گۆڕان چی دەوێت؟

07-08-2017 06:57

 

دوای دو ساڵ لە پەكخستنی پەرلەمان و ململانێیەكی سەخت، توانرا بە پارێزگاری لە پاراستنی پرەنسیپ و شكۆی گۆڕان، دەروازەیەك بۆ گفتوگۆیەكی راشكاوانە بكرێتەوە. بە تایبەت لە نێوان (پارتی و گۆڕان).

 

گۆڕان، هیچ كاتێ گفتۆگۆی رەت نەكردۆتەوە، بەڵام بە بەردەوامی جەختی لە گفتوگۆی بەرهەمدار كردۆتەوە. لە گفتوگۆدا، گۆڕان چی دەوێت؟

 

  1. ئاسایی كردنەوەی پەرلەمان؛ لێرەو لەوێ باس لە لایەنی چاكی و خراپی بڕیارەكە دەكرێت، ئەگەر بۆ یەك تاكە رۆژیش بێت، بەمانای سەركەوتنی ئیرادەی میللەت و گەڕانەوەی شەرعیەت و پاراستنی سەروەری یاسایە. چونكە ئەركەكانی پەرلەمان هەر دەركردنی یاسا نیە. بەڵكو چاودێرییەكی بەهێزە لەسەر حكومەت كە لەئێستا لەخراپترین قەیراندایە. ئەركێكی تری شەفافیەتە، بەدەرخستنی داهات و خەرجكردن و دابەشكردنی بە شێوازێكی داپەروەرانە، بەتایبەت بە پەسەندكردنی بودجە. بۆیە لە كاراكردنەوەی پەرلەماندا، وەك دەزگایەكی سەرەكی سیستەمی سیاسی دەكەوێتە بەردەم بەرپرسیارێتی گەل. هاوشان بەدواداچون و بەركاركردنی یاسای سندۆقی داهاتە نەوتیەكان لەچارەسەركردنی كێشەی موچە، باشتركردنی بژوێوی خەڵك و ڕێگرتن لە پاشەكەوتی نایاسایی، وەك سەرەتایترین كاری پەرلەمان.

 

2. ئاساییكردنەوەی پەرلەمان، تەنها بۆ ریفراندۆم نیه. راستە ئەركی پەرلەمانە لەپرسە چارەنوسسازەكاندا بڕیار بدات. ریفراندۆمیش، وەك پرسێكی نیشتمانی پێویستە بە یاسا رێكبخرێت. گۆڕان لەبەر ئەوە، گەڕانەوەی شەرعیەت و كارابونەوەی پەرلەمان بەهەند وەردەگرێت.

 

3. بەوەرگرتنی پەند لەڕابردو، دەبێت هەوڵ بدرێت و رێگەنەدرێت تراژیدیاكانی ناوخۆ و پێشێلكاریەكان دوبارە ببێتەوە. بۆ ئەم مەبەستە، یەكەم كاری پەرلەمان پەسەندكردنی پەیمانێكی نیشتمانی بێت، بە پاڵپشتی دۆستانی دەرەوە هەر لایەك پێشێلی كرد روبەڕوی یاسا و بەرپرسیارتی نەتەوەو نیشتیمانی ببێتەوە. گۆڕان لەم پێناوەدا بۆ داڕشتنی چوارچێوەیەكی نیشتیمانی و دوبارە نەبونەوەی هەڵەكانی رابردو، پارستنی شكۆی دامەزراوەكان و بونی ‌هێڵی سور لە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانیەكان، بە خاڵێكی گرنگ لەدانوستانەكان دەزانێ.

 

4. پرسی سەرۆكایەتی هەرێم كێشەی یاسایی هەیە، پێویستە چارەسەر بكرێت. ئەگەر یاساكەش دەستكاریی نەكرێت، ئیدی بەپێی یاسا ماوەكەی تەواوبوە. جارێكی تر ناتوانێت بچێتەوە ناو پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم. باشترین ئامرازو بۆ رێگرتن لەپێشێلكارییەكان دەستورە، وەك باشترین گرێبەست بۆ لایەنەكان بە پەسەند كردنی دەبێتە ئەو گرێبەستە دیموكراتیە هاوچەرخەی كە هەمو لایەك پێویستە لەسەری كۆك بن و سازانی لەسەر بكەن. پەسەند كردنی دەستور دەسكەوتێكە، هەر بۆ ئێستا نا، بەڵكو بۆ نەوەكانی ئایندەش.

 

5. بڕیاردان لە مافی چارەنوس دیوێكی سەربەخۆییە، دیوەكەی تری پاراستنی ئازادی و شكۆی هاوڵاتی و پاراستنی بەرژەوەندی لایەنەكانە. بۆیە هاوشانی بەرگری كردن لە مافی چارەنوس پاراستنی بەرژەوەندی لایەنەكان و هاوبەشیەتی لەبڕیاردان بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن و داكۆكی لە شكۆی هاوڵاتی ئازادی و تاك و كۆمەڵ ئەولەویەتی هەیە لە دانوستاندنەكاندا.

 

6. هەرچەند هەڵبژاردن بژاردەیەكی دیموكراتی و گونجاوە، بۆ بڕیاردان لە چارەسەركردنی قەیرانەكان و وەرگرتنی متمانە لەلایەن خەڵكەوە، وەك شا رێگایە لە ناو رێگاكانی تردا بۆ گۆڕینی هاوكێشە سیاسیەكان. لەهەمان كاتدا گۆڕان نابێت لەم ناوچەیەدا بڕوای بەگەمەیەك هەبێت، كە هەڵبژاردن لە پێناوی هەڵبژاردن بكات، بەبێ گۆڕانكاریی. بۆیە رێككەوتنێكی نیستیمانی پڕ دەسكەوت بۆ خەڵكی كوردستان و باشترە لە سیناریۆی بێ ناوەڕۆكی بەڕوكار دیموكراسی .