بەرهەم ساڵح بەرەو كوێ؟

19-09-2017 02:07

 

لەناو پارتە كوردییەكاندا بەردەوام كەرت بوون‌و خۆجیاكردنەوە بوونی هەبووە، زۆرجار ئەم جیابوونەوانە بەتوندو تیژی كراون یان لە ئەنجامدا توندوتیژییان دروستكردووە، هەندێك جاریش دەكرێت بەهۆی ڕكەبەرایەتی شەخسی‌و بۆ نیشاندانی هێز جیابونەوەو دروستكردنی لیست ئەنجام بدرێت، دەبێت خوێندنەوە بۆ سەرۆكی لیست‌و حزبی تازە بكەین لە ڕابردوو و ئەگەرەكانی داهاتووش دیاری بكەین، ناكرێت زوو بڕیاری بەفریشتەبوون یان بە شەیتانی بونی كەس‌و لیستەكە بدەین، لەسیاسەتدا ئەگەری چاوەڕوان نەكراو ڕوودەدات.

 

د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح سیاسییەكی ناسراوی ناو كایەی سیاسەتە لە هەرێم كوردستان، لە ڕابردوودا چەندین ساڵ سەرۆك وەزیران بووە لە ئیدارەی سلێمانی‌و ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە كارە باش‌و خراپەكانی ماوەكەی بەرپرسیارییەتی لەسەر بووە، ماوەیەكە چالاكییەكانی لەگەڵ حزبەكەی(یەكێتی نیشتمانی كوردستان)دا ئەنجام نادات‌و بەشداری دانیشتنەكانی مەكتەبی سیاسی ناكات، بەرهەم ساڵح وەك یاخییەك لە سیاسەتەكانی یەكێتی خۆی نیشانداوەو دوای نەخۆشكەوتنی مام جەلال قورسایی لەناو بڕیارەكانی یەكێتی نەماوە.

 

ئێستا بەرهەم ساڵح لیستی (هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری) ڕاگەیاندووە، دروستكردنی هەر لیستێك ئامانجەكەی دیموكراسی‌و دادپەروەری بێت زۆر گرنگە، چونكە ئەم دوو بابەتە لە ژێر پرسیاردابووە بەدەستی جووتحزب(یەكێتی‌و پارتی)، بەڵام وەك بەرهەم ساڵح دەیوت كردارشەرتە، واتا بەكردار كاربۆئەم دوو بابەتە بكرێت كەبۆتە دروشمی لیستەكەی.

 

ئەگەرەكانی لیستەكەی بەرهەم ساڵح:

 

۱ـ بەرهەم ساڵح بۆ دەرخستنی قورسای خۆی ئەم لیستەی دروستكردبێت وەك كاردانەوەیەك‌و دەرخستنی توانای خۆی بەرامبەر ڕكابەرەكانی لەناو یەكێتی.

 

۲ـ لیستەكە سیاسەتی ناوخۆی حزبەكەی بێت بە هاوكاری پارتی، بۆ ڕاكێشانی دەنگی ناڕازی‌و كۆكردنەوەیان لەم لیستەدا، چونكە ئەگەری دابەزینی دەنگەكانی یەكێتی‌و زیادبوونی دەنگی گۆڕان‌و كۆمەڵ بوونی هەیە. چونكە د.بەرهەم تا ئێستاش دەستلەكاركێشانەوەی لە حزبەكەی ڕانەگەیاندووە.

 

۳ـ بەرهەم ساڵح دەیەوێت گۆڕانكاری بكات لە حكومڕانیدا، چونكە شارەزایە لە حكومڕانی‌و ئەزمونی هەیە، دەیەوێت دوو كێشە گەورەكەی هەرێم كە نەبوونی دیموكراسی‌و دادپەروەرییە چارەسەر بكات، ئەوكات دەكرێت چاوەڕوانی سزادانی د.بەرهەم‌و هاوڕێكانی بكرێت لەلایەن حزبەكەی.

 

٤ـ لیستەكە لەداهاتوو ببێتە حزبێك‌و یەكێتی بەتەواوی لاواز بكات.

 

٥ـ كاری لیستەكە بۆ گۆڕانكاری دوای هەڵبژادن ئەگەر دەنگی زۆریش بێنێت قورسە، چونكە یەكێتی‌و پارتی بەتوندی دژایەتی دەكەن‌و خاوەنی هێزی چەكدارن، وەك چۆن بەرامبەر بزوتنەوەی گۆڕان كردیان.

 

٦ـ ئەگەری ئەوەدەكرێت قورسایی لیستەكە تەنیا لە زۆنی سەوزو نیلی بێت.

 

۷ـ ئەگەری بوونی پاڵپشتی دەرەكی هەیە بۆ لیستەكە بەتایبەتی ئەمەریكا، چونكە بەرهەم ساڵح تا ئێستاش دۆستایەتی لەگەڵ ئەمەریكادا هەیە.