قەلەقی لەسەر ئایندەی گۆڕان

22-06-2017 03:01

 

هەموومان دەزانین لەسەرەتای دروستبونیدا بزووتنەوەی گۆڕان چ تەحەدایەكی گەورەی سیاسی و كۆمەڵایەتی بەرهەمهێنا بۆ ئەوەی گۆڕانگاری قوڵ دروست بكات. گۆڕان تەنها بزاڤێكی سیاسی مجەرەد نەبوو بەڵكو بزاڤێكی كۆمەڵایەتی نەوعیش بوو بۆ شكاندنی ئەو چوارچێوە باوەی دنیای سیاسەت و كۆمەڵایەتی كە زیاتر لەنیو سەدەی ڕابردوو جێكەوتەبوو، بۆیە دڵنیام ئەگەر مێژووی بزاڤی هاوچەرخی كورد بە ئەمانەتەوە بنوسرێتەوە، ئەوا گۆڕان بەشێكی گەورە لەوشانازییەی بەرئەكەوێت.

 

ڕەنگە ئەوەنە بەس بێت بۆ دیاریكردنی پێگەی سیاسی و كۆمەڵایەتی بزووتنەوەی گۆڕان تا ئەوكاتەی نەوشیروان مستەفا ڕابەرایەتی ئەكرد. بەڵام ئەوەی لەئێستادا گرنگە باس بكرێت و چاودێری بكرێت، تەنها ڕابردوەكەی نییە بەڵكو ئایندەكەیەتی، چونكە دواجار گەر هەڵسەنگاند بۆسەركەوتن و دەرئەنجام بكرێت، ئەوە چاوخستنە سەر ئەو هەنگاوانەیە كە دەیگەیەنێتە نەتیجەیەك كە شایستەو هاوسەنگ بێت لەگەڵ خواست و دروشمەكانیدا.

 

قۆناغی دوای نەوشیروان مستەفا لە گۆڕان ئەشێت دوو جۆربێت، جۆرێك درێژە پێدەری ئەو پەیام‌و بەڵێنانە بێت كە بوەتە ناسنامەی گۆڕان و بزووتنەوەكەی پێدەناسرێتەوە، بەپێچەوانەی بۆچوونی ئەوانەی لایان وابوو دوای نەوشیروان مستەفا، گۆڕان حاڵی لە یەكێتی باشتر نابێت، واتە تەجاوزكردنی ئەم قۆناغە بۆ گۆڕان ئاسانتر نییە لە قۆناغی سەرەتای دروستكردنی بزووتنەوەكە، بۆیە دواجار لەمێژووی خۆیدا گۆڕان دەبێتە خاوەن دوو مێژوو، یەكێكیان ئەوی حزوری نەوشیروان مستەفای تیابوو كە سەرباری هەر سەرنج‌و تێبینییەك، بەڵام بەسەركەوتوانە بەكۆڵانە تەسكەكانی ململانێ‌و دەستبەرداربوون لە ئیمتیازی حزبی و شەخسی گوزەری كرد و جوانییەكی بۆ گۆڕان و گۆڕانخوازەكان تۆماركرد، لەگەڵ ئەم قۆناغە تازەیەی ئێستا كە ئەركی گەورەی تێپەڕاندنی دەكەوێتە سەر شانی سێ‌ گروپ، یەكەم، كوڕ و خزمەكانی، دووەم، برادەرەكانی، سێهەم، گۆڕان بەگشتی.

 

ئێستا چاوەكان لەسەر ئەوەیە، تابزانرێت كەسە نزیكەكانی نەوشیروان مستەفا، ئەوانەی لەگۆڕان خاوەن بڕیارو قسەن، تاچەندە وەفادارن بەدروشم و پەیامەكانی. لەم ساتانەدا ئەركی گۆڕان لەجاران سەختترە، چونكە جاران قورس و سەخت بوو بەدەر لە چوارچێوە باوەكە جوڵەی سیاسی بەرهەمدار بكرێت، ئاواش بۆئێستا قورسە بەڵام موستەحیلیش نییە گۆڕان بیسەلمێنێت كە خاوەنی دامەزراوەیەو غیابی كاك نەوشیروان پڕۆژەكانی پێشووی یەكسان ناكاتەوە بە حزبی بنەماڵەو هەڵوەرین و تەكەتول بازی و بەرژەوەندی خوازیی شەخسی. گۆڕان بیەوێت یان نا، تازە بووتە واجیهەی ڕیفۆرم‌و سەری گۆڕانكاری لەكۆمەڵگە، بۆیە هەق نییە والێكبدرێتەوە گۆڕان بەتەنها هەر هی ئەوانە بێت كە كەسی نزیكی كاك نەوشیروان و ئەوانەشی كە خۆیان بەگۆڕان دەزانن، بەڵكو گۆڕان هی هەموو ئەوانەیە خەون بەگۆڕانكارییەوە دەبینن و چاویان لەسەر ئەوەیە گۆڕان بەهەنگاوەكانی ڕێگاكە ببڕێت و بپەڕێتەوە كەناری ئارامی، ئاخر خۆناكرێت هەنسك‌و هاوارو گریانی ئەو جەماوەرە وەك خۆی نەبینرێت‌و لێكدانەوەی قوڵی بۆنەكرێت، بۆیە دەبێت گۆڕانەكان تێگەیشتنی قوڵیان هەبێت بۆ ئەو قەلەقی‌و دڵەراوكێیەی لەسەر هەنگاوەكانی ئایندەی كەسەنزیكەكانی نەوشیروان مستەفا هەیانە، چونكە هەر ئەو دنیابینییە جیاوازەشە دەبێتە گرەنتی فراوان بوونەوە و بەردەوامی و سەركەوتنی بزووتنەوەی گۆڕان.