![](https://peregraf.com/spiral_cms/assets/img/934x500_nopic.jpg)
لەسەفەری پێشووی بۆ لەندەن، چەندجارێك بەتەلەفۆن گفتوگۆم لەگەڵ كاك نەوشیروان كرد، بەردەوام قەلەقیی ئەو پیاوە كە لەپرسیارەكانیدا دەردەكەوت، ئەوە بوو تابزانێت بزووتنەوەی گۆران بەبێ ئەو چی بەسەر دێت. لەگەڕانەوەشیدا چەند جارێك سەردانم كرد، ئەو دەیویست بەكەسانی وەك ئێمە بسەلمێنێت كە چیتر بزوتنەوەی گۆڕان خاوەن دامەزراوەیەو بەسەردانو دوركەوتنەوە چەند مانگییەكەی دەركەوت كە هەڤاڵەكانی دەتوانن بەبێ ئەویش لە بزوتنەوەی گۆڕاندا درێژە بەخەبات بدەن و كاروانی خەباتیان نەوەستێت.
لەسەروبەندی كۆنفرانسی گۆڕان لەسلێمانی، كە بۆ چاوپێكەوتنێكی كورت لەگەڵی دانیشتبوم، لێمپرسی خەونی ئێوە بۆ ئایندە چییە، ئەو پێكەنیو وتی"ئێمە خەونمان نییە، چونكە ئێمە لایەنێكی سیاسین و لایەنی سیاسیش ئامانجی هەیە نەك خەون". ئێستا دوای مەرگی ئەو چیتر بۆ هەڤاڵەكانی لە گۆڕان تەنها كاتی هەڵڕشتنی فرمێسكو دەربڕینی سۆزداری نییە، كاتی باسكردنی خەونەكان نییە، بەڵكو كاتی ئەوەیە شانبخەنە بەرئەو بەرپرسیارێتیەی دەكەوێتە سەرشانیان بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەكانیان، ئەركی ئەوان بەرپرسیارێتیەكی قورسە، چونكە دەستبردن بۆ ئاشتی ئەركی قورسترە لە ڕاگەیاندنی شەڕ.
نەوشیروان مستەفا بەتەنها بۆ خۆی شۆڕشێك بوو، بەدرێژایی ئەو چەند ساڵەی پەیوەندیو نزیكیمان هەبوو، بۆیەكجاریش لێم نەبیست هەڕەشەی شەڕبكات، بەردەوام ئەو بیری لای ئەوەبوو بەخەباتی مەدەنی نەرمو خەباتی پەرلەمانی لە ئامانجەكانی نزیك ببێتەوە.
ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان پێویستە مەرگی سەركردەكەیان توشی سەرەخوڵیان نەكاتو بەپێچەوانەوە هەقوایە گڕوتینێكی تازەیان پێببەخشێت بۆ تازەبوونەوە بە پەیامەكەیان و پیاچوونەوە بەهەڵەكانیاندا، هەق وایە مەرگی ئەو بكەنە بۆنەیەك بۆ نوێ بونەوەی بزوتنەوەكەیانو دروستكردنەوەو ژیانەوەی ئومێد لای خەڵك بەهەنگاوەكانی.
دیارە لایەنەكان بەتایبەتی پارتیو یەكێتی چاوەڕوانییان لەسەر گۆڕانی دوای نەوشیروان مستەفا ئەوەیە، بزانن هەڤاڵەكانی چی دەكەنو چۆن ئەو بۆشاییە پڕدەكەنەوە، هەردوو لایان دوای غیابی نەوشیروان مستەفا تاڕادەیەك هەوڵی نزیكبوونەوە دروست دەكەن، نزیكبوونەوەیەك كە مەرگی نەوشیروان مستەفا بگۆڕن بۆ مەرگی بزوتنەوەی گۆڕانو چیدی خاڵی لەیەكچونیان لەهەژمارد نەیەت، بەڵام ئەركی سەركردەكانی گۆڕان بەپێچەوانەوە ئەوەیە گاپی نێوانیان لەڕووی چۆنایەتیەوە فراوانتر بكەنو ڕێگەنەدەن خاڵی لەیەكچوونیان زیاد بكات، بەپێچەوانەشەوە لە ڕووی عەمەلیو كاری هاوبەشەوە ئەركی ئەوانە بەردەوام نەخشەڕێگاو بەرنامەی تایبەت بەخۆیان بخەنەڕوو. ئەركی هەڤاڵەكانی نەوشیروان مستەفاو وەفاداری بۆی، ئەوەیە بەزوویی جێگەكەی پڕبكەنەوەو نەهێڵن یەكێتیو پارتی لە دوو حزبی لەیەكچووەوە ببێتە سێ.