
باشترین بژاردە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانە قووڵەكانی هەرێمی كوردستان، بەهێزترین بژاردە بۆ ڕزگاركردنی كوردستان لە حاڵەتی چەقبەستوویی سیاسی، كاریگەرترین هۆكار بۆ گۆڕانكاری لە هاوسەنگی هێزەكانو دەربازبوون لە توندوتیژی، بریتیە لە پێكهێنانی لیستێكی نیشتیمانی بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا، لیستَێكی نوێ بێتە نێو ململانێی هەڵبژاردنەكانی كوردستان، لیستێك بە دیدگایەكی نیشتمانیو لەسەر بنەمای جوڵانەوەیەكی كۆمەڵایەتی، هاتنە مەیدانی ڕەوتێكی سیاسی نیشتمانی بە مەبەستی بەرگرتن لەو لێكتـرازانە جوگرافیو كۆمەڵایەتیو سیاسییە مەترسیدارەی كە چارەنوسی كوردستانی خستووەتە بەردەم هەڕەشەیەكی جیددی.
مەبەست لە پێكهێنانی ئەو لیستە دامەزراندنی حزبێكی نوێ نیە، بەڵكو بزافیكی كۆمەڵایەتییە لەسەر بنەمای هاوپەیمانێتییەكی سیاسیی، كە ئەو هێزو لایەنو گروپو دەستەو كەسایەتییانە لە خۆدەگرێت كە بیر لە پڕۆسەی گۆڕانسازی ڕیشەیی دەكەنەوەو ڕێكخستنی لەچوارچێوەی بەرەیەكی فراواندا، نەك بەرەیەكی حزبی كاتیی.
پێكهێنانی چەترێكی سیاسی لەم جۆرە هەلێكی زێڕینە بۆ ئەو حزبانەی ویستویانە گۆڕانسازی بەرپابكەن، بەڵام بواریان بۆنەڕەخساوەو كێشەیان بۆدروست كراوە كە ببنە هەوێنی ئەو بەرەیە تا بتوانن پڕۆسەی بنیاتنانەوە بەئەنجام بگەیەنن، بەرەیەك ئایدیۆلۆژیاو پاشخانی سیاسیو ناوچەگەرێتی بادینیو سۆرانیو جیاكاری ئاینیو مەزهەبی تێپەڕێنێت، بەرەیەك دڵسۆزانو خەمخۆرانی كوردستان لەخۆبگرێت لەهەمووحزبو گروپو ناوچەجیاوازەكان، بەرەیەك تەنیا ئامانجی گەڕانەوەی شكۆی تاكی كوردستانی بێت، چوارچێوەیەك نیشتمان بكاتە شوناس خزمەتگوزاری بكاتە درووشم بۆكۆبوونەوەی هەموو بیروڕا جیاوازەكان، سیستمی حزبی تێپەڕێنێتو دیدگایەكی نیشتمانی نوێ بكاتە هەوێنی جوڵانەوەكە.
ئەم قۆناغە هەستیارە لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلەكەمان ساتەوەختی لەدایكبوونی بەرەیەكی لەوجۆرەیە.
خاڵی وەرچەرخانو كاریگەرو بەهێزی ئەم بەرەیە لەوەدایە كە بەسروشتیی لە دایك بێتو گەنجان ڕۆڵی سەرەكی تێدا بگێڕنو خاوەن ئەزموونەكانیش ڕۆڵی پشتیوانو هاوكارییان لە ئەستۆدا بێتو هەوڵبدەن ئەزموونی دەوڵەمەندی خۆیان بكەنە قوتابخانە بۆگەنجە دڵسۆزەكان.
گەرەنتی سەركەوتنی ئەم بەرەیە لەوەدا دەبێت كە خاوەن نەفەسێكی فرەیی دوور لە ڕقو كینە بێت بەرامبەر بە سەرجەم چینو توێژە جیاوازەكانی ناو كۆمەڵگەی كوردستانیو باوەڕی بەكاری هاوبەشو شەراكەتی نیشتمانی هەبێتو سیاسەتی فەرامۆشكردنو پەراوێزخستن پەیڕەو نەكات.
بەرەیەك سیستمە باوەكانی حزبایەتی تیپەڕێنێتو نموونەیەكی جوانی جوڵانەوەی سیاسی پێشكەش بكات، دوور لە بنەماكانی پشكو بەشو لەسەر بنەمای سیستمو پابەندبوون بە یاساو ڕێساكان دابمەزرێتو كۆتایی نەهامەتییەكانو سەرەتای سەردەمێكی پرشنگداری نوێ بێت كە لە دامەزراندنی سیستمێكی سیاسی سەركەوتوو و بەرپاكردنی دادگەریی ئابووری تۆكمەو سەرەنجام پێكهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستاندا خۆی دەبینێتەوە.