لە سەروو "بەڵێ" و "نەخێر"ەوە

14-08-2017 08:44

 

بۆ ئەوانەی سەیریان لە "نەخێر" دێ:

ئەم ڕیفەراندۆمە ڕاگەیاندراوەی دەبوو هەموو خەڵکی کوردستانی باشوور لەدەوەری خۆی' کۆبکاتەوە، خەڵکەکەی' وەها دابەش و دوودڵ و ناکۆک و سەرلەشێواو کردووە، خەریکە دەبێتە مەترسی‌یەکی جددی تەنانەت بۆسەر یەکێتی‌ی جوگرافی‌-سیاسی‌ی کوردستانی باشوور. کێشە سەرەکی‌یەکش نە تەوقیتەکەیەتی'، نە ترسی گەمارۆدرانی سیاسی و ئابووری‌یە، نە ناڕەزایی‌ی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی‌یە؛ بەڵکو شەخسی ئەندازیار و ڕاگەیێنەری هەنگاوەکەیە، کە مەسعوود بارزانی‌یە.

کێشەی ئەم پیاوە زۆرن و زۆریش باسکراون. بەڵام ئەمانە چەند دانەیەکی گرنگ و گرانی'ن:

سەرکردە و "سەرۆک"، کاتێک میللەتەکەی' دەخاتە بەردەم هەنگاوێکی ڕیسکئامێزی چارەنووسسازی لەم ئەندازەیە، دەبێ و لێی' چاوەڕێدەکرێ خۆی' لەئاست هەنگاوەکەدا بێ و بە کردار و گوتار گیانی متمانە و یەکگرتوویی و لێبوردەیی زاڵ بکا.

سەرکردە یان جیاکردە؟

 با جارێ واز لە کردار بێنین و سەیری گوتار بکەین: بارزانی زۆر کەم خۆی' ماندوودەکا قسە بۆ میللەتەکەی' بکا. کە دەشی'کا، لەبری میللەت، یان لەگەڵ میدیای وڵاتانی بێگانە دەی'کا، یان بۆ کۆڕ و کۆبوونەوە بە چەپڵە بەڕێکراوەکانی تاقم و حیزبەکەی خۆی' دەی'کا، یان بۆ سینفێکی کۆمەڵایەتی‌ی دیاریکراوی وەک مەلا و مامۆستایانی دین، کە ئەمانەش نە نوێنەری بەرەی ناکۆک و ناڕەزان، نە ئەدرێسە ڕاستەکەن بۆ ناردنی پەیامی سەرۆکانەی دڵنیاکەرەوانەی متمانەسازانە. ئەمجا بارزانی نەک هەر وەک "سەرۆک" پەیامی لەو جۆرە نانێرێ، بەڵکو هەموو جارێک کە دێتە قسە، بە نەفەسێکی سوار و گرژەوە درزەکان گەورەتر دەکا، برینەکان بەسوێتر دەکا، میللەتەکەی' دابەشتر دەکا و شار و ناوچەکانی وڵاتەکەی' لەیەکدی دوورتردەخانەوە.

کوردستان یان بارزان؟

هەڵبەت کێشەی گەورەتری ئەم سەرکردەیە کردارێتی': پتر لە چارەکەسەدەیەکە بە ناو و شەرعییەتی نەتەوەی کورد و نیشتیمانی کوردستانەوە حوکمدەکا، کەچی بە کردار دژ بە نەتەوە و نیشتیمانەکە کاردەکا: تانک و فڕۆکە و لەشکری دوژمنە دێرینەکانی کورد و کوردستان دەکاتە سەر نەیارە سیاسی‌یەکانی' لە سەر خاکی کوردستان؛ ئابووری‌ی کوردستان دەبەستێتەوە بەو دەوڵەتە دوژمنانەوە؛ بە هاوئاهەنگی‌ لەگەڵ ئەو دەوڵەتە دوژمنانەدا گەمارۆی لایەنە سیاسی‌یە بەهێزەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان دەدا؛ بە نەوت و سامانی کوردستانەوە مامەڵەی ژێربەژێر لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەدا دەکا و داهاتەکەشی' دەخاتە خزمەتی چەسپاندنی دەسەڵاتەکەی خۆی' و دەوڵەمەندبوونی لەتامدەرچووی بنەماڵە و کەسە نزیکەکانی خۆی'ەوە، لە کاتێکدا حوکمەتەکەی'، کە برازاکەی' سەرۆکێتی'، مووچەی تەواو و بەوەختی' پێ نادرێ و پارەی پڕۆژە وڵاتبنیاتنەرەکانی' وەستاندووە. لەپێناو دەستگرتن بە کورسی‌یەکەیەوە کوودەتا بەسەر شەرعییەتدا دەکا و پەرلەمان دادەخا و سەرۆکەکەی' شاربەدەر دەکا و هەتا بێت دەسەڵات لە دامودەزگا دەخا. لەبەرانبەر هەڕەشەی سەربازی‌یشدا هێزەکانی' هەڵدێن و بێ بەرگری خەڵک ڕادەستی چارەنووسی نادیار و کارەساتبار دەکەن. بە ئیرهاب و ترساندن حوکمی هەولێر و دەهۆک دەکا و ڕۆژنامەوان و بەرهەڵستکاران دەگرێ و دەکوژێ و هەر کەسێکی' بەدڵ نەبێ، فڕێی'دەداتە ئەودیو دێگەڵە و پردێوە، کە سنووری قەڵەمڕەوی ڕاستەوخۆی خۆیەتی'، بەوەش بە ئاشکرا دابەشبوونی سیاسی‌یانەی خاکی کوردستان چەسپاوتر دەکا.

ئەمە ئەو سەرکردەیەیە، کە ڕێفەراندۆمی' بۆ سەربەخۆیی‌ی کوردستان ڕاگەیاندووە. لەمەشدا لەبری ئەوەی بە جددی و ئاقڵی کار بۆ ئاشتی‌ی سیاسی و کۆمەڵایەتی بکا و دەنگ بۆ پڕۆژەکە کۆبکاتەوە، نابەرپرسانە، لەڕێی بەگەڕخستنی مەکینەیەکی گەورەی ڕاگەیاندن بۆ بەخشینەوەی تۆمەتی خیانەت و بەکرێگیراوی، چەکی بەهێزی ڕەوایی و مەشرووعییەتی بەرزی ڕزگاربوونی کوردستان و سەربەخۆیی بەکاردەهێنێ بۆ ئیحڕاجکردن و تەنگپێهەڵچنینی لایەنە سیاسی‌یەکانی دیکە و خەڵکە ناڕەزاکە بە گشتی. ئەمەش ئەوەندەی دیکە گومان درووستدەکا لەسەر نیازی ڕاستەقینەی ئەم پیاوە لەپشت ئەم ڕیفەراندۆمە بەپەلەپڕوزکێی'یەوە. بە تایبەتی کە پێداگری‌ی بارزانی لەسەر ئەم پرسە، کە هیچ ئامادەکاری‌ی پێشوەختی' بۆ نەکراوە، لە کاتێکدا هاتۆتە پێش، کە دەستی سیاسی‌ی خۆی' لەدوای ڕزگارکردنی موسڵ و دواییهاتنی داعش بەرەو جەڕین دەچێ.

ئەوانەی لە دیمەنی ناکۆکی و سەرلێشێواوی‌ی دەوری ڕیفەراندۆم ناگەن و هەڵمەتی "نەخێر"یان پێ سەیرە، دەبێ بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو ڕەخنانەی سەرەوە واز لە موناقەشەی بێزەنتی و قسەبەزێنێنەی سەفستایانە بهێنن. ئەگەر ئەوان بشتوانن نکووڵی‌ لە ڕاستی‌ی ئەو تۆمەتانەی سەر بارزانی بکەن، ناتوانن نکووڵی لەم واقعە بکەن، کە خەڵکێکی یەکجار زۆر متمانەیان بەو پیاوە و حیزبەکەی' نییە. ئەوەش هەڵبەت خەتای خەڵکەکە نییە، خەتای بارزانی خۆیەتی'.  

بۆ لایەنگرانی "نەخێر":

سەربەخۆیی ئارەزوویەکی ئایدیۆلۆژی‌یە؟

هەندێک لە چوارچێوەی دژایەتیکردنی ئەم ڕیفەراندۆمەی بارزانی‌دا سەربەخۆبوونی کوردستان هەر لە بناغەوە وەک پڕۆژەیەکی مۆدەبەسەرچووی کوردایەتی دەبینن و وەک هەوایەکی ئایدیۆلۆژی‌ تەماشای'دەکەن، هەوایەکی ئایدیۆلۆژی‌ی لەبابەتی ئەو هەوایەی کۆریای باکووری "کۆمۆنیست"ی' لە کۆریای باشووری "پرۆ ئیمپریالیست" جوداکردەوە؛ هەمان ئەو هەوایەی سەردەمێک یەمەنی کردبوو بە یەمەنی باکوور و باشوور.

نەخێر. پرەنسیپی ڕیفەراندۆم بۆ سەربەخۆیی‌ی کوردستان هەر ئارەزوویەکی ناسیۆنالیستانە نییە لەبەرانبەر نەزمێکی سیاسی‌ی فراوانتری ئینسانی‌تردا. مەیل بۆ سەربەخۆبوونی کوردستان وەک مەیلی فلامی‌یەکانی بەلجیکا و کاتالۆنی‌یەکانی ئیسپانیاش نییە، کە لەپاڵ جیاوازی‌یە زمانی‌یە کەلتووری‌یەکەدا چاویان لەسەر کەڵکە ئابووری‌یەکەشە. تەنانەت وەک سەربەخۆبوون و جیابوونەوەی پاکستانیش نییە لە هیندستان، کە مەحەمەد عەلی جەناح نەی'دەویست هیندە موسوڵمانەکان ببن بە کەمینە لەناو دەوڵەتی هیندۆسەکاندا. سەربەخۆبوونی کوردستان ڕزگاری‌ی نیشتیمانی‌یە؛ وەک سەربەخۆبوونی هیندستان و ئێراق لە بەریتانیا و فەڕەنسا لە ئەڵەمانیا و جەزائیر و سووریا لە فەرەنسا و تەیموور لە ئەندۆنیسیا. سەربەخۆبوونی کوردستان پێویستی‌یەکە زۆر لەو نموونانە سەرەوەش گەورەتر، چونکە ئێراق، بە پێچەوانەی بەریتانیا و فەرەنساوە، خۆی' دەوڵەتێکی پێشمۆدێرنەی شکستخواردووە. ئەم دەوڵەتەش لە دامەزراندنی'یەوە دەستی' لە هیچ ڕێگەیەک نەپاراستووە بۆ بەردەوامیدان بە داگیرکردنی خاکی کوردستان و سەرکوتکردنی خەڵکەکەی' تا حەددی گەلەکوژی و کیمیابارانکردن. ئێستا کە کوردستان بە فیعلی لە دەست کورد خۆی'دایە و عەرەب ڕاستەوخۆ دەستی' ناڕوا بە سەری'دا، ئەنجامی ڕێککەوتن و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ نییە، بەڵکو ئەنجامی پاشەکشەی دەسەڵاتی دەوڵەتی ئێراقە لە چوارچێوەی تەرازوویەکی نوێی هێزەکانی ناوچەکە و جیهاندا.

ئەوانەی پێیان وایە، تازە کوردستان لە خەمی داگیرکرانەوە ڕەخسیوە و ئێراق لەبەرانبەر کوردستاندا وەک ئینگلیستان لەبەرانبەر سکۆتلاندادا وایە، ئاگاداری مێژوو نین و لە ئێراقی ناوجەرگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا، کە بە بەرمیلە بارووتەکەی جیهان ناسراوە، تەنیا بەرمیلە نەوتەکان و مووچە بەرزەکان دەبینن.

کورتبینی و دەرفەتلەدەستدان

بەر لە ٩٠ ساڵ زیاتر، ئەو کاتەی خەڵکانی عەشایر و ئەشراف لە بادینان و هەولێر و کەرکووک و پشدەر و بەشێکی گەرمیان لەبەر ڕکەبەرایەتی‌ی عەشایری و ناوچەیی نەچوونە پاڵ سلێمانی و دەنگیان بۆ ئێراق و مەلیکەکەی' دا، درکیان بە خەتەری ئەو بڕیارەیان نەدەکرد. وایاندەزانی ئێراق هەر ئەو ئێراقە لاوازەی مەلیک فەیسەڵی ژێردەستی ئینگلیز دەمێنێ و لە قووەتی دوورمەودای ئەو چوارچێوە سیاسی‌یە نەدەگەیشتن، کە پێی' دەگوترێ دەوڵەت. نەیاندەزانی ئینگلیز میوانە و هەر ڕۆژێک بێ ماڵئاوایی دەکا و خۆشیان دەکەونە ژێر ڕەحمەتی تۆپ و تەیارەی ئەو دەوڵەتەوە کە خۆیان دەنگیان بۆ دا. خوێندەواران و منەوورانی سلێمانی، ئەوانەیان کە ئێراقیان بە بژاردەیەکی باشتر دەزانی لە دەوڵەتێک، کە پیاوێکی دواکەوتوو و خێڵەکی‌ی وەک شێخ مەحموود بەڕێوەی'ببا، نەیاندەزانی زۆر نابا ڕۆڵە خوێندەوارەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاری و زوڵمی ئەو ئێراقە ناچاردەبن پەنا بۆ پیاوێکی دواکەوتووتر و خێڵەکی‌تری وەک مەلا مستەفا ببەن، سەرۆکایەتی‌یان بکا.

٢٦ ساڵە کورد خۆی حاکمی راستەوخۆی کوردستانی ئێراقە و کوردستانی سووریاش وا چەند ساڵێکە ملی بە ڕێگەیەکەوە ناوە کە وا دەردەکەوێ لەوێش لە ئایندەی بەرچاودا کورد خۆی' حاکمی ڕاستەوخۆی وڵاتی خۆی' بێ. بەڵام دەبێ ئەمە ئۆتۆماتیکی وەک نیشانەیەک نەبینین، کە مێژوو خۆی' دووبارەناکاتەوە. خەڵکانی ئەمارەتە کوردی‌یەکان، بە میران و ڕەعیانەوە، ڕەنگە هەتا چلەکانی سەدەی نۆزدەش بە ئەقڵی کەسیاندا نەچووبێ، دوای سەدان ساڵ حوکمی خۆبەخۆ، ڕۆژێک بێ، موتەسەللیم و یاساوڵ و جەندەرمە و ئەرناهووتی تورک بە زەبری هێز بێن و ڕاستەوخۆ حوکمی خەڵکەکە بکەن. ئەمە بۆ ئەمارەتی ئەردەڵانی ژێردەستی قاجارەکانیش ڕاستە.

ئەم ئێراقەی ئێستا شیعەیەک سەرۆک وەزیرانێتی' و کوردێک سەرۆک کۆمارێتی' و سوننەیەک سەرۆک پەرلەمانێتی'، ئێراقی ئێراقی‌یەکان نییە؛ ئێراقی ئەمەریکی‌یەکانە؛ وەک چۆن ئێراقی دەورانی پاشایەتی ئێراقی ئینگلیزەکان بوو. ئەو سیستەمە سیاسی‌یەی ئەو زلهێزە داگیرکارە دیمۆکراتانە دای'دەمەزرێنن بژاردەی ڕەسەنی خەڵکی وڵاتەکە خۆی' نییە و لەگەڵ زاڵنەمانی دەستی ئەو زلهێزانەدا خەڵکە دەستڕۆیشتووەکان لە بەغدا دەرنگ یان زوو دەپەڕنەوە بۆ سیستەمێکی سیاسی‌ی دیکە، کە لەگەڵ ئەقڵییەت و واقعی کەلتووری و پەروەردەیی‌ی خۆیاندا بگونجێ. هێشتا دەستی ئەمەریکا تەواو شل نەبووە و لەگەڵ ئەوەشدا دەبینین سیستەمە سیاسی‌یەکەی "ئێراقی نوێ" لە ٢٠٠٣ەوە تا ئێستا گەلێک لەناو سکی' خوراوە، بە شێوەیەک ئێستا تەنیا چوارچێوە دەرەکی‌یە گەورەکەی' ماوە. هێشتا ئەمەریکا لەوێ بوو و ئێراقیش هێزی ئاسمانی‌ی' نەبوو، هێزی دیجلە سەنگەری' لە کوردستان گرت. هێشتا ئەمەریکا لەوێیە و حشدی شەعبی وەک جێگرەوەی داعش خۆی' دەنوێنێ. ئێراقی نوێ هەتا بێ ئێرانی‌تر دەبێ. ئێرانیش ڕوونە چ ئایندەیەکی' بۆ کوردستان دەوێ. هەر ئەمەشە وا دەکا، ئەمەریکی‌یەکان ئەوەندەی پێیان دەکرێ دژایەتی‌ی سەربەخۆبوونی کوردستان بکەن.

سەربەخۆیی بە ئەمریکاوە بەندە؟

جیابوونەوەی کوردستان لە ئێراق زۆرینەیەکی وەها ڕەحەت بۆ شێعە دەسازێنێ، کە ئاسانتر بخزێتە باوەشی ئێرانەوە. ئەمە هەمان ئەو ئارگومێنتەی مەلیک فەیسەڵی یەکەمە، کە پێداگری‌ی' لەسەر لکاندنی ویلایەتی موسڵ، کە کوردی سوننەمەزهەب زۆربەی هەرە زۆری پێکدەهێنا، بە ئێراقەوە دەکرد، نەکا خۆی' ببێ بە مەلیکێکی سوننی بەسەر میللەتێکی زۆرینە شیعەوە. ئەمجا بۆ دەستڕۆیشتن بەسەر ئێراقدا، ئەمەریکا، هەر وەک ئینگلیزی جاران، پێویستی' بە کوردە. هەرگیز نوێنەرە کوردەکان لە پەرلەمانی ئێراق دەنگیان بە هیچ پڕۆژەیەک نەداوە کە زیان لە بەرژەوەندی‌ی ئەمریکا بدا. کەمینە لە ترسی زۆرینە هەمیشە دەنگ بە مانەوەی پارێزەرێکی گەورەتر دەدا. موسوڵمانەکانی هیندستان لە زۆربەی وێستگەکاندا لەگەڵ بەریتانیا بوون دژ بە گاندی و هیندۆسەکان.

 هێنری دۆبسی حاکمی بەریتانی لە ئێراق لە ڕاپۆرتێکی‌'دا نوسیبووی'، کوردەکان سەلماندوویانە کە "لەنگەری متمانەپێکراوی دەسەڵاتی بەریتانیان لە ئێراق و ئەگەر بلۆکی کوردی‌ی لایەنگری بەریتانیا نەبووایە لە جەمعییەتی دەستووری‌دا پەیماننامەی ئەنگلۆ – ئێراقی هەرگیز لە ١٩٢٤دا ئیمزانەدەکرا". هەمان ساڵ فڕۆکەکانی بەریتانیا سلێمانی‌یان بۆردوماندەکرد بۆ ناچارکردنی کورد بە ڕازیبوون بە ژیان لەژێر حوکمی ئێراقی عەرەبی‌دا.

ئەوەی چاوەڕێیە ئەمەریکا فەرموو لە کورد بکا بۆ سەربەخۆیی، لە سیاسەت نەگەیشتووە. خەڵکێکی زۆری کورد سیاسەت وەک "فن المسموح" دەبینن، نەک "فن الممکن". کورد لە بەرەی ئەمەریکادایە نەک دژی'. ئەمەریکاش، چ لە ئێراق و چ لە سووریا، کەسی' بە ڕوونی و دوورمەودا بە دەستەوە نییە، کورد نەبێ. هەڵبەت هەتا بۆی' بلوێ هەوڵدەدا بە کەمترین نرخ کورد بخاتە خزمەتی ستراتیژەکانی خۆی'ەوە. بەڵام ئەگەر کورد هەل بقۆزێتەوە و پێی' لێ بکاتە کەوش بۆ وەرگرتنی هەقی هاوکاری‌یەکانی'، خۆ ئەمەریکا، وەک هێزێکی ئەقڵانی و پراگماتیک، ناکەوێتە عینادی و دوژمنایەتی، بەڵکو خۆی' لەگەڵ واقیعە نوێیەکەدا دەگونجێنێ. ئەگەر وا نەکا، جوگرافیایەکی ستراتیژی‌ی گرنگی دیکە دەخاتە بەر دەستی ئێران و ڕووسیا و تەنانەت تورکیاش و خۆشی' دۆڕاو و دەستبەتاڵ لە ڕۆژەهەڵاتی ناوەڕاست دێتە دەر.

کاتی ڕیفەراندۆم نییە؟

هەندێک بە ڕاستیان بێ یان لەبەر ئیحراجی دەڵێن "نەخێر لە ئێستادا"، بەبێ ئەوەی بڵێن کەی گونجاوە. هەڵبەت کەس نییە بزانێ لە داهاتوودا کاتێکی لەمە باشتر دەڕەخسێ یان نا. پرسکردن بە ئێراق، وەک هەندێک بانگەشەی' بۆ دەکەن، گرەوێکی واقعی نییە. دژایەتی‌ی ئێراق خۆی' و دەوڵەتە داگیرکەرەکانی دیکەی کوردستان، وەک تورکیا و ئێران، مسۆگەرە. هەرچی ئەمەریکایە، هەرگیز خۆبەخۆ پشتگیری‌ی کورد ناکا بۆ سەربەخۆیی، وەک چۆن ئینگلیزەکانیش دژی کورد بوون بۆ "ئیستیقلال". گەمارۆدران و سنوورداخستنیش بیانووی جددی نین. ئەو پێشهاتانە نوێ نین بۆ کوردستان. کوردستان داوای ئۆتۆنۆمی‌ی' دەکرد، ڕێککەوتنی چوارلایەنە دژ بە کوردستان دەکرا و گەمارۆدەدرا و تۆپ و تەیارەی' دەکرایە سەر و ئەنفال و کیمیاباران دەکرا. فیدراڵی ڕادەگەیاند، گەمارۆی ئێراق و دنیای' لەسەر بووە و ئێران سنوورەکانی' تۆپباران دەکرد و تورکیا بۆردومانی' دەکردن. ئەگەر بگوترێ، ئاخر کوردستانی ئێستا هی ئەو کاتە نییە و خەڵک فێری خۆشگوزەرانی بووە، هیچ گەرەنتی‌یەک بۆ بەردەوامبوونی ئەو خۆشگوزەرانی‌یە نییە هەتا ئەگەر بگەڕێیتەوە سەر ئۆتۆنۆمی. هەر ئێستاش بێ ڕیفەراندۆم خۆشگوزەرانی لە پاشەکشەدایە و هەژاری لە برەودایە.

سوودی "نەخێر" چی‌یە؟ 

"نەخێر" بۆ ڕیفەراندۆمەکەی بارزانی، چ لە بەرژەوەندی‌ی شەخسی‌یەوە بێ یان لە دڵسۆزی‌ و دڵپاکی، چ لە ڕک و تووڕەیی‌یەوە بێ یان لە بێئاگایی و بێباکی، زەرەر دەدا؛ زەرەرەکەش ئەوەندەی بەر بەرەی دژەبارزانی دەکەوێ، نیوئەوەندە بەر بارزانی و حیزبەکەی' ناکەوێ، ئەمە ئەگەر ئەسڵەن هەر قازانجیشی' لێ نەکەن. "نەخێر" زۆنی نیللی-سەوز ئەوەندەی دیکە پەرتپەرت دەکا و توانای سیاسی‌ی' لاوازتر دەکا، بەبێ ئەوەی بتوانێ گەمەکە لە بارزانی تێکبدا. داشی دەوڵەتە دوژمنەکان سوارتر دەکا و ویستی خەڵکی کوردستان بۆ ڕزگاربوون و سەربەخۆیی لەبەردەم دنیای دەرەوە دەخاتە ژێر گومانەوە.

"بەڵێ" بۆ ڕیفەراندۆم، "نەخێر" بۆ بارزانی

ئەوەی لە کوردستان چاوی' ببینێ و کەمێک هۆشی' ئیشبکا، دەزانێ بارزانی و دەستڕۆیشتووانی یەکێتی‌یش، جگە لە خەمی دەسەڵات و داهاتی خۆیان و خێزانیان، لە خەمی کورد و کوردستاندا نین. بەڵام بارزانی و پارتی بە تایبەتی باش دەزانن ئەو پرسە ڕەوایە بخەنە خزمەتی ئامانجە شەخسی و حیزبی‌یەکانیانەوە. ئەوەی وای' کردووە ئەمەیان بۆ بلوێ، کەمتر توانای خۆیانە و زۆرتر شکستی هێزەکانی بەرانبەریانە لە ڕاگرتنی هاوسەنگی و بەرچاوڕوونی لە دیاریکردنی ئەولەویاتی گوتاری سیاسی‌دا.

 ئەو هاوسەنگی و بەرچاوڕوونی‌یە لای نەوشیروان مستەفا خۆی' هەبوو و گوتارەکانی' لە سەروەختی هەڵبژاردنەکاندا بە ڕوونی دەری'دەخەن، کە خەبات بۆ کەرامەت و مافەکانی تاک تەنیا لە چوارچیوەی خەبات بۆ ماف و کەرامەتی پێناسی دەستەجەمعی‌یانەی کۆمەڵدا مانا دەبەخشێ، بۆیە ستراتیژی‌ی نەوشیروان مستەفا بنیاتنانی کۆڵەکەگەلی پتەو بوون بۆ دەوڵەتی کوردستان. بەڵام بە داخەوە، بە حوکمی تەبیعەتی کەمدوویی و خۆدەرنەخەری، نەی'توانی وا بکا ئەو گوتارە لای خەڵک و تەنانەت بزووتنەوەکەشی' باش بگا. ڕاگەیاندنی (گۆڕان) بە گشتی و گوتار و کاردانەوەکانی' لەبەرانبەر ئەم ڕیفەراندۆمەدا نیشانەی نەگەیشتنی ئەو تێگەیشتنەن. قسەکەری گۆڕان دەڵێ: "لای گۆڕان بژێوی و ژیانی خەڵکی کوردستان گرنگترە لە ڕیفەراندۆم"، وەک بڵێیت نەوشیروان مستەفا و شۆڕشگێڕانی وەک ئەو بۆ باشترکردنی بژێوی‌ی خەڵکی کوردستان دەستیان دابێتە خەباتی چەکداری و ئەو هەموو خوێنە بە ڕشتن درا بێ.

بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بارزانی و سیاسەتە داوەشێنەرەکانی'، ئاقڵی ئەوە نییە بە گژ دروشمەکانی'دا بچینەوە، کە ڕەوان، بەڵکو بە گژ سیاسەتەکانی'دا بچینەوە، کە ناڕەوان. نابێ بهێڵین ڕامانکێشی بۆ گۆشەیەک، بێ ئاگا ببین بە کەری دێز (تۆپینی خۆمان و زەرەری ساحێبمان). نابێ بە ڕێساکانی ئەو یاری بکەین و کار بۆ ئەو بەجێبهێڵێن و کاردانەوەش بۆ خۆمان. بەمە ئاو دەکەینە ئاشی ئەوەوە و سەرەنجام کوردستان و خۆمان زەرەرمەند دەبین.

ئەگەر بەڕاستتە، فەرموو!

بۆ ئەوەی کارتی بەهێزی سەربەخۆیی لە دەست بارزانی و حیزبەکەی' دەربهێنرێ، نابێ گوتاری بەرانبەر ئەوە بێ بڵێ "ئێستا کاتی سەربەخۆیی نییە". دەبێ بەرز بگوترێ، "بەڵێ، دەستخۆش! ئێستا کاتی سەربەخۆیی‌یە. بۆ ئەوەی ئەم دەرفەتە مێژوویی‌یەش لە دەست نەدەین و بە زووترین کات ڕیفراندۆم ئەنجامبدەین، دەبێ خێرا بجووڵێین و کاربکەین. سەربەخۆیی بۆ کوردستانە نەک حیزب. حاڵی حازر کوردستان هیچی' نییە و حیزبەکەی تۆ هەموو شتێکی' هەیە. فەرموو، لە پێناوی کورد و کوردستاندا سوپای حیزبەکەت بکە بە سوپای کوردستان و لێگەڕێ با تەجنید ببێ ئیجباری! کوردستان خاڵی سنووری‌ی' نین، فەرموو خاڵە سنووری‌یەکان و داهاتەکانیان بگێڕەوە بۆ کوردستان! کوردستان تەلەفیزۆن و میدیای' نییە، فەرموو هەندێک لەوانەی حیزبەکەت بکە بە هی کوردستان! کوردستان سنوورەکانی' بۆ ناوخۆ دیارن بەڵام بۆ دەرەوە ڕوون نین، فەرموو ئەو سنوورانە ڕابگەیەنە کە ڕیفەراندۆمی' تێدا دەکرێن و بە ڕەسمی سنووری دێگەڵە و پردێ هەڵگرە! کوردستان سیاسەتی دەرەوەی' نییە، فەرموو پەیوەندی‌ی حیزبەکەت لەگەڵ دەرەوەدا ببڕە و سیاسەتێکی دەرەوەی یەکگرتوو دابنێ بۆ کوردستان! کوردستان بنکەی سەربازی‌ی دوژمنانی کوردستانی' تێدان و لەژێر دەستی خۆتدان، فەرموو ئەو بنکانە دابخە! کوردستان داهاتەکانی دیار نین، فەرموو داهاتەکانی کوردستان ئاشکرا بکە و لە دەستی حیزبەکەتی' دەربهێنە و بی'گێڕەوە بۆ کوردستان! کوردستان دەستووری' نییە، فەرموو با لیژنەکانی داڕشتنی دەستوور دەست بە کارەکانیان بکەنەوە! کوردستان دەزگای یاسادانانی' نەماوە، فەرموو لە پێناوی سەربەخۆیی‌دا بێ قەید و شەرت دەرگای پەرلەمان، کە خۆت داتخستووە، بکەوە! ئێستا کوردستان سەرۆکی' نییە، فەرموو لە پێناوی خوێنی شەهیدان و سەربەخۆیی‌ی کوردستاندا واز لەم سەرۆکایەتی‌یە ناشەرعی‌یەت بهێنە و دەستلەکاربکێشەوە، با پەرلەمان یەکێک دیاریبکا، هەتا هەڵبژارد دەکرێتەوە! مادام تۆ ڕێ بە خۆت دەدەیت لەبری هەموومان ئەم ئەرکە نیشتیمانی‌یە گەورەیە بگریتە ئەستۆ و ڕیفەراندۆم ڕابگەیەنیت، دەستت خۆش، فەرموو ئەمانە ئەرکەکانی سەر شانتن و ئێمەش هەموو پشتیوانت دەبین".

هەڵبەت ئێمە هەموو دەزانین، ئەو ئەرکانە هیچیان بە بارزانی ڕاناپەڕێنرێن. بەڵام کە بە شێوەیەیکی بەهێز بەم گوتارە ڕووبەڕووی' ببیتەوە، بۆ هەمووان دەردەکەوێ کێ "خاین و ڕێگرە"ە لەبەردەم ئاواتی میللتەکەماندا بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی. لەبری ئەوەی ئەو بەرانبەرەکانی' "ئیحراج" بکا بە سەربەخۆیی، خۆی' "ئیحراج" دەکرێ. خۆ ئەگەر موعجیزەیەکیش ڕووی'دا و بارزانی بەشێکی گرنگی' لەم ئەرکانە جێبەجێکرد، ئەوا هەم کاتی ئەنجامدانی "ڕیفەراندۆم" گونجاوتر دەبێ و هەم خۆشمان و وڵاتەکەمان لە قەیرانێکی چارەنووسساز ڕزگار دەبین.

ئەم ستراتیژە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ریفەراندۆمدا، کە من لێرەدا خستوومەتە ڕوو، لە ڕاستی‌دا ناتوانرێ بە شێوەیەکی کاریگەر بەڕێوەببرێ، ئەگەر هێزێکی سیاسی‌ی کاریگەری' لەپشتەوە نەبێ. هەرچەندە کەسانی وەک عەبدوڵای مەلا نووری و ئارام ڕەفعەت تەرحی هاوشێوەیان بڵاوکردۆتەوە، بەڵام پێناچێ ئەم ئاراستەیە لە گوتار نە لای (گۆڕان) و نە لای هیچ هێزێکی سیاسی‌ی دیکە ڕەنگی'دابێتەوە.

لەسەروو حیزبەکانەوە

 ئێستا، کە هیچ هێزێکی سیاسی نەماوە توانای دەستپێشخەری و بەرهەمهێنانی گوتاری زاڵتری' هەبێ، ئەرکی ئێمەی هاووڵاتی‌یانە، بە هەڵچوون و کاردانەوە ماسووشی‌یەکانمان نەبینە فاکتەری ئیزافی بۆ داوەشاندنی کوردستان. دڵنیام ئەگەر شەیتان، بە شەیتانی‌ی خۆی'، لەبەردەم هەر نوێژکەرێکدا بە ڕەنگ و دەنگ لە هەموو ماڵێکدا حازر بووایە، کەس بیری' بۆ ئەوە نەدەچوو کێشەی شەیتان بە (اعوژ) و ڕەجم چارەسەر بکا. خەتای هەر چی‌یەک و هەر کێیەک بێ، ئەمڕۆ سەرەگوریسەکانی سیاسەتی هەرێمی کوردستان بە ئەندازەیەک کەوتوونەتە دەست بارزانی، کەوتنی ئەو، ئاشووب و فەوزای کوردستانی باشووریش بەدوای خۆی'دا ڕادەکێشێ. بۆ ئەوەی وەک لیبیا و سووریامان لێ بەسەرنەیەت، پێویستە هەموو هەوڵبدەین کەفوکوڵی دڵان دابمرکێنینەوە و بە ئەقڵێکی ساردەوە زیانەکان لە نیوەیان بگێڕینەوە و ڕێ لە کارەساتی گەورەتر بگرین.

 ئێمە کۆمەڵگایەکی موسوڵمانی سەر بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستین؛ ئەمەش یانی لە هەموو بوارەکانی پەروەردە و کەلتوور و پیشەسازی و تەکنەلۆژیا و ئیدارەدا زۆر دواکەوتووین. کەمێک واقیعییەت ئەوەمان لێ دەخوازێ، بەو دواکەوتنەوەمانەوە لە هەموو ئەو بوارە گرنگانەدا، کەمێکیش سەبر و تەحەممولمان هەبێ بۆ گەیشتن بە پێشکەوتووترین حوکمڕانی. دنیا و ژیانی باشتر هەرگیز بێ خەونی گەورە نایەنە دی، بەڵام بێ دیاریکردنی ئامانجی واقعی‌ی کورتمەودا و دوورمەوداش بەدی نایەن.