یەكێتی شەویلگی لە قولاپەكەی پارتیدا تەواو گیربووە

15-05-2017 12:53

 

هەڵەی سیاسی بۆ حزبێكی وەك یەكێتی لە ئێستادا ئاكامی گەورەترە لەوەی پێشبینی دەكرێت. سەركردایەتی سیاسی لایەنی كەم دەبێت نەخشەی سیاسی ناوچەكەی خۆی بتوانێت بخوێنێتەوەو لەسەر نەخشە سیاسییەكە مانۆڕو پلانی سیاسی دابڕێژێت. ئەم بۆچونە زۆر بۆ بزوتنەوەی گۆڕان ڕاستنییە، چونكە پێكهاتی ئەم دوو بەرەیەو پێشخانی سیاسی‌و بونیان ئێجگار جیاوازە.

 

گوازرانەوەی پۆلێن لە ئایدۆلۆژیاوە بۆ جیۆپۆلەتیك لە دیفاكتۆدا حاشا هەڵنەگرە، یەكگرتووی ئیسلامی وەك نمونە، ئەگەرچی حیزبێكی ئایدۆلۆژییە، بەڵام زوو لەوە گەشت كە ناچارە تەسلیم بە جیۆپۆلەتیك ببێت، هەر دەم‌و دەست دابەشبون بەسەر بادینان و سۆراندا، یەكگرتوو دەزانێت بۆ ئەوەی بتوانێت ئایدۆلۆژییەكەی پەرە پێبدات دەبێت خۆی بپارێزێت، لە ڕاستیدا هیچ حزبێك لە كوردستاندا هێندەی یەكگرتوو بەهێز نییە لە ئێستاو گەر وا بڕوات لە داهاتوشدا، لەگەڵ ئەوەشدا توانای شەڕی جیۆپۆلەتیكی نییە ئەگەرچی خواستێكی مەزهەبیشی هەبێت.

 

یەكێتی لە ئێستادا نە بە گوێرەی جیۆپۆلەتیك كاری سیاسی دەكات نە سۆسیال دیموكرات، واتە ئاسمان و زەویشی نییە لە سیاسەتدا. ئەو قولاپەی پارتی شەویلگی یەكێتی پێ تاوداوە بەرەو خۆی، بە هەڵەبردنی یەكێتییە لەو ڕاستییەی كە گیرفانی سیاسی نابێتە زەمینەی كاری سیاسی، گەر پارتی پێشوەخت هەژاركردنی خەڵكی گرتبێتەبەر لەم دەڤەرەدا بۆ ئەوەی دوایی وەك شوڵە ماسی لە هێزی سەربازیدا لە پێناو ناندا ڕیزیان بكات لە ژێرناوی جیاواز جیاوازدا تەنها لەبەر ئەوەیە خۆی بگوازێتەوە جیۆپۆلەتیكێكیتر كە لەوێدا پێگەی جەماوەریی ئەوتۆی نییە، كردنی زۆنی ئەم دیو دێگەڵە بە زۆنی كێشەو كردنی زۆنی ئەودیوی بەزۆنی ئاشتی لەبەر یەك هەڵتەكاندنی جیۆپۆلەتیكی گۆڕان‌و یەكێتییە كە یەكەمیان خاوەن زۆرترین گیرفان بەتاڵی ئەم دەڤەرەیەو ئەویتریان زۆرترین گیرفان پڕ.