دیمەنی هەڵبژاردنەكانی ناو گۆڕان لەگۆشەیەكی ترەوە

26-07-2017 06:05

 

دوای كاك نەوشیروان، من یەكێك لەو كەسانە بووم، كە ڕام وابوو بزووتنەوەكە بەرگەی ئەو گوشارو لۆدە زۆرە ناگرێت لەسەری دروست كرا بوو، ئەزموونی حزبایەتی لەباشوور ئەو وێنەیەیی نیشاندابووین، غیابی سەركردە، یانی غیابی ئەقڵ‌و یەكسان‌و هاوتایە بەمردنی ڕۆحی زیندووی هەموو ئەندامانی حزب.

 

لێرەوە بەدەر لەو ڕەخنەو سەرنجانەی لەسەر چۆنیەتی هەڵبژاردنەكە هەیە، دەتوانین دیمەنەكە بەشێوەكەی تریش ببینین، كە بڕێك ئینساف‌و وردبینی زیاتری تێدابێت، لەوانە:

 

• لەماوەیەكی كەمدا گۆڕان ئیرادەی نیشاندا بۆ پركردنەوەی ئەو پۆستانە بە پۆستی ڕێكخەری گشتیشەوە.

 

• گۆڕان بەم هەنگاوەی توانی ناوماڵی خۆی لەپرشوبڵاوی كۆبكاتەوەو ڕێگە نەدات گرەو لەسەر ئەوە بكرێت مەرگی سەركردەكەیان یەكسانە بەمەرگی بزووتنەوەكە.

 

• ڕێكخەر بەچەپڵە ڕێزان پۆستەكەی وەرنەگرت‌و سەرباری ئەوەی منافسیشی نەبوو، بەڵام لە هەڵبژاردندا كۆمەڵێك دەنگی سپی هەبوو.

 

• گۆڕان وەك پارتەكانی تر، كەسی خانەوادەی كاك نەوشیروان بەشداری كێبەڕكێكەیان نەكرد، تەنیا كاك حەمە تۆفیق كەئەویش وەك ئەوانی تر هەقی خۆی بوو بەشداری هەڵبژاردنەكە بێت، دیارە كەمترین دەنگیشی هێناو 22 دەنگی سپی هەبوو.

 

• كێبەڕكێ لەسەر پۆستەكان وەك ململانێی باوی حزبایەتی بەڕادەی ئێسك شكاندنی یەكتر توند نەبوو، ئەوەش وایكرد تاڕادەیەك هێمنی ناوخۆیان بپارێزن‌و بەپێچەوانەی ئەوەی لەناو زۆربەی پارتەكان ئەبینرێ‌، لەدوای پۆست دابەشكردن گرژی زۆر دروست دەبێت، لەناو گۆڕان تاڕادەیەك ئاشتبوونەوەش هاتە پێشەوە‌و بوە ڕەواندنەوەی هەندێك لەگرژییەكانی پێشوویان.

 

• سەرباری هەژموونی پارتەكانی دەسەڵات، یەكێتی‌و پارتی، هەروەها كاریگەری ئیقلیمی‌و ناوخۆی عێراقیش، گۆڕان تاڕادەیەكی زۆر توانی ئەوەبكات، كە خۆیان قەناعەتیان پێی هەبوو.

 

بۆیە سەرباری هەر تێڕوانینێكی ڕەخنەگرانەی تر، كە گۆڕان دەیتوانی لەوەباشترو سەركەوتوانەتر هەڵبژاردن بكات، بەڵام بەم هەنگاوەیان توانییان مەترسییە گەورەكە تێپەڕێنن، كە ئەویش پاراستنی یەكێتی ناو بزووتنەوەكەیان بوو، بۆیە لەپاڵ ڕەخنەو تێبینییەكان شتێكی تریش هەیە هەقی خۆیەتی وەك قەبارەی خۆی ببینرێت‌و تیشكی لەسەربێت.