دواخستنی ڕیفراندۆم كوشتنی ڕۆحی گشتی كۆمەڵگەی كوردییە!

12-09-2017 05:57

 

كاتێ ڕۆحی كۆمەڵایەتی هەر كۆمەڵگەیەك بە ئاڕاستەی بڵندبوون دەجوڵێت‌و بەرەو ئەوە دەچێت بگاتە ئەو وێستگەیەی كە تیایدا دەتوانێت گوزارشت لە خۆی بكات، مانای وایە ئەو كۆمەڵگەیە ڕێگای بەرەو ئایندەی خۆیی دۆزیوەتەوە، كە ئەویش ڕێگای بەرەو گوزارشتكردنە لە ڕۆحی گشتی خۆی لە بەرزترین وێستگەی بڵندبوونیدا كە ئەو وێستگەیەش دامەزراوەی دەوڵەتە.

 

كۆمەڵگەی كوردی لە پەرەسەندنی دوورو درێژو خاو و ناسرووشتی خۆیدا لە گەیشتن بەو وێستگەیە زۆر دواكەوتووەو ئەو دواكەوتنەش بۆ ماوەی دوورودرێژ كردوویەتیە پاشكۆو ژێردەستەی ئەوانی ترو ئەوەش بووەتەهۆی تێكشكاندنی كەسێتی كوردی‌و سەرئەنجامیش خۆ بەبچووك زانینی‌و نەتوانینی ڕاوەستانی لەسەر پێی خۆی‌و لە ئاستی ئەوانی تردا بەجۆرێك كە بتوانێت بڵێت ئەمە منم، خاوەنی خۆمم و هیچم لە ئەوانی تر كەمتر نیە. ئێستا ئاسۆكانی ئەو بڵندبوونە دەركەوتووەو كۆمەڵگەی ئێمە بەرەو وێستگەی گوزارشت لە خۆكردن هەنگاو دەنێت. وەكو دەبینرێت سەرباری كێشەكانی مانەوەی دوورو درێژ بە كۆڵۆنیكراوی‌و سەرباری ئەو كێشانەیشی كە درووستكراوی دەستی دامەزراوە نائاساییەكانی ناوخۆی كۆمەڵگەن، وەكو دامەزراوەی خێڵ‌و ئاین‌و مەزهەب‌و تەریقەت‌و حزب‌و ئایدیۆلۆجیا لە كوردستاندا بەڵام جۆرێك لە هەڵچوونی ڕۆحی كۆمەڵگە دەبینرێت‌و هەستی پێدەكرێ، ئەویش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە زیادبوونی لایەنگری بۆ دەنگی بەڵێ لە ڕاپرسیدا دەردەكەوێت، كە ئەوەش بەرهەمی پەرەسەندنی گوتاری كوردی یان كوردستانیە.

 

بڵندبوونی ڕۆحی كۆمەڵگە وەكو شەپۆلی دەریایەو ڕێگا لێگرتنی ئاسان نیە، هەرچەندە هەوڵی وەستاندنی ئەو شەپۆلە بدرێت ناتوانرێت بووەستێنرێت، بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە ئاڕاستەكەی بگۆڕێت. گۆڕینی ئاڕاستەی شەپۆلی ڕۆحی هەڵچووی كۆمەڵگە لادان دروست دەكات، كە ئەویش بەلادانی كۆمەڵایەتی لە ڕەوتی ڕاستەقینەی پەرەسەندن ناودەبرێت‌و سەرئەنجام ئەگەری ئەوەی هەیە كە ئەو ڕەوتە بەتەواوی بشێوێت‌و ئەوەش بەپێی كۆمەڵگە دەبێتـە هۆی لەباربردنی ئەو كۆرپەلەیەی كە لە هەناوی كۆمەڵگەدا گەشەی كردووەو بەرەو لە دایكبوون دەچێت كە ئەویش كۆرپەلەی دەوڵەتە، چونكە لە ڕوانگەی كۆمەڵناسییەوە هەموو كۆمەڵگەیەك بەپێی ڕەوتی پەرەسەندنی لە قۆناغێكدا لە هەناوی خۆیدا كۆرپەلەی دەوڵەت هەڵدەگرێت‌و ئازادی‌و بوونی ئەو كۆمەڵگەیەش لە لەدایكبوونی دەوڵەتدا بەرجەستە دەبێت، ئەگەرچی ئەنارشیستەكان خەون بە هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتەوە دەبینن‌و لە وەهمی كۆمەڵگەی دەرەوەی دەوڵەتدا دەژین، ڕەنگە ئەوەش خەونێكی ناخۆش نەبێت، بەڵام بۆ كۆمەڵگە بێ دەوڵەتەكان خەونێكی تفت‌و تاڵە.

 

دواخستنی ڕیفراندۆم بۆ كۆمەڵگەی باشووری كوردستان بریتیە لە لادانی ڕۆحی بڵندبووی كۆمەڵگە لە ڕەوتی ئاسایی خۆی، ئەوەش بە مانای هەوڵدان دێت بۆ لەباربردنی كۆرپەی دەوڵەت. كەواتە دواخستنی ڕیفراندۆم واتای كوشتنی ئایندەی كۆمەڵگەی كوردی، بۆیە دواخستنی ڕیفراندۆم لە ئێستادا كە ڕۆحی گشتی كۆمەڵگە لە هەڵچووندایە لە هەموو ئەو شكستانە ترسناكترە كە لە ڕابردوودا بزووتنەوەكانی كورد دووچاری بوون. شكستی بزووتنەوەكان لە ڕابردوودا شكستی ئایدیۆلۆجیایەك یان بەرنامەیەك یان سەركردەیەك یان حزبێك بووە، بەڵام پاشەكشە لە ڕیفراندۆم لە ئێستادا، مانای لادانی ڕۆحی گشتی كۆمەڵگە لە ڕەوتی بەرەو بڵندبوون‌و لە ڕۆیشتنی بەرەو گوزارشت لەخۆكردنی. كە ئەمەش دەبێتە شكستی هەموو كۆمەڵگە. بۆیە ئێستا ئەو چركەساتەیە كە نابێت كوردی باشوور بەهیچ شێوەیەك پاشەكشە لە ڕیفراندۆم بكات‌و ناشبێت بەهیچ شێوەیەك‌و لەژێر هیچ هەلومەرج‌و بارودۆخێكدا دوای بخات.

 

كۆی ئەو دەوڵەت‌و كەسێتی‌و لایەنە دەرەكییانەی داوای ئەنجامنەدانی ڕیفراندۆم یان دواخستنی دەكەن، بە تایبەتی داگیركەرانی عەرەب‌و تورك‌و فارس، دەترسن ڕۆحی كوردی لە ئاستێكی زۆر مرۆڤانەتر لەوان گوزارشت لە خۆی بكات‌و هەموو ئەوانی ترو هەموو جیاوازییەكان قبوڵ بكات. ئەوان دەترسن لەوەی لەپاڵ ڕۆحی ژەنگ گرتووی ئەواندا، ئەو ڕۆحە قێزەون‌و چڕنووكدارەیان كە زیاتر لە پێنج سەدەیە ڕۆحی كوردی دەگورێت‌و لە دۆزەخی ڕۆحی شەیتانی خۆیاندا دەیسوتێنێت، ڕۆحێكی بەرزو خاوێن‌و مرۆڤانەی باڵا ڕاستبێتەوە، بۆیە ئێستا ئەوانەی دەوروبەرو هەندێك لەوانی دوورتریش نایانەوێت ئەم ڕۆحە سەركەشەی كورد بگاتە ئاستی گوزارشت لە خۆكردنی‌و لە چڕنووكی دڕندانەی ئەوان ڕزگاری بێت. ئەمە لە كاتێكدا كە تەنانەت ئەوانی داگیركەری كوردستان‌و دەوڵەتانی تری دنیاش دەزانن ڕۆحی هەڵچووی كوردی گەیشتووەتە ئاستێك لە بڵندبوون ناشێت ڕێگری لێبكرێت‌و گومانی تێدانیە دەگاتە ئاستی گوزارشت لەخۆ كردنی.

 

بەڵێ لە كاتێكدا ڕۆحی داگیركەرانی كوردستان هەموو جیاوازیەك دەكوژێت، ڕۆحی كوردی ئەوانی بكوژیش قبوڵَ دەكات ئەگەر دەست لە كوشتن هەڵبگرن. بەڵێ نابێت كورد بە هیچ شێوەیەك دەستبەرداری داواكارییەكانی بێت، چونكە ئەم ڕۆحە ڕوو لە بڵندبووەی ئێستای كۆمەڵگەی كوردی پێویستی بەوەیە كە خۆی نمایش بكات‌و گوزارشت لە بوونی خۆی بكات ئەوەش تەنیاو بەس تەنیا وەكو هیگڵ دەڵێت لە درووستكردنی دەوڵەتدا دەگاتە ئەنجام.