
ئەگەر چاوێك بە مێژوی دورودرێژی سیاسەتی ئەمەریكادا بخشێنین، بۆمان ڕوندەبێتەوەو باش تێدەگەین كە چۆن ئەمەریكا لە كۆتایی جەنگی جیهانی دووەمەوە بەهێزێكی گەورەو كاریگەر دەركەوت. لەدوای لێدانی هێرۆشیما و ناكازاكی بە چەكی ئەتۆمی زۆربەی دوڵەتەكانی دونیا مەترسیەكی گەورەیان لە هەژمونو پاوانخوازی ئەمەریكا بۆ دەركەوت بۆیە هەر لەگەڵ كۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەمو توندبوونەوەی ململانێكان لەگەڵ یەكێتی سۆڤیەتدا لە جەنگێكی سارددا وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكاو هەواڵگرییەكانی ئەمەریكا هەمیشە كاریان لەسەر ئەوە دەكرد بە دروستكردنی هاوپەیمان هەژموونو دەسەڵاتیان فراوانتر بكەن. وەك كردنی كودەتاو دانانی كەسانێك كە دژی كۆمۆنیزم بوون. بۆ نموونە كردنی كودەتا لە ئێرانو نیكاراگوا یان هاوپەیمانی لەگەڵ یابانو كۆریای باشور بۆ ڕێگرتن لە سۆڤیەت لە فراوان بوون. وە لەم سەردەمەدا بەهێزیی هەروڵاتێك پەیوەستە بە هاوپەیمانیو پەیوەندییە دیپلۆماسیەكانییەوە.
لە ساڵی 1989 ئەمەریكا توانی جەنگی سارد كۆتای پێبهێنێتو سەركەوتنێكی گەورە بۆ گەلانی ئەمەریكاو سیاسەتی ئەمەریكا دەستەبەر بكات، بۆیە هەر لەگەڵ كۆتایی هاتنی جەنگی سارد هەستا بە دروستكردنی هاوپەیمانییەك بۆ جەنگی كەنداو، گەردەلوولی بیابان، لە ساڵی 1991، چونكە لە ماوەی كۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەمدا هەژمونی ئەمەریكا ڕوی لە كەمبوونەوە دەكرد، بۆیە هەستا بە دروستكردنی ئەو جەنگە لە 1991دا، ئەمەریكا ڕیگەیدا بە عێراق كە هێرش بكاتەسەر كوەیت، بەڵام لە پاشان ئەمەریكا عێراقی دەركردو بەرژەوەندیەكانی بەدەستهێنا، ئەوەبوو بە ئازادكردنی كوەیت هاوپەیمانەكانی خۆشحاڵكردو هەموو ناوچەی كەنداو كەوتە ژێر سیاسەتەكانی دەرەوەی ئەمەریكا. بە هەمان شێوەش لە ئەفغانستان بە دەركردنی تاڵیبان و هێنانی حەمید كارزای سیاسەتی خۆی زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پتەوتر كرد، كە هەموو ئەم سەركەوتنانە لەژێر دەستی جۆرج بۆشی باوكو كوڕدا توانیان شكۆی ئەمەریكا لە جیهاندا لە ڕوی سەربازیو هەواڵگریو سیاسیو ئابوریی زۆر بەهێز بكەن، بەڵام لەگەڵ هاتنی ئۆباما و سەردەمی بەڕێوەبردنی ئیدارەكەیدا كە 8 ساڵی خایاند، كەم كەم ئەوەی بۆشی باوك و كوڕ بەدەستیانهێنان ئۆباما لەماوەی هەشت ساڵی كابینەكەیدا بەهۆی هەڵە لە سیاسەتی دەرەوەیدا دۆڕاندی، چ لە عێراق و چ لە ئەفغانستان ئەوەش بەوەی لە كاتێدا ئەمەریكا هەزاران قوربانی و دوو ترلیۆن دۆلاری لەو جەنگەدا خەرج كردبوو بەهۆی سیاسەتی دەرەوەی هەڵەی ئۆباماوە هەموو هێزەكانی ئەمریكا كە بە خوێن عێراقیان ئازاد كردبوو بە بیانووی دیموكراسی و ئاشتی بۆ گەلانی جیهان و سیاسەتی ئێران، عێراقیان بە جێهێشت.
بابەتی گرنگ لێرەوە دەستپێدەكات، دەسەڵاتی هەشت ساڵەی ئۆباما ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە شكۆو دەسكەوتەكانی ئەمەریكای كەمدەكردەوە، چونكە لە سیاسەت و دیپلۆماسیەتی ئەم سەردەمەدا هاوپەیمانی و هێز دەتوانێت دەوڵەتی سەركەوتوو وە سیاسەتی سەركەوتو دیاری بكات، بۆیە سیاسەتی شكست خواردوی ئۆباما هەموو هاوپەیمانە ستراتیجیەكانی ئەمەریكای لە خۆی دوورخستەوە ئەویش بەهۆی دروستكردنی بەهاری عەرەبیەوە، چەندین دەوڵەتی گەورەی وەك میسر و لیبیا و تونس و یەمەن كە هاوپەیمانێكی باشی ئەمریكا بوون بەهۆی ئیدارەكەی ئۆباماوە لە ئەمریكا دوركەوتنەوە، لە كاتێكدا میسر و ئوردن لە كابینەكەی جۆرج بۆشدا بە هەزاران سەربازیان بۆ هاوكاری ئەمەریكا ناردو هاوپەیمانی بەهێزی ئەