ڕفاندنی فەرهاد سەنگاوی‌و بزوتنەوەی گۆڕان

20-08-2017 09:52

 

ڕفاندنی فەرهاد سەنگاوی یەكێكی دیكەیە لە كارە قێزەونەكانی دەسەڵاتی كوردی، جیاواز لەو ناڕەزاییانەی دەردەبڕدرێن، خاڵێك كە جێگەی هەڵوەستە لەسەركردنە، ڕۆڵ‌و كاریگەریی بزوتنەوەی گۆڕانە پەیوەست بەم ڕوداوەو ڕوداوە هاوشێوەكانی لە زۆنی سەوزو نیلی.

 

قسەكردن لەسەر گۆڕان گرنگترە لە یەكێتی لەم پرسەدا، ئەوەش بەهۆی جیاوازی نێوان ئەو دوو حزبەو زیاتریش بەهۆی ئەوەی گۆڕان بە ڕێژەی دەنگ لەم پارێزگایە لەپێش یەكێتییەوەو لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كورسییەكی لە یەكێتی زیاترە.

 

دەبێت گۆڕان ئەم پرسیارە جەوهەرییە لەخۆی بكات‌و وەڵامی واقعی‌و ڕاستگۆیانەی هەبێت، گۆڕان بۆ گرنگە‌و بۆچی خەڵك دەنگی پێبدات؟ ئەگەر وەڵامەكەیان ڕیزكردنی دەیان دروشتم‌و قسەی باق‌و بریقە كە گوایە ئەگەر زۆرینەی خەڵكیان لەگەڵ بێت جێبەجێیان دەكەن‌و ژیان باشترو خۆشتر دەكەن، ئەوە لە واقیعدا ئەمانە هیچی وادەرنەچوون.

 

باواز لە هەرێمی كوردستان بێنین، ململانێكە لەسەر ئاستی هەرێم فراوانترو ئاڵۆزترە هەروەك گۆڕانكاریش بەهەمانشێوە زەحمەتترە، بەڵام لەسەر ئاستی پارێزگایەكی وەك سلێمانی، گۆڕان لەدواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا زۆرترین دەنگی بەدەستهێناو بووە حزبی یەكەم‌و یەكێتی دووەم، بەڵام چیكرد بەو دەنگانە؟ ئایا لە ئاستی متمانەی خەڵكدا بوو؟

 

گۆڕان لە هەنگاوی یەكەمدا نەیتوانی پۆستی پارێزگاری سلێمانی لە یەكێتی وەربگرێت، ڕەنگە بڵێن یەكێتی خۆسەپێنەو ڕادەستی نەكردووە، ئێ بێگومان ڕادەستی ناكات، ئەی تۆ بۆ پێداگریت نەكرد لەسەر وەرگرتنی؟ دوای ئەوەی لەیەكەم هەنگاو سەرنەكەوت، دووەم هەنگاو ڕێككەوتن بوو لەگەڵ یەكێتی دووساڵ بە دووساڵ، یەكێتی كە زۆرترین ڕەخنەی لەلایەن گۆڕانەوە لێگیراو بە یەكێك لە خراپترین‌و گەندەڵترین حزبەكان ناودەبرا، دووساڵی یەكەمی خۆی تەواوكرد، ئەی دووساڵەكەی گۆڕان؟ كەبڕیاربوو گۆڕانكاریی بكات.

 

گۆڕان دوای بێنەوبەردەیەكی زۆر بە پاساوی ڕازی نەبوون بە واژۆی مەسعود بارزانی بۆ پۆستی پارێزگار، سەردار قادری لەبری هەڤاڵ ئەبوبەكر كرد بە كەسی یەكەمی پارێزگاكە بەناونیشانی(لەبری پارێزگاری سلێمانی) سەردار قادر بەهۆی كێشەی زۆرو ئاستەنگەكانی بەردەمی لەناویاندا بێدەسەڵاتی‌و گەڕانەوە بۆ ڕێككەوتنی حزبی لە كارەكانیدا، نزیكەی 4 مانگە دەستی لەكاركێشاوەتەوە.

 

ئەو ماوەیەش كە گۆڕان كەسی یەكەمی پارێزگاكەی لابوو كە هاوكات سەرۆكی لیژنەی ئەمنییە، سلێمانی شامی شەریف نەبوو، لێدان‌و هەڕەشەو سوكایەتی‌و ڕفاندنی مامۆستایانی ناڕازی كە خۆپیشاندانیان بۆ موچەكانیان دەكرد لە هەمان سەردەمدابوو.

 

ئێستاش نزیكەی 4 مانگە پارێزگاری سلێمانی لای یەكێتییە كە هاوكات سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاو قائیمقامی شاریش هەرلای ئەو حزبەیە، ئەی گۆڕان بۆ لەخۆی ناپرسێ ئەو لەكوێی دەسەڵاتی شاردایە؟ كوا دەنگ‌و متمانەی خەڵكی ئەم پارێزگایە؟

 

ئەمەی گۆڕان دەیكات خۆدزینەوەیە لە بەرپرسیارێتی‌و ناتوانێت پۆستەكان بەڕێوەببات‌ یاخود هۆكاری دیكەی هەیە؟ دەبێت گۆڕان بەڕوونی لەسەر ئەم پرسە قسەی هەبێت.

 

ئەوەی گۆڕان كردوویەتی‌و دەیكات، قسەكردن‌و بەیاننامەو لێدوانە بۆ میدیا، ئەگەر پارتی‌و یەكێتی پێشتر ئەمەیان نەكردبێت‌و گۆڕەپانەكە تەنها گۆڕانی تێدابووبێت، ئەوا ئێستا ئەو دوو حزبە بەڕەیان لەژێرپێی گۆڕان دەرهێناوەو لە هەندێك دۆخدا توندترو جددی ترن لە قسەو لێدواندا، بەڵام قسە بەردێك ناخاتەسەر بەرد، نزیكترین نمونە؛ ئەمڕۆ یەكێتیش وەك گۆڕان‌و حزبەكانی دیكە ئیدانەی ڕفاندنی فەرهاد سەنگاوی كرد!

 

لە دۆخی پێشێلكردنی ماف‌و ئازادییەكان‌و ڕفاندن‌و ترس‌و تۆقاندن لە سلێمانی(وەك ئەوەی ئەمڕۆی فەرهاد سەنگاوی)، خەڵك ڕووبكاتە كێ؟ ئەو حزبەی زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە یاخود ئەو حزبەی دیكە كە دەسەڵاتی بەدەستەوەیە؟ ئەگەر وەڵامەكە ئەوەیە ڕووبكەنە حزبی دووەم، ئەی بوونی یەكەم بۆ گرنگە؟ گۆڕان چۆن لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا داوای دەنگی خەڵك دەكات، زۆر بەسادەیی، دەنگی خەڵك‌و زۆرینەی بۆ چییە؟