
نەوشیروان مستەفا درێغیی نەكرد لەوەی بەشێك لە تەمەنی بە نیشتیمانەكەی ببەخشێت، بەڵام مادام خۆی دەڵێت "هەڵەم كردووە"، ئێمە دەبێت تەقدیسی نەكەین، شەرم لە دركاندنی هەڵەكانی نەكەینو ببن بە وانەیەك بۆ سەركردەو نەوەی نوێ.
زۆربەی سەركردەو ڕابەرەكانی كورد لە هەرێمدا لە گەنجێتییدا وەك شۆڕشگێڕ و خەمخۆرێكی نیشتیمان دەركەوتونو لەدوا قۆناغەكانی تەمەنیاندا، بە دەستی خۆیان ئەم وێنەیەیان شێواندووە تا ئەو شوێنەی خەڵك دوعای كردووە ڕزگاری ببێت لە دەستیان. نەوشیروان مستەفا وێنەكە پێچەوانە دەكاتەوە. نەوشیروان مستەفا سیاسییەكی تافانەیە كە تا پیرتر دەبوو، لای خەڵك شیرینتر دەبوو.
لە ڕووە نێگەتیڤەكەیەوە، لە هەڕەتی لاوییو گەنجییدا، ئەو بەشداربووە لە چەندین هەڵەی سیاسیی گەورە، لەوانە بەشداریی ڕاستەوخۆ لە شەڕی ناوخۆدا، تۆڵەسەندنەوە لەسەر حیزبەكەیو سەیركردنی بەرژەوەندییەكانی حیزب/تەكەتولەكەی وەك شتێكی بەنرختر لە بەرژەوەندییەكانی نیشتیمانو باڵاتر لەهەر بونەوەرێك.
لە ڕووە پۆزەتیڤەكەیەوە ئەو یەكێكە لەو ڕابەرە دەگمەنانەی بزووتنەوەی سیاسیی لە هەرێمی كوردستاندا كە لە ڕابردووی خۆی هەڵدەگەڕێتەوە، یاخیی دەبێتو نمونەیەكی نوێ پێشكەشدەكات. لە گەیشتنی بە شار، بەپێی ڤیدیۆكانی، داوای حوكمی یاساو سنوردانان بۆ دەوڵەمەندبونی خێرای مەسولەكان بەرامبەر بە هەژاربونی خێرای خەڵكی، كردووە.
تا ئەم ساتەوەختەش، نەوشیروان مستەفا ناتوانێت ئەو كەسایەتییەی لەناویدایەو داوای وەفاو مانەوە لەگەڵ هاوڕێكانی دەكات، لەناوبەرێت و بەشی زۆری وزەكەی بۆ بونیاتنانی نیشتیمان خەرجبكات. لای كەم، هێشتا تەواو بێئومێد نەبووە لێیان، دەستبەرداریان نابێتو ڕەنگیشە دڵنیا نەبووبێت لەوەی دەرفەتی جێهێشتنیان لە ئارادایە. وەك كۆمەڵناسان دەڵێن، كە جیلێكی سیاسیی زاكیرەیەكی هاوبەشو بەرژەوەندیی هاوبەشیان دەبێت، ئەستەمە یەكتر جێبهێڵن. لەو سەردەمەدا، نەوشیروان مستەفاش نەیتوانیوە لەو بازنەیە بێتە دەرەوە (دوپاتی دەكەمەوە: خۆی دەڵێت بەرپرسیارێتی هەڵەكانی یەكێتییش لە ئەستۆ دەگرم!).
وەك هەر كەسێكی تر، نەوشیروان مستەفا لە چەندین كەسایەتی پێكهاتووە. لە دەستپێكی سەدەی بیستویەكدا، بە دەم دەوڵەمەندبونی ئەزمونە سیاسییەكەیو پەیدابونی دەرفەتەوە، ئەو بۆ دواجار بڕیاردەدات دوای كەسایەتییەكی تری ناخی خۆی بكەوێت، هەوڵیداوە بە یەكجاریی لە كەسایەتییەكەی سەردەمی شاخی دوور بكەوێتەوەو داببڕێت لێی. لێرەوە بیر لەوەدەكاتەوە ببێت بە ڕابەری كەلتوری دژەگەندەڵیی. ئەو ئیتر ئیش لەسەر بەرزكردنەوەی عیزەتی نەفسی ئینسانە تێكشكاوەكەی كورد دەكاتو لە ڕاچڵەكاندنی نەوەی نوێ، كە خەریكە لەبەردەم ئیمتیازاتدا چۆكدادەدات، بەشدارییەكی گرنگ دەكات، ئینجا دەیەوێت هەڵبژاردنو پەرلەمانو دەستاودەستكردنی دەستەڵات بە یەكجاریی ببن بە ئاڵتەرناتیڤی شەڕی ناوخۆ.
بەمەش بەرگی تۆمەتی "ئەندازیاری شەڕی ناوخۆ" دادەكەنێت. هەر ڕەخنەیەكمان هەبێت لێی، بەو هۆیەوە بەدەم ڕێگاوە خۆی گۆڕیوە و لە ئامانجە ئینسانییو نیشتمانییەكانی سەردەمی ئێمە نزیكبوەتەوە، ئەو شایستەی ڕێزلێنان و تەقدیرە.
هێشتا كات ماوە،
- ئەگەر سەركردەیەكی دیكەش دەیەوێت دەرس لە هەڵەكانی خۆی وەرگرێت، كۆتایی بە سەردەمی مونافسەی شەڕانگێزانەی یەكترو سڕینەوەی یەكتر بهێنێت، چیتر لە پەنا هاوڕێكانیدا نەمێنێتەوە ئەگەر دەزانێت خەریكی تاڵانییو سەركوتكردنی خەڵكن، لەمڕۆ نزیكتر نییەو با دەستپێبكات، سەروەریی بۆ خۆی تۆماربكات و بەشێك لە خۆشەویستیی خەڵكی كوردستان بباتەوە.
- ئەگەر نەوەی نوێ دەیەوێت دەستپێبكاتەوە، ئەوا ئەزمونی نەوشیروان مستەفا لایكەم ئەوەی پێدەڵێت كە ڕابەری داهاتوو ئەو كەسانەن بەشێك لە وزەی خۆیان بۆ كۆتایهێنان بە شەڕی ناوخۆ خەرجدەكەن، هەروەها ئینتیمایان بۆ نیشتیمانو ئینسانیەت هەمیشە بەهێزتر دەبێت لە ئینتیما بۆ هاوتەكەتولو حیزبەكەیان، لەمانەش گرنگتر، لە قۆناغەكانی تەمەندا، خۆڕاگرو قورسو سەنگین دەبنو زوو دەگەڕێنەوە سەر ڕێگای خزمەتكردن كاتێك هەست بە لادانو لاوازییەكانی خۆیان دەكەن.