
لە دادگاوە :
دەروازەی چوارەم :
پێوەر بۆ كەسیەتی مرۆڤە پاكەكان دوو پەلكە، ئەوانیش (ڕەوشتو ویژدان)ە، ئەم دوو شتە زیاتر لە ناخو هەناوی كەسەكان بەرجەستە دەبنو بەشێوەیەكی خۆڕسكانە لە كردەوەو ڕەفتاری ڕۆژانەیاندا ڕەنگ دەدەنەوەو بەدەردەكەون. ئەم دوو لایەنە ئەگەرچی بۆ كەسانی ئاسایی ئێجگار پێویستن، بەڵام دەبێت بۆ ئەو كەسەی كە (دادوەر)ە لێوان لێو بێت لەم دوو ڕەگەزە بنچینەییە لەبەرئەوەی دادپەروەریو بڕیاری چارەنوسسازی بەدەستە .
كۆمەڵگای پێشكەوتوو بە كایەی دادپەروەریەكەوە دەبینرێت لە چ ئاستێكدایە، هەركاتێك ئەم كایەیە بە كردەیی جێگای خۆی گرت ئەوا كۆمەڵگای پێشكەوتوی پێدێتە بەرهەم، بە پێچەوانەشەوە دەبێتە مایەی دابارینی نەهامەتیو وردە وردە پاشەكشەی پێدەكاتو لایەنەكانی تری ژیانی پێدەپوكێتەوەو لاوازی دەكات، وێڕای بەرەو پێشچونی كۆمەڵگاكانی تری جیهان .
لە هەرێمی كوردستاندا كە ئەم دامەزراوە بوونی هەیە، بەڵام جێگای داخە چەندە هێمای دادپەرەوەرییە چەند بارە ڕوكەشەو كرۆك پوچەڵو داڕماوە تا ئەو ئەندازەیەی بە دامەزراوەیەكی نا دامەزراو دەبینرێت، چونكە هەروەكو دەبینین دەسەڵاتی دادوەریو دادپەروەری دەستو پەنجە نەرمە لەبەرانبەر بەرپرسە باڵا دەستەكانی ناو هێزو حزبە فەرمانڕەواكانو سەد هێندەش بەرانبەر بێ پشتو پەناو هەژاران دەستو پێنوس ڕەقە نمونەش لەمانە زۆرە كە ڕۆژانە لە هۆیەكانی ڕاگەیاندنەوە كێشەكان دێنە باسكردن .
هەر ئەم هۆكارەشە ڕۆژگاری ئەم هەرێمەی گەیاندوە بەم دۆخە پڕ قەیرانو چەڵەمانەی كە هەن، تا دەگاتە ئەو ڕادەیەی تەمی ڕەشی مەینەتی خۆی كێشاوە بەسەر ئاسۆی كوردستانداو ڕوبەڕوی مەترسی گەورەی كردۆتەوە .
ناتوانرێت خۆ لەوە لابدەین كە بڵێین، ئەگەر یاسا وەكو خۆی كاری پێبكرێت، دەبێت هیچ كەسو دەسەڵاتێك نەناسێتو لەسەر تەواوی كەسانو هاوڵاتیان جێبەجێ بكرێت بەبێ جیاوازی، نەك بۆ بێ دەسەڵاتو بێ پەناگا چالاكو دلێربێتو بۆ خاوەن دەسەڵاتو پەلدار بێ دەنگو سەركزبێت، بەشێك لەو بەدبەختیانەی كە داباریوەتە سەر ئەم هەرێمە دەسەڵاتی دادوەری لێی بەرپرسە.
ببینن چۆن سكاڵا لەلایەن داواكاری گشتییەوە دەجوڵێنرێن لەسەر كەسانی ئاساییو سروشتیی بەدواداچونی بۆ دەكرێت تا یەكلایی دەبنەوە لە لایەن دادگاوە، كەچی ئەو تاوانو سكاڵایەنەی كە بەرپرسانو باڵا دەستەكانی لە پشتەوەن بەردیان دەخرێتە سەرو دەخەوێنرێنو كەس خۆی بە خاوەنی نازانێت .
پێویستە سەنگدان بە هێندەی بارستایی تەقەڵادان بێت كە دەدرێت، نەوەكو كەم بە زۆر بخوێندرێتەوەو سارد بە گەرمی بێتە ئەژماركردن. دەسەڵاتی دادوەری واتا (دادوەر) كەسێتی دادوەر بە دەست خۆیەتیو هەر خۆیشی خۆی بەنرخ دەكاتو هەر بە دەست خۆشی خۆی بێ بەها دەكات (دادوەر هەیە لەسەر پیادەكردنی یاسا سزا دەخواتو پەراوێز دەخرێت، ئا لەمكاتەشدا دادوەر هەیە هەرچەندە سەرپێچیو پێشێلی یاسا دەكات كەچی پاداشتو خەڵات دەكرێتو بەرزدەكرێتەوە) دەبێت جیاوازی بكرێت لە نێوان ئەم دوو جۆرە ڕەگەزە لە ناو دادوەراندا، ناكرێت دۆ و دۆشاو ئاوێتەی یەكتربكەین .
هەر بۆیە كاتێك دادوەرێكت بینی لە جۆری یەكەم دەبێت ستایشی بكەیتو وەكو بیلبیلەی چاوت تەماشای بكەیت، ئا لەو كاتەی دادوەر لە جۆری دوەم بوو ئەوا بێ یەكو دوو بیكەیتە جوتێ پێڵاو و لەپێیكەیت. ئاخر ناكرێت لەم هەموو بەتاڵان بردنو دزیو كوشتنانەی بەرپرسانی حزبیو دەسەڵاتدارانی كوردستان كە كردویانەو هەردەیكەن تاوانكاران وەكو بەرزەكی بانان قوتار ببنو بۆی دەربچنو دەسەڵاتی دادوەری كرداری نەبێتو قوڕوقەپی لێ بكات .