفتاری ژیشكان بنووسم، هەتا بە چاوی خۆم نەیبینم ژیشك قالۆنچە دەخوا، ئۆباڵی قسەی وا ناخەمە ئەستۆی خۆم.

 

زۆر بابەت هەن لەوەش سادەتر دەكرێ تێیان بگەی. ئەگەر وەك زۆربەی خەڵك باوەڕێكی پتەوت بە هەندێك شت هەیە، هەندێك ڕێگە هەن بۆ ئەوەی دڵنیات بكەن ئایا ئەو باوەڕەت بە دەمارگرژی وەرگرتووە یان نا. ئەگەر باوەڕ و بیركردنەوەی كەسی بەرانبەرت تووڕەت دەكات، نیشانەی ئەوەیە بەبێ ئەوەی بەخۆت بزانی دڵەڕاوكەی ئەوەت هەیە بەڵگەی چاكت بۆ سەلماندنی دروستیی بڕوای خۆت نییە. ئەگەر كەسێك بێتە لات‌و بڵێ دوو جار دوو دەكاتە پێنج، یان بڵێ ئیسلەند گەرمەسێرە، تۆ لە جیاتی ئەوەی بە قسەكەی تووڕە بی، بەزەییت بەو كەسەدا دێ‌و دەڵێی حیساب‌و جوگرافیا نازانێ. تەنیا لە حاڵەتێكدا بە قسەی ئەو كەسە تووڕە دەبی كە خۆت زانیاریت لەو بوارانەدا ئەوەندە كەم بێ قسەكەی ئەو تووشی دوودڵیت بكا. زۆربەی جار باسی توند و گرژ ئەو كاتە سەر هەڵدەدەن كە لایەنەكانی باسەكە بەڵگەی تەواویان پێ نییە. چەقدابەستن و شكەنجە لە ئیلاهیاتدا هەن، بەڵام بۆ ماتماتیك بەكار نایەن، چونكە ماتماتیك سەروكاری لە گەڵ زانستە، بەڵام ئیلاهیات تەنیا باوەڕ و بۆچوونە. كە وابوو كاتێك دەبینی جیاوازیی بیروڕا تووڕەت دەكا وریا بە! لەوانەیە ئەگەر هەندێك لێی ورد بییەوە تێ بگەی كە پاڵپشتێكی قایمت نییە بۆ ڕوانگەكەت.

 

ڕێگایەكی باش بۆ ئەوەی خۆتان لە دەمارگرژی‌و وشكەباوەڕی ڕزگار بكەن ئەوەیە لە بڕوای ئەو دۆستانەتان ئاگاداربن كە وەك ئێوە بیر ناكەنەوە. بە گەنجێتی چەند ساڵان دوور لە وڵاتی خۆم، لە وڵاتانی فەڕەنسا و ئاڵمانیا و ئیتاڵیا و ئەمەریكا ژیام. پێموایە ئەوە زۆر دەوری هەبوو لەوەدا كە وشكە باوەڕی و بەرچاوتەنگی لە مندا كەم بێتەوە. ئەگەر تۆ ناتوانی سەفەر بكەی، لەگەڵ ئەو كەسانە بدوێ كە ڕوانگەیان وەك تۆ نییە. ڕۆژنامەی ئەو حیزبانە بخوێنەوە كە بە دڵت نین. ئەگەر ئەو كەسانە و ئەو حیزبانەت پێ سەرلێشێواو و بەدكارە، لە بیرت بێ ئەوانیش ڕەنگە تۆ بەوەبزانن. لەوانەیە هەرتك لاتان لەسەر هەق بن، بەڵام ناكرێ قسەی هیچتان ڕاست نەبێ. ئەو شێوە ڕوانینە واتان لێ دەكا بڕێك زیاتر پارێز بكەن.

