وەكو ئاشكرایە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بەدۆخێكی زۆر هەستیارو خێرادا گوزەر دەكاتو چاوەڕوانی ئەوە دەكرێت، نەخشەی سیاسیی ناوچەكە گۆڕانكایی بەسەردا بێت، كە دوور نییە بەهەڵوەشانەوە یاخود دابەشبونی چەند وڵاتێك كۆتایی بێت، رەنگیشە وڵاتی نوێ بێتە ئارا، بەدرێژایی مێژوو كورد ژێردەستە بوەو بەو پێیەش كە بەسەر چوار بۆ پێنج وڵاتی ناوچەكەدا دابەش كراوە، بێبەش نابێت لەو گۆڕانكارییەو زۆرترین پشكی ئەو گۆڕانكارییە دەیگرێتەوە.
بەوتەی گەورە بیرمەندانی سیاسەتو شارەزایان، لەئێستادا زیاتر لەهەموو كاتەكانی تر، باشترین دەرفەت بۆ گەلی كورد هاتۆتە ئارا، هەتا بتوانێت هاوكێشەكە بۆ بەرژەوەندیی خۆی بقۆزێتەوەو هەنگاوی جدیی بنێت، بۆ دروستبوونی دەوڵەتی نەتەوەیی یاخود هاوشێوەی گەلانی ناوچەكە ببێتە خاوەن قەوارەی سەربەخۆ، چونكە ماوەی زیاتر لەچارەكە سەدەیەكە كورد لەباشور نیمچە دەوڵەتێكی سەربەخۆی هەیە، لەخۆرئاواش كورد نەك هەر دەسەڵاتی بەسەر ناوچە كوردنشینەكانی باكوری سوریادا هەیە، بەڵكو ئێستا هەنگاو بۆ ئەوە دەنێت، ناوچەكانی دیكەی عەرەبنشینیش بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆی، لەتوركیاش بەهۆی سیاسەتە چەوتەكانی ئاكپارتیو ئەردۆغان كە ئەو وڵاتە بەرەو خلۆربونەوە دەبەن، كوردانی باكور دەرفەتی ئەوەیان بۆ دەڕەخسێت، هەنگاو بۆ ئازادكردنی ناوچەكانیان بنێن.
دوای ساڵی 1991 باشوری كوردستان بەرەو خۆبەڕێوەبردن هەنگاوی ناو دواتر بوە خاوەنی پەرلەمانو حكومەتی خۆی، كوردانی هەموو پارچەكانی دیكەش روویان لەو پارچەیە كردو بوە جێگەی كۆبونەوەی هەموان، كە دەكرا ببێتە ناوەندێكی گرنگ بۆ یەكدەنگییو هاوهەوڵوێستیی كوردەكانو لەوێوە پلانی ستراتیژی دابڕێژرێت، بەڵام بەهۆی شەڕی ناوخۆو دوو ئیدارەییو كۆمەڵێك ئاستەنگی جیهانییو هەرێمایەتیو یەكنەخستنی گوتاری نیشتمانییو پێشخستنی بەرژەوەندیی حزبایەتیو تاكەكەسیو ناوچەگەرێتی بەسەر پرسە نیشتمانییەكاندا، كورد نەیتوانی پرۆژەی نەتەوەیی پێش بخات، بۆیە ئەو هەلی دەوڵەتی سەربەخۆیە لەدەست چوو، كە لەپاش روخانی رژێمی بەعس هاتبوە ئارا لەساڵی 2003دا.
لەئێستادا دەرفەتێكی زۆر گەورەتر هاتۆتە ئارا بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان، بەڵام ئەگەر ململانێو ناكۆكییەكان وەلا نەنرێنو هەموان پێكەوە كار بۆ چارەسەركردنی كێشەكان نەكەنو هاودەنگی دروست نەبێت، ئەوا ئەم دەرفەتەش لەدەست دەچێتو بەرپرسیارێتییەكەشی دەكەوێتە ئەستۆی سەركردەو لایەنە سیاسییەكان.
بەو پێیەی پەرلەمانی كوردستان تاكە مەرجەعی خەڵكی باشوری كوردستانەو چاوی كوردانی دیكەی پارچەكانی دیكەشی لەسەرە، باشترین چارەسەر ئەوەیە، پەرلەمان بەزوویی كارا بكرێتەوەو رۆڵی خۆی ببینێت لە داڕشتنی نەخشەڕێگای بەرەو سەربەخۆییبوون.
كۆمەڵێك كێشەی سەرەكی هەن، ئەگەر چارەسەر بكرێن، ئەوا كۆدەنگی دروست دەبێتو چارەسەری ریشەیی بۆ كێشەكان دەدۆزرێتەوە، ئەو كاتە هەموو پێكهاتەكان بەشدار دەبن لەهەنگاوەكانی بەرەو سەربەخۆییو كورد دەتوانێت بەسەر ئاستەنگەكاندا سەربكەوێت، كێشەی سەرەكیی پەكخستنی پەرلەمانو دروستبونی بۆشایی یاسایی لەباشوری كوردستان، كۆمەڵێك هۆكار بوون، كە دەكرێت لەمیانی كاراكردنەوەی پەرلەماندا، بەیەك پاكێج یەكلایی بكرێنەوەو دەرفەت نەدرێت، یاری بەهاوكێشەكان بكرێت:
1- یاسایی سەرۆكایەتیی هەرێمو دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم.
2- پرۆژەی دەستوری هەرێمی كوردستان.
3- ریفراندۆمو دەنگدان لەسەر دەستور.
4- هەڵبژاردنی پەرلەمانو سەرۆكایەتیی هەرێم.
ئەگەر ئەو بابەتانە بكرێن بەیەك پاكێجو هەموو لایەنو پێكهاتەكانی ناو پەرلەمان، لەیەكەم دانیشتندا پێكەوە دەنگیان لەسەر بدەن، ئەوا كێشەكان چارەسەر دەبنو كۆتایی بەو چەقبەستووییە دێت، كە ماوەی دوو ساڵە بەرۆكی هەرێمی كوردستان گرتوە، بەڵام ئەگەر ئەو چەند بابەتە پارچە پارچە بكرێنو لەیەكتر جیا بكرێنەوە، ئەوا پەرلەمان ناتوانێت رۆڵ ببینێتو سەرلەنوێ كێشەكان دروست دەبنەوە، دەرفەتەكەش لەدەست كورد دەردەچێت.
Salih.rahman@yahoo.com