دوای مەرگی كاریزما، گۆڕان پێویستە چی نەكات؟

21-05-2017 09:11

 

چاوەكان لەسەر بزوتنەوەی گۆڕانن، پرسیارەكان زۆرن، دوای مەرگی نەوشیروان مستەفا، چیی لێدێت؟ دەبێت چیی بكات‌و چۆن بەڕێوەدەبرێت؟ هاوڕێكانی دەتوانن بەرنامەكەی بپارێزن‌و درێژە پێدەری ڕێگاكەی بن؟ ئەمانەو زۆری دیكەش، بۆ وەڵامی هەندێك لەم پرسیارانە هێشتا زووە.

 

ئەوەی پێویستە لەئێستادا باسبكرێ‌و ببێتە تەوەری گفتوگۆ، ئەو پرسیارەیە كە گۆڕان دەبێت چی نەكات؟ چی نەكات تا وەكو گۆڕان بمێنێتەوە؟ بۆ ئەو دونیایە خەبات بكات كە نەوشیروان مستەفا دواین ساڵەكانی تەمەنی بەتەواوی بۆ تەرخانكردبوو، دونیایەكی جیاواز، خەڵك خۆش بژین، شكۆمەندبن، یاسا سەروەریی‌و پرسینەوە لە دزو گەندەڵكاران.

 

سەركردەكانی گۆڕان دەبێت زۆر ئاگاداربن، هەرگیز نابێت ئەوەبكەن كە پارتی‌و یەكێتی دەیانەوێت، هەرچەندە ئەو دوو حزبە سەردەمانێك شوێنی ئومێدی خەڵكی كوردستان بوون‌و نەوشیروان مستەفاش لە سەرەتای شەستەكانی سەدەی ڕابردوو تا 2006 كاری لەگەڵ كردن، بەڵام كاتێك تێگەیشت لە شوێنی ئومێدەوە بوونەتە سەرچاوەی مەینەتیی، ئیدی دەستبەرداریان بوو، ڕوبەڕویان وەستایەوە.

 

نەوشیروان مستەفا بووە كۆسپی گەورەی بەردەمیان لە زۆر بواردا، مەرگ مەودای نەدا دواین هەنگاوەكانی بنێت، بەڵام ئەوەی بینرا، ئەو ئامادەی سازش نەبوو لە بەها بەرزەكانی مرۆڤ، لەوانەی بۆ دونیایەكی جیاواز و باشتر لەوەی ئێستا پێویستن، هەربۆیە ئەگەر لەدوای دروستبوونی گۆڕان، لە قۆناغێكی زەمەنیدا لەگەڵ یەكێتی یان پارتی پێكهاتبێت، تەنها بە ئومێدێك بەوەی بیانگۆڕێت ئەو كارەی كردووە، نەك لەوەی گەشتبێتە ئەو بڕوایەی لانیكەم بڵێت، ئەو دوو حزبە باشن!.

 

دوای مەرگی نەوشیروان مستەفا، پارتی‌و یەكێتی بەرنامەی تایبەتیان دەبێت بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ دۆخەكەو بزوتنەوەی گۆڕان، ئەوان هێشتا نەوشیروان مستەفا نەنێژرابوو، یەكێكیان داوای نەمانی گۆڕانی كرد‌و ئەوی دیكەیان داوای مانەوەی كرد، بەڵام بە مەرجی كاركردن بۆ ئامانجەكانی ئەوان!.

 

چەند كاتژمێرێك بوو مەرگی نەوشیروان مستەفا ڕاگەیەندرا، مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە بەیانێكدا بە فەرمی وتی"سەرەرای جیاوازییەكانی نێوانمان، پێمان باشە دواچارەسەری نێوان یەكێتی و گۆڕان، هەروەكو چەندین جار گوتومانە، بەیەكگرتنەوەی هەردوولامان، مژدانەی گەلەكەمان بێ و بەم یەكگرتنەوەیەش، رۆحی كاك نەوشیروان وەكو هاوڕێ دێرینی جەنابی مام جەلال و تێكۆشەرێكی دامەزرێنەری یەكێتی و رۆڵی مێژوویی لە خەباتی مێژوویی شۆڕشی نوێ دا، شاد و هەستی هاوڕێیەتی و هاوخەباتی مام جەلال-یش ئاسودە دەبێ."

 

یەكێتی خۆی دەزانێت جیاوازن، بەڵام داوای یەكگرتنەوە دەكات، ئەویش بەمانای نەمانی گۆڕان! گۆڕانێك كە چەوتیی سیاسەت‌و كارەكانی یەكێتی دروستیكرد، گۆڕانێك كە دژوەستانەوەو بەرەنگاریی یەكێتی دەبێت كاری لەپێشینەی بێت‌و خەبات لەوپێناوەدا درێژە پێبدات، بەڵام یەكێتی بۆ ئەو داوایە دەكات؟.

 

ئەو حزبە مەرگی نەوشیروان مستەفای بەجۆرێك قۆستوەتەوە پەیامی ئەوەی لێدەخوێندرێتەوە كە پێیوایە گۆڕان دوای نەوشیروان مستەفا وەك گەڵای پایز هەڵدەوەرێت، بەدەر لەوەش واژۆی نەوشیروان مستەفا لەسەر ڕێككەوتنێكی نێوانیان كە ساڵێك زیاترە مرەكەبی سەر كاغەزە، یەكێتی دەیەوێت سوودی لێوەربگرێت‌و سۆزی خەڵكی پێڕابكێشێت، نەك جێبەجێی بكات! ئاخر یەكگرتنەوە خاڵێكی ئەو ڕێككەوتنەیە كە دوای جێبەجێبوونی خاڵەكانی دیكە پڕۆسەیەك دروستی بكات، خێرە یەكێتی باڵی گرتووەو لەسەر ئەو خاڵە نیشتوەتەوە؟.

 

پارتیش هاوشانی یەكێتی، هەرچەندە ئەو داوای یەكگرتنی نەكرد، چونكە دەزانێت داوایەكی هەزەلی دەردەچێت، بەڵام نێچیرڤان بارزانی كەسی دووەمی ئەو حزبەو سەرۆكی حكومەت بەرلە ناشتنی تەرمی نەوشیروان مستەفا ڕایگەیاند"هیوادارم بزووتنەوەی گۆڕان و لایەنگرانی خوالێخۆشبوو نەوشیروان مستەفا بۆ خزمەتی كوردستان و ئامانجە هاوبەشەكانی گەلەكەمان بەردەوام بن."

 

ئەو دەیەوێت گۆڕان تەنها بۆ هێنانەدی ئەو ئامانجانە بمێنێت كە هاوبەشە لەگەڵ ئەوان، ئەی ئەو ئامانجانەی جیاوازن؟ كە ئەمە جەوهەری بزوتنەوەی گۆڕانە، پەیامەكەی نێچیرڤان بارزانی ڕوونە كە ئەوان ناخوازن گۆڕان بمێنێت بۆ كاركردن لەسەر ئامانجە جیاوازەكان، بەوجۆرەی لە ڕابردوودا هەبووە.

 

جیاواز مانەوە لە یەكێتی‌و پارتی، نەك هەر ئەركی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕانە، بەڵكو مانەوەی وەك حزب‌و ڕێكخراوێكی جەماوەریی بەندە بەو خاڵەوە، نەوشیروان مستەفا ڕەنگڕێژی ڕێگاكەی كرد، بەڵام مەرگ ڕێگەی نەدا بگاتە مەنزڵ.

 

بابزانین هاوڕێكانی درێژەپێدەری ئەو ڕێگایە دەبن، یاخود دەگەڕێنەوە بۆ پاروی چەوری "ماڵە گەورەكە" كە هەندێكیان گیرفانیان بۆی دەخورێت!.