 

ئەو كەسانەی خەیاڵی بەهێزیان هەیە با لەخەیاڵی خۆیاندا گفتوگۆ لەگەڵ ئەو كەسانە بكەن كە باوەڕی جیایان هەیە. ئەم شێوازە لەچاو گفتوگۆی ڕاستەوخۆ قازانجی ئەوەیە كە كات‌و شوێنی بۆ نییەو لە هەموو جێیەك و هەمیشە تۆ دەتوانی لە خەیاڵی خۆتدا گفتوگۆی وا بكەی. مهاتما گاندی پێیوابوو ڕێگەی ئاسن‌و پاپۆڕی هەڵم‌و ئاسنەوالەی كارگەكان ژیانی مرۆڤ تێك دەدەن. حەزی دەكرد هەموو دیاردەكانی شۆڕشی سازگەری لە ژیانی مرۆڤ دوورخاتەوە. تۆ لە ئەوروپا لەوانەیە قەت تووشی كەسی وا نەبی كە بڕوایەكی وەك گاندیی هەبێ چونكە لەو وڵاتانە خەڵك لایەنگری دەسكەوتەكانی تێكنۆلۆژیان، بەڵام ئەگەر دەتانەوێ دڵنیا بن لەوەی ئەو باوەڕەی لەنێو خەڵكدا باوە باوەڕێكی ڕەوایە، بۆ تاقیكردنەوە گفتوگۆیەكی خەیاڵی لەگەڵ گاندی بكەن‌و بیهێننە بەرچاو كە گاندی لەوانە بوو بەرانبەر بەو باوەڕە چ قسەیەكی هەبێ. من جاری وابووە لەو گفتوگۆ خەیاڵییانەدا بەڕاستی ڕام گۆڕدراوە، جگە لەوەش گەلێك جار بۆم دەركەوت كە پەی بردن بە ئیمكانی عەقڵانیبوونی نەیارە خەیاڵییەكانم، وشكەباوەڕی‌و دەمارگرژیم تێدا كەمتر دەكاتەوە.

 

بە پارێزەوە قسەی ئەو كەسانە وەرگرن كە دەماری خۆبەلزانیتان دەبزوێنن. لە هەر دە كەس، نۆ كەسیان، چ ژن و چ پیاو باوەڕێكی پتەویان بەوە هەیە كە ڕەگەزی ئەوان بانترە. هەرتك لایەنەكەش بەڵگەیان بۆ سەلماندنی باوەڕی خۆیان زۆرە. تۆ ئەگەر پیاو بی دەتوانی بڵێی زۆربەی ناودارانی ئەدەب و زانست پیاو بوون، ئەگەر ژنیش بی دەتوانی لە وەڵامیدا بڵێی هەرچی تاڵان و كوشتاریش كراوە زۆربەی كاری پیاوان بووە. ئەوە گرێیەك نییە بكرێتەوە بەڵام خۆ بە پێوەردانان ئەو ڕاستییە لە بەرچاوی خەڵك گوم دەكا. ئێمە هەموومان، خەڵكی هەر كوێ بین باوەڕمان بەوە هێناوە كە نەتەوەی ئێمە لە هەموو نەتەوەكان بانترە. گەرچی هەموومان دەزانین هەر نەتەوەیەك چاكەو خراپەی خۆی هەیە، پێوانەی بایەخەكانمان بە جۆرێك دادەڕێژین كە بیسەلمێنین ئەوەی ئێمە لەهی هەموو كەس باشترەو خراپەمان ئەوەندە نییە بەرچاو بێ. لێرەدا مرۆڤی بەئاوەز تێدەگا لە گەڵ پرسێك بەرەوڕووە كە وادیارە ناكرێ وەڵامێكی دروستی پێ بدەینەوە. لە هەموو ئەوانەش دژوارتر ئەوەیە وەك مرۆڤ هێندە خۆمان پێ گەورە نەبێ. تاقە ڕێگا كە بۆ بەرەوڕوبونەوەی ئەو خۆپەرستییە پێم شكدێ ئەوەیە كە لەبیرمان بێ مرۆڤ بەشێكی بچوكە لە ژیانی سەر گۆیەكی بچوك لە گۆشەیەكی بچووكی ئەم جیهانەو وەك دەزانین لە شوێنەكانی دیكەی گەردوونیش لەوانەیە بوونەوەری وا هەبن مێروو لە چاو ئێمە چەندەیە، ئێمە لە چاو ئەوان ئەوەندە بین.