ئایندەت لەسەر نمرەكانت نەوەستاوە

25-07-2017 02:08

 

نە ئەوانەی نمرەی كەمیان هێناوە ئایندەیان لە كیسچوەو نە ئەوانەی نمرەی بەرزیان هێناوە ئایندەیان بردووەتەوە. ڕاستییەكەی ئەوەیە كۆمەڵێك پێوەری هەڵە دەربارەی بردنەوەو دۆڕان فێركراویت.

 

سەركەوتنی تۆ بەرلە هەموو شت فێربونی زانستێكە تا كۆنتڕۆڵی كەسایەتی خۆت بكەیت، لە گرژییە دەرونییەكانت ڕزگارت ببێت، زاڵبیت بەسەر ئەزمەكانی ژیانتدا، پاشان پەیداكردنی كار و پارەیە. ئەمەش لەسەر ئاستی نمرەكانت نەوەستاوە.

 

ئەگەر نمرەت بەرزە یان نزم، باشترین شت ئەوەیە بە خۆت بڵێیت: هێشتا زۆر لە سەرەتادام.. پڕۆسەی فێربون كۆتایی نایەت‌و بەبێ فێربونیش هیچ سەركەوتنێك تۆمارناكرێت. ئیشی ئێستا خۆپاكردنەوەو خۆڕزگاركردنە لەو پەروەردە فاشیلەی تێكڕای نمرەی لە تۆدا كرد بە گرێی دەرونیی.

 

بۆ ئەوانەی موبالەغەدەكەن بە دڵخۆشییەكەیانەوە، ئەوەت لە بیربێت، كە نمرەكەت هەرچەند بێت، بەم زووانە توشی شۆكی یەكەم دەبیت، كە بریتییە لە بەتاڵیی مەعریفیی زانكۆكانی كوردستان. پاشان بەر ئەو نایەكسانییە گەورەیە دەكەویت كە لە دابەشكردنی داهات‌و دەرفەتدا لە بازاڕدا هەیە، بە هەردوو كەرتی گشتیی‌و تایبەتەوەـ بەرامبەر بە بڕوانامەكەت نائومێدت دەكات.

 

خۆشبەختانە، لە سایەی جیهانگیرییدا، دەرفەتی نوێ كراوەتەوەو پێگەی دەسگا ئەكادیمییەكانی ناوخۆی لەقكردووە، بەتایبەت لەوەدا كە چارەنوس‌و نمرە چیتر گرێدراوی یەكتر نابن. لە چەند ڕۆژی ڕابردودا چەند كۆمپانیایەك دەرگای چەندین زانكۆی جیهانیان بە ڕوی خوێندكارانی كورددا كردەوە، بە هەزاران كەس ڕوویان تێكرد. خۆت لە گرێی تێكڕای نمرە ڕزگاربكە، چیتر بڕیاردەری ئایندەی تۆ نابن. ئەمڕۆ یان سبەی، تەمەن بواردەدات تۆش دەستت لە یەكێك لەو دەرفەتانە گیرببێت، بە مەرجێك بەردەوامبیت لە هەوڵدان.

 

هیشتا دەرفەتت لەكیسنەچووە لە پەروەردەو خوێندنی فاشیلی كوردیی خۆت ڕزگاربكەیت، سەرلەنوێ خۆت پەروەردە بكەیتەوەو بەهرەمەندییەكانت بگەیەنیتە ئاستی جیهانی تا لە بازاڕی لۆكاڵدا فەرامۆشنەكرێیت.