گەمەی ڕیفراندۆم لە "ناوچەی جێناكۆك": كوردستان بە ئامانجەكەی دەگات؟

31-07-2017 03:12

 

بە ‌بڕیاری سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانی عێراق، "ناوچەی جێناكۆك" لە نێوان هەولێر و بەغدا، ڕیفراندۆم دەیگرێتەوە، بەڵام پێناچێت سەركردایەتی كورد بیری لە وێنە گەورەكەی پڕۆسەكە و دەرئەنجامەكانی كردبێتەوە، ریفراندۆم چۆن دەكرێت؟ تەحەدییەكانی چین؟ تائێستا وەڵامی ئەمانە روون نین، بۆیە خودی ئەنجامی پرۆسەكە پێناچێت بێكێشە بێت.

 

7-6ی ئەمساڵ- 2017- مەسعود بارزانی، لەگەڵ سەركردە و نوێنەری پارتە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان بێ‌ بزوتنەوەی گۆڕان ‌و كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان كە خاوەنی 30 كورسیی پەرلەمانین كۆبووەوە، بڕیاریاندا رۆژی 25ی ئەیلولی 2017 لەهەرێمی كوردستان‌و “ناوچەی جێناكۆك” ریفراندۆم سازبكرێت.

 

پرۆسەكە سەرباری بڕیارلێدان و دروستكردنی هەڵایەكی میدیایی گەورە، هەنگاو و ئامادەكارییەكان بۆ ئەو مەبەستە سستن، ئەمە سەرەڕای دەیان ئاستەنگی جۆراوجۆر لەوانە ئەمنی، سیاسیی و یاسایی‌، ئەمانە پێماندەڵێن كە هەردوو ئەگەری سازدان و سازنەدانی ریفراندۆم لەئارادایە.

 

ئاستەنگی ئەمنیی

 

ژمارەیەك یەكەی ئیداریی لە‌ “ناوچەی جێناكۆك”دا، هێشتا لە ژێر دەسەڵاتی داعشدان ‌و بەوهۆیەوە ناتوانرێت ریفراندۆمیان تێدا ئەنجامبدرێت، لەوانە قەزای حەویجە لە پارێزگای كەركوك و ناحییەكانی (زاب، رەشاد، ریازو عەباسی) لە هەمان قەزا كە لە سەدا 32ی پارێزگای كەركوك پێكدەهێنن بەپیێ راگەیاندنەكانی ئیدارەی كەركوك.

 

هێشتا هەندێك “ناوچەی جێناكۆك”‌ كە بڕیاری ریفراندۆم دەیانگرێتەوە، ئارام نین لەوانە قەزای شەنگال و ناوچەكانی دەوروبەری لە پارێزگای نەینەوا كە دابەشبوون بەسەر هێزەكانی پێشمەرگه، هێزە چەكدارە‌كانی نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) و حەشدی شەعبی سەر بە حكومەتی عیراق.

 

لەكاتێكدا حكومەتی عیراقی دژایەتی سازدانی ریفراندۆم دەكات، زۆرێك لە “ناوچەی جێناكۆك” لەژێر دەسەڵاتی هێزە ئەمنییەكانی بەغدادایە نەك هەولێر، بەتایبەت لە پارێزگای دیالە لەوانە ناحییەكانی (سەعدیە، مەندەلی، قۆرەتوو، بەدرە و جەسان)، هەروەها چەند ناوچەیەكی قەزای شەنگالیش لە‌ نەینەوا.

 

هاوكات، بەشێك لە “ناوچەی جێناكۆك”‌ هێشتا خەڵكەكەی بەهۆی هێرشی داعشەوە نەگەڕاونەتەوە سەر زێدی خۆیان و لە ئاوارەییدا دەژین، لەوانە خەڵكی جەلەولا، سەعدییە و مەندەلی لە پارێزگای دیالە‌و شەنگال و ناحییەكانی دەوربەری لە نەینەوا و سلێمان بەگ لە سەڵاحەدین، جگە لە خەڵكی قەزای حەویجە و ناحییەكانی كە هێشتا بەدەست داعشەوەن‌.

 

ئاستەنگی سیاسەتی‌ ناوخۆیی

 

پێكهاتە جیاوازەكانی “ناوچەی جێناكۆك” لەسەر سازدانی ریفراندۆم ناكۆكن، جگە لە بەشێك لە هێزە سیاسییە كوردییەكان هیچ پێكهاتەیەكی تری نەتەوەیی پشتیوانی پرۆسەكە ناكات، ئەوەش ئاستەنگێكی گەورەی بەردەم ریفراندۆمە.

 

عەرەب و توركمان كە لەبەشێك “ناوچەی جێناكۆك” زۆرینەن دژایەتی ریفراندۆم دەكەن، ئەوەش بەكاریگەریی دانان لەسەر ئەو ئامانجە دادەنرێت كە هەرێمی كوردستان كاری بۆ دەكات و ئەگەری پێچەوانە بوونەوەی خواستەكانی هەرێمی كوردستانە كە بۆ ریفراندۆم هەیەتی‌. بۆ نمونە،‌ بەشی سەرەكی دۆسییەی ئاسایشی قەزای دوزخورماتوو لە پارێزگای سەڵاحەدین كە یەكێكە لە “ناوچەكانی جێناكۆك” بەدەست حەشدی توركمانییەوەیەو بەغدا پشتیوانیان دەكات، دوور نییە لە ڕۆژی ریفراندۆمدا كێشە بۆ دانانی سندوقی دەنگدان دروستبێت بەتایبەت لەدوای شەڕی داعشەوە. لە ناوەڕاستی 2014ەوە،‌ چەند جارێك پێكدادان لەنێوان ئەو هێزەو پێشمەرگە روویداوەو قوربانی هەبووە، گرەنتی نییە دووبارەنەبێتەوە، ئەمە نمونەیەكە بۆ ناحییەكانی سەعدییە، بەدرە ‌و جەسان لە دیالە و شەنگالیش لە موسڵ‌.

 

لەگەڵ ئەوەشدا، لێپرسراوانی هەرێمی كوردستان كە بەرپرسن لە سازدانی‌ ریفراندۆم و كەمتر لە دوو مانگی ماوە، هەوڵی جدییان نەداوە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ هەردوو پێكهاتەی عەرەب و توركمان و بڕواپێهێنانیان بۆ دەنگدان بە “بەڵێ” بە پرۆسەكە.

 

كێشەی ناوخۆیی هێزە كوردییەكان

 

هێزە كوردییەكان بەیەك دەنگی بڕیاری ریفراندۆمیان نەداوە، كە ئامانجیان بەدەستهێنانی تەواوی “ناوچەی جێناكۆكە”، گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی كە خاوەنی نزیكەی 750 هەزار دەنگن لە هەرێمی كوردستان بەشداری ئەو كۆمیتەیە ‌و لیژنانەیان نەكردووە كە بۆ سەرپەرشتیكردنی پرسی ریفراندۆم پێكهێنراون، یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانیش كە ‌هێزی یەكەمە لە پارێزگای كەركوك تێبینی “یاسایی” هەیە.

 

كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان كە بۆتە پێشمەرجی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی بۆ بەشداریكردن لە ریفراندۆمدا، لەئێستادا هەمان داوای یەكێتیشە، ‌هەرچەندە پارتی هەوڵەكانی بەو مەبەستە چڕكردۆتەوە بەڵام پێناچێت وا بەخێرایی رووبدات، چونكە بزوتنەوەی گۆڕان لەدوای هەڵبژاردنی رێكخەری گشتیی بزوتنەوەكەیانەوە جەخت‌ لەوە دەكەنەوە دەبێت كاری لەپێشینە بۆ باشكردنی بژێوی خەڵك بێت‌.

 

ئایا هەرێمی كوردستان بە ئامانجەكەی دەگات؟

 

لەدواین هەڵوێستیاندا، لێپرسراوانی هەرێمی كوردستان جەختیانكردۆتەوە لە سازدانی ریفراندۆم لەوادەی خۆیدا، ئەوەش لەكاتێكدایە ئەو ئاستەنگانەی لە سەرەوە ئاماژەیان پێدرا بە چارەسەرنەكراویی ماونەتەوە، بۆیە ئەگەری ئەوە لە ئارادایە كە ئامانجەكانی هەرێمی كوردستان لە سازدانی ریفراندۆم ڕوبەڕوی چەندین ئاستەنگ ببێتەوە.

 

كەركوك وەك نمونەیەك بۆ تەواوی “ناوچەی جێناكۆك”

 

یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان كە بەگوێرەی دەنگەكانی دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق لە ساڵی 2014دا، خاوەنی نزیكەی نیوەی دەنگەكانی كەركوكە‌ بە (209964) هەزار دەنگ، وەك لێپرسراوانی یەكێتی دەڵێن، ئەگەر بەشداریی پرۆسەكە نەكەن، ئەوا دەنگی “بەڵێ” زۆرینە نابێت لە پارێزگاكە. چونكه توركمانەكان كە پێدانی بەڵێ-یان بۆ پرۆسەكە رەتكردۆتەوە خاوەنی 71 هەزار و 400 دەنگن و پێكهاتەی عەرەبیش كە خاوەنی 92 هەزار دەنگن بەهەمان شێوە لەگەڵ سازدانی ریفراندۆمدا نین.

 

سەرەڕای ئەوەش، هەرێمی كوردستان گوماندەكات حكومەتی عێراق لەو ناوچانە رێگریی لە ریفراندۆم بكات كە بەغدا ئاسایشیان دەپارێزێت، وەك ئەوەی هۆشیار سیوەیلی، لێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ماڵپەڕی پەرەگرافی وتووە، بەڵام سەبارەت ئەو ئاستەنگە ئەمنییانە دەڵێت “قەزایەك لە 5 ناحییە پێكهاتووە، ئەگەر 4 ناحییە دەنگ بۆ سەربەخۆیی بدەن، ئەمە زۆرینە نییە لەو قەزایە؟”، ئەمە وەك چارەسەرێك بۆ ئەو تەحەدییانە دادەنێت كە دێنە رێگەیان.

 

بەڵام لەتیف فاتیح فەرەج، كە لەبارەی “ناوچەی‌ جێناكۆك‌”ەوە دەنووسێت، دەڵێت ئەگەر ریفراندۆم لە سەر بنەمای پارێزگا بكرێت، ئەوا ئەستەمە‌ دیاله، تكریت، نەینەواو كەركوك بتوانن رەزامەندی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق و حكومەتی عیراق بەدەستبهێنن بۆ سازدانی ریفراندۆم. گریمان ئەو گرفتە‌ش چارەسەردەبێت، بەڵام بەپێی ئەو بازنانەی دەنگدان،‌ كورد هیچ شوێنێك ناباتەوە بە كەركوكیشەوه،‌ كە رەنگە دۆخی لەوانی تر باشتر بێت. ئەگەر هەر پارێزگایەك بە بازنەیەك دابنێین، كورد خورماتوو لە چوارچێوەی تكریتدا دەدۆڕێنێت، خانەقین و شوێنەكانی تریش لە چوارچێوەی دیالەدا،‌ ئەمە بۆ دەشتی نەینەواش هەروایە. سەبارەت بە كەركوكیش ئەگەر حەویجە بە نەخێر دەنگ بدات، ئەویش بردنەوەی زۆر ئەستەمە.”

 

گرفتەكانی بەردەم ریفراندۆم هەرچییەك بن، ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم، لەدوایین هەڵویستیدا یەكشەممە 30-7 بڕیاریدا بە پێكهێنانی شاندێك بۆ دانوستان لەگەڵ بەغداو وادەی ئەنجامدانی پرۆسەكەیشی وەكو خۆی هێشتەوە.