بارزانی وەڵامی مەكگۆرك-ی دایەوە

15-09-2017 05:39

 

دوای كۆبوونەوەی وڵاتانی زلهێزو نوێنەرایەتی سەركردایەتی كوردستان، دڵەڕاوكێیەك لەناو خەڵك دروست بوو، ڕەنگە ڕیفراندۆم نەكرێت، چونكە قسەكانی مەكگۆرك-نوێنەری سەرۆكی ئەمەریكا بۆ شەڕی داعش لە عێراق‌و سوریا- وای نیشاندا كە لەگەڵ ئەوەنین ڕیفراندۆم بكرێت‌و بڕیارەكەشی بەناشەرعی زانی، بۆچوونێك هەبوو كە ڕەنگە ئەمەریكا بەتاك لایەنە پرسی ڕیفراندۆمی ڕاگرتبێت، بەڵام لە وتاری مەسعوود بارزانی لە ئاهەنگی جەماوەریی لە ئامێدی، ڕاشكاوانە وەڵامی ئەو بەدیلانەی دایەوە كە ئەمەریكا بە كوردستانی دابوو، بارزانی، وتی"لەنێوان ژێر دەستی و ئازادی دەبێت یەكیان هەڵبژێرین، تائێستاش بەدیلی ڕیفراندۆم نییە، ئەوە بریاری گەلی كوردستانەو شەرعیەت لای خەڵكی كوردستانە."

 

بارزانی، دوای گفتوگۆكانی لەگەڵ هاوپەیمانان بۆ یەكەم جارە بەڕاستەوخۆ و ڕاشكاوانە وەڵامی بەدیلەكانی دایەوە، لە قسەكانی بارزانی ئەوە دەردەكەوێت كە ڕیفراندۆم لەكات‌و ساتی خۆیدا دەكرێت، قسەكانیشی دەربارەی عێراق ئەوەی دەرخست كە بارزانی هیچ هیوایەكی بە عێراق نەماوە، واتە بەلای ئەوەوە گەڕانەوە بۆ عێراق گەڕانەوەیە بۆ خاڵی سفر.

 

بارزانی بەقسەكانی دوو پەیامی هەبوو، پەیامی یەكەم: ئاڕاستەی خەڵكی كوردستان بوو خەڵكی كوردستانی كردە حەكەم بۆ ئەو بڕیارە، دیارە خەڵك ئێستا لەبەردەم بڕیاری خۆیەتی ڕیفراندۆمی دەوێت یان نا؟ بێگومان ئەوەی تائێستا بەدی دەكرێت خەڵكی كوردستان لەگەڵ سەربەخۆییە، دەنگێكی كەمی ناشاز هەیە، لەگەڵی نین، ئەویش پرسێكی حزبییە.

 

پەیامی دووەمی بارزانی، بۆ سەركردایەتی سیاسی كوردستان بوو كە خۆی لەجیاتی ئەوان پێی وتن، (ئەم بەدیلە باش نییە.)

 

ئەم پرسەی ئەمەریكاو هاوپەیمانان لەگەڵ سەركردایەتی سیاسی كوردستان ئەزمونێكی زۆرباش بوو، تەكانێك بوو بەڕیفراندۆم درا، چونكە لەم دوو ڕۆژەدا دەركەوت خەڵك لەبەر نیگەرانی دواكەوتنی ڕیفراندۆم فشارێكی زۆریان لەسەر سەركردایەتی سیاسی كوردستان داناوە، هەڵبەتە بارزانی بەڕاشكاوانە سیناریۆكانی هەڕەشەی دوای ڕیفراندۆم‌و ڕۆژەكانی ڕیفراندۆمی خستەڕوو، بەمەش پەیامێكی بۆ هەموو خەڵكی كوردستان نارد كە هەڕەشەكان ناتوانێت سڵ لە ئامانجەكانیان بكاتەوە.

 

خاڵی دواتر دەركەوت كە گفتوگۆكانی مەكگۆرك بەبێ ئاگاداری ئەمەریكا بووە، لێدوانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بەوەی بێ ئاگابووە لە گفتوگۆكان، دەریخست كە ڕەنگە ئەوەی كرابێت سیناریۆیەكی عێراقی بێت‌و ئیرادەی ئەمەریكاشی لەگەڵ نەبێت، ئەمەش هێزیدایە وتاری ڕیفراندۆم كە سڵ نەكەنەوە لە سیناریۆ لۆكاڵییەكان.

 

ڕەنگە لەمەودوا فشارەكان لەڕێگای خەڵكەوە بێت، تا دوێنێ هێزە سیاسییەكان هەڵگری بەرپرسیاریەتی ڕیفراندۆم بوون، بەڵام بۆ داهاتوو خەڵكی كوردستان بەرپرسیاریەتی ئەم پرسە هەڵدەگرن، ئیتر ڕەنگە چالاكی جەماوەری‌و فشارە جڤاكییەكان بەفراوانی بڵاوببنەوە.

 

پەیامی كۆتایی بارزانی، دەربارەی سنووری كوردستان بوو، بارزانی هەندێك شتی ڕوونكردەوە لەوانە؛ ڕەتی كردەوە گفتوگۆ لەسەر سنووری كوردستان بكات، ڕەتیشی كردەوە كە كوردستان بگەڕێتەوە بۆ هێڵی سەوز كە كەركووك‌و شەنگال‌و مەخمووری لەگەڵ نییە، ئەمەش پەیامێكی نوێ بوو لەلایەن سەركردایەتی سیاسی كوردستانەوە كە مساوەمە لەسەر ئەو ناوچانە ناكات.