پرسەنامە

05-06-2017 03:09

 

گەر ئەو دیوی پرسەنامە بخوێنینەوە، دەتوانین جگە لە ڕووكارە تەشریفاتی و موجامەلەیییەكەی، ئەم خەسڵەتانەی تری ببینین:

 

١- غەم و نیگەرانی:
پرسەنامەكان دەربڕینی غەم و نیگەرانین بۆ كۆچكردوو، بەڵام ئایا غەم و نیگەرانی لە پرسەنامەدا دەتوانێت تەعبیر لە خۆی بكات؟ غەم لە دەروون\دڵ دایە، دەروونناسی دەڵێت، بۆ ئەوەی غەم لە دەرووندا زۆر پەنگ نەخواتەوە و مرۆڤ بەرگەی بگرێت، پەنا بۆ گریان دەبات، گریان نەفەسێكە بۆ سوككردنی غەمی ناو دەروون، ئەدەب و هونەریش بە ڕێگەی خۆیان غەمی ناو دڵ دەگۆڕن بۆ بەرهەم.
پرسەنامە نە گریانی مرۆڤێكی ئاسایییە، نە بەرهەمێكی هونەری و ئەدەبییە، بۆیە ئەو غەم و نیگەرانییەی بەیانی دەكات، تەنها نماییشییە، نماییشێك جارێك دەبێتە چالاكییەك بۆ خاوەن پرسەنامە و بوونی نماییشیی خۆی تێدا دەردەخات، جارێكیش كە غەم و نیگەرانیی نماییش دەكات، دڵتەنگی لە ڕەهەندی ئەنتۆلۆجی بەتاڵ دەكاتەوە و دەیكاتە كاڵا، كاڵای ڕاگەیاندن و بۆنەكان، كە غەم بوو بە كاڵا فڕێ دەدرێت و بیر دەچێتەوە، بۆیە غەم و نیگەرانیی ناو پرسەنامەكان، دروستكراو و درۆ زیاتر نیین.

 

٢- سڵاو:
پرسەنامەكان سڵاو دەنێرن بۆ گیانی مردوو، سڵاو چییە؟ مردوو یان گیانی مردوو چ پێویستی بە سڵاوە؟ سڵاو بۆ ئەوەیە بە ڕوویەكی خۆش و كراوە و سیمایەكی ئاشتیخوازانەوە بە ئەوی تر بگەیت، كە مردن پێوەندیی كەسێك بە ژیانەوە دەپچڕێنێت، چۆن دەتوانین بە سڵاوكردن لێی كراوەیی و ئاشتیخوازیی خۆمانی بۆ دەربخەین. سڵاوكردن نامۆیی و زبریی پێوەندیی نێوان سڵاوكەر و سڵاولێكراو هێور دەكاتەوە، بەڵام پێوەندیی ئێمە و مردوو پچڕاوە، ئیتر سڵاوكردن بۆ چییە؟ بۆیە سڵاوی ناو پرسەنامەكان وەك وشەیەكی بێ ناوەرۆك و بێ مانایە و ناگاتە جێ‌، هەر هیچ نەبێت سڵاو ڕەقی و ناخۆشیی ناو پێوەندییەك كەمێك نەرم و سازگار دەكاتەوە، ئەی سڵاو بۆ مردوو چی دەكات؟

 

٣- ڕێز:
پرسەنامەكان بە دەنگی بڵند ڕێز لە مردوو دەنێن، بەڵام ئایا دەربڕینی ڕێز بۆ مردوو، مرۆڤدۆستی دەگەیەنێت؟ ڕێزگرتن لە مردوو، گەر مجالەمە و ساختەكاریش نەبێت، لە بریی ڕەوشتێك بۆ دەرەوە و ئەوانی تر، بۆ ناوەوەی مرۆڤ ئاراستەی دەكرێت، واتە ڕێزگر تەنها دەروونی خۆی پێ ئاسوودە دەكات و دەیەوێت ویژدانی ئازار نەچێژێت، بۆیە ئەمە مەرج نییە مرۆڤدۆستی بگەیەنێت، بەڵكوو زۆر جار ڕێزگرتن دەگۆڕێت بۆ دروشم، دروشمیش پەیامێكی بێ ناوەرۆكە، یاخود بێنرخكردنی ناوەرۆكە، چونكە دروشم هەوڵ دەدات، پەیام لە ئاستی قسەدا بهێڵێتەوە و نەگۆڕێت بۆ كردار، دروشم پەرۆشی و ڕۆحی جیدیەت دەكوژێت، بۆیە یەكێك لە ئامانجەكانی پرسەنامە بە دروشمكردنی پەیامەكانە لە ژێر ناوی ڕێزلێگرتندا.

 

٤- داواكاری:
پرسەنامەكان هەمیشە داواكارییان تێدایە، جارێك بە زمانی دینی داوا دەكرێت كۆچكردوو جێگەی بەهەشتی خودا بێت، جارێكی بە زمانی سیاسی و كۆمەڵایەتی داوا دەكرێت و ڕێچكە و ڕێبازەكەی بەرنەدرێت و سوور بن لە سەر بەرنامە و خەباتەكەی.
داواكاری بە زمانی دینی و ئایدیۆلۆژی زۆر جار، سیفەتێكی ناچالاكی هەیە، ئەوەی داوا دەكات، تەنها دەخوازێت، تەنها دوعا دەكات، نەك كار بۆ ئەو داوایانە بكات، بۆیە داواكاران لێرەدا بكەر نین، پاسیڤ و لەكارداماڵراون، لەبریی ئەوەی بیر لە مردن بكەنەوە، خواست بۆ مردوو هەڵدەڕێژن، لە بریی ئەوەی ڕەهەندی بیركردنەوەی دونیایی بەهێز بكەن، ڕەهەندی میتافیزیكی و بێدەسەڵاتیی مرۆڤ تۆخ دەكەنەوە.
ئەمانە هەندێك بوون لە دیوە نەبینراوەكانی پرسەنامەكان، كەواتە ئای لە گەوجیی ئەوانەی حیسابی گەورە و ئومێدیی مەزنیان بە درێژی و كورتی، یان گەرمی و ساردیی پرسەنامەكان هەیە!