باشترین بژاردەی‌ بزووتنەوەی‌ گۆڕان‌و كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌

09-09-2017 03:53

 

پاش گفتوگۆكانی‌ ئەم دواییە، سەردانەكانی‌ یەكێتی‌ بۆ لای‌ گۆڕان‌و كۆمەڵ، كە بەهۆی‌ پێكهاتەی‌ وەفدەكەو ناوەڕۆكی‌ ڕاسپاردەكانیان زیاتر لە سەردانی‌ خواحافیزی‌ دەچن، وایدەبینم باشترین بژاردە لەبەردەم هەریەكە لە بزووتنەوەی‌ گۆڕان‌و كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌ بریتییە لە هەڵبژاردنی‌ بژاردەی‌ ئۆپۆزسیۆن بوون بە فۆرمێكی‌ نوێوە بەجۆرێك وەڵامدەرەوەی‌ دۆخی‌ ئێستای‌ كوردستان بێت، ئەوەش لەبەر ئەم دوو هۆكارەی‌ خوارەوە:

 

1ـ یەكێتی‌‌و یەكگرتوو هەریەكەیان بە هۆكارێك نەیانتوانی‌ لەگەڵ پڕۆژەكانی‌ خۆیان بەردەوام بن كە وەك چوار حزبەكە پێشكەشیان كردبوو، لە سیاسەتیشدا ئەم بابەتانە جێیان دەبێتەوەو دەكرێت هێزەكان لەسەر بنەمای‌ هەڵوێستەكانیان دوور یان نزیك ببنەوە لە یەك، ئەمە هیچ عەیبەی‌ تێدا نییەو ئەوە خەڵكە بڕیاردەدات كام هەڵوێستەیان ڕاستەو لەبەرژەوەندی‌ وڵاتەو كامەیان بە پێچەوانەوە.

 

2ـ یەكێتی‌‌و یەكگرتوو قەناعەتیان بە خۆیان كردووە لەگەڵ پڕۆژەی‌ پارتی‌ بن بۆ ئێستاو ئایندەی‌ هەرێمی‌ كوردستان بەم میكانیزمەی‌ كە پارتی‌ لە سایەیدا هەموو شتێكی‌ تێكداوە بەسەریەكدا‌و مەجلیسێكی‌ لە چەند حزبێك دروستكردووە وەك بەدیل بۆ پەرلەمان‌و سەرجەم دامەزراوە شەرعییەكان‌و كوردستانی‌ گەڕاندووەتەوە بۆ سەردەمی‌ بەرەی‌ كوردستانی‌ (بەلای‌ كەمەوە من وای‌ لێتێدەگەم).

 

3ـ كشانەوە لەسەرجەم ئەو پۆستانەی‌ لە حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان ئەم دوو هێزە وەریانگرتووە لە بەڕێوەبەری‌ ناحیەیەكەوە تا وەزیرەكان.
پاش ڕاگەیاندنی‌ ئەو هەڵوێستە، پێویستە كۆمەڵ‌و گۆڕان بەرەیەكی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ هاوبەش ڕابگەیەنن، كە بەرنامە‌و هەڵویسَتی‌ ئەو بەرەیە ڕوون بێت لەسەر ئەم دوو خاڵە:

 

1ـ هەڵوێستی‌ ئەو بەرەیە ڕوون بێت لەسەر (پەرلەمان، سیستمی‌ حكومڕانی‌، خزمەتگوزاری‌، سەروەری‌ یاسا‌و ژیانی‌ خەڵك) كە وایدەبینم لەڕابردوودا پاكێجەكانی‌ ئۆپۆزسیۆن ئەم خاڵانەیان لە خۆگرتووە.

 

2ـ هەڵوێستی‌ خۆیان لەسەر ڕیفراندۆم بەم میكانیزم‌و شێوازەی‌ ئێستای‌، بۆچوونیان لەسەر بەشداری‌، بۆچونیان لەسەر دەنگدان‌و بەشداری‌ ئەندام‌و لایەنگرانیان، بۆچونیان لەسەر سەربەخۆیی‌‌و دەوڵەتی‌ كوردستان، ئەگەرچی‌ من هیچ گومان‌و دوو دڵیم نییە لە هەڵوێستی‌ كوردانەو ئازایانەی‌ ئەم دوو هێزە‌و پێموایە خەڵكیش لەم ڕوەوە تێگەیشتووە، بەڵام دوور نییە بانگەشەو هەڵمەتی‌ چەواشەكارانەی‌ ڕاگەیاندن لە ڕۆژانی‌ داهاتوودا لێڵی‌ دروست نەكات لەسەر هەڵوێستی‌ ئەم دوو هێزە لای‌ هاووڵاتیان.

 


كه‌ من بۆ خۆم پێم وایه‌ پێویسته‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ كۆمه‌ڵ‌و گۆڕان هه‌ڵوێستیان له‌م بابه‌ته‌دا به‌ به‌شداریكردن بێت له‌ ڕاپرسی‌‌و ده‌نگدانیان بێت به‌ (به‌ڵێ‌) بۆ سه‌ربه‌خۆیی‌، به‌بێ‌ به‌شداری‌ له‌و ئه‌نجومه‌نه‌ی‌ كه‌ پێكهێنراوه‌و ڕازیبوون به‌ میكانیزمه‌كان‌و به‌شداری‌ بانگه‌شه‌.

 

ئەم هەڵوێستە نوێیەش هیچ ڕێگرنییە لەوەی‌ لە هەڵوێستێك لە هەڵوێستەكان ئەم دوو هێزە بەشدارو هاوڕابن لەگەڵ هێزەكانی‌ تردا، واتە پێویستە بەرەیەكی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ نوێ‌ بێت بەجۆرێك لەگەڵ ئەم بارودۆخە نوێیەدا بگونجێت كە ئێستا كوردستانی‌ تێدا دەژی‌.

 

سودەكانی‌ ئەم بەرەیەش لەم خاڵانەی‌ خوارەوەدا دەبینمەوە:

 

1ـ كوردستان دەكەوێتە سەر سكەی‌ حكومڕانی‌ دروست، كە بریتییە لە دابەشبوونی‌ هێزەكان بەسەر بەرەی‌ دەسەڵات‌و ئۆپۆزسیۆندا.

 

2ـ لە ژێر فشاری‌ ئۆپۆزسیۆن بووندا، هەردوو حزبی‌ پارتی‌‌و یەكێتی‌ كە پارەو سەروەت‌و سامانی‌ خەڵكی‌ كوردستانیان لایەو لەبەردەستە ناچار دەبن هێندێك گۆڕانكاری‌ بكەن لە ژیانی‌ خەڵك بە باشكردنی‌ مووچەو بەگەڕخستنەوەی‌ پڕۆژەكان‌و باشكردنی‌ خزمەتگوزارییەكان.

 

3ـ پەرلەمان وەك دامەزراوەیەكی‌ گرنگ لە ژیانی‌ خەڵك دەست بەكارەكانی‌ دەكاتەوە.

 

4ـ خەڵك باشتر دەزانێت ڕووی‌ ڕەخنەی‌ لە كێ‌ بكات؟ داوای‌ چی‌ لە كێ‌ بكات؟ كێ‌ بەرپرسە لە ژیان‌و گوزەران‌و مووچەو خزمەتگوزارییەكان، ئیتر چەواشەكاری‌ هێندێك دەزگای‌ ڕاگەیاندن ناتوانێت فریویان بدات.

 

5ـ وەڵامدەرەوەی‌ جەماوەری‌ هەردوو حزبەكەشە.

 

هیوادارم ئەم دوو هێزەی‌ كە لەماوەی‌ 5 ساڵی‌ ڕابردوودا زۆر هەڵوێست پێكەوە كۆیكردوونەتەوە ئەو هەڵوێستە نوێیەی‌ كە چاوەڕوانیان لێدەكرێت بنوێنن.