بۆچی گۆڕان نایەوێت كاك نەوشیروان بمرێت؟

28-05-2017 04:02

 

ئەڵبەتە هەر بزوتنەوەیەك مافی خۆیەتی سیمبولێك بۆخۆی بڕیار بدات، بەڵام لەحاڵەتی گۆڕاندا دەبێت هەڵوەستەیەك بكەین، چونكە جیاوازییەك هەیە.


گۆڕان وەك بزوتنەوەیەكی نوێخواز لەسەر چەند بنەمایەك ڕاوەستاوە نەك لەسەر بنەمای شەخسانییەت‌و كاریزما، بەڵام لەئێستادا ئەم شتانە پێچەوانە بونەتەوە.

 

- گۆڕان خاوەنی ئایدیایەكی ئاشكرا نییە.


- پەیڕەو و پرۆگرامێكی چەسپاوی نییە.


- ئەندامەكانی وەك ئەندامی حزبە ئایدیۆلۆژییەكان (ئیخوان‌و پەكەكە بەنموونە) پەروەردە نەكراون، بەڵكو تەنیا لە دەوری كەسێتی نەوشیروان مستەفاو كۆمەڵێك خەون كۆبونەتەوە.


- ئەندامان‌و جەماوەری گۆڕان هیچ شتێك پێكیانەوە نابەستێتەوە، نە ئایدیۆلۆژیا، (لەم پەڕی چەپ بۆ ئەو پەڕی ئیسلامیی تێدایە) نە تەماحێك (گۆڕان خاوەنی دەسەڵات نییە) ئەوەی پێكیەوە دەبەستنەوە كاریزمای نەوشیروان مستەفابوو، تەمەنی سیاسی گۆڕان كورتەو پڕێتی لە قەیران لەو تەمەنەدا. لەبەرئەوە تائێستا وەك بنەماو بنكەو سەركرادیەتیش نەمەییوە، بۆیە هەڵوەشانەوەی ئاسانە.

 

- لەئێستادا كەسێك نییە وەك كاریزما جێگەی كاك نەوشیروان بگرێتەوەو بتوانێت هەموو باڵەكان پێكەوە گرێبداتەوە.

 


- تائێستاش وەك بنەماڵە دیسان نەوشیروان مستەفا كاری لەسەر نەكردووە بۆیە بنەماڵەكەی ناتوانن دەست بەسەر گۆڕاندا بگرن‌و نەهێڵن توشی هەڵوەشان ببێت، دەوربەرەكەی گۆڕان كە چاویان تێبڕیوە هەریەكێك دەتوانێت پشكی خۆی لێبەرێت، ئەوان بەهێزن، یەكێتی لەلایەك، كۆمەڵ و پەكەكەش بەهەمان شێوە.

 


بۆیە گۆڕان پیویستیان بەوەیە كاك نەوشیروان بە مردوییش بكەنە ئایكۆنێك، گۆڕی ئەو لە گردی زەرگەتە ئەو هێمایەیە كەدەیبینین، لەئایندەشدا دەبینین گۆڕەكەی كاك نەوشیروان دەبێتە مەزارێكی گەورەو سیمبولی وەلا‌و سەردانی گۆڕەكەی ئەو دەبێت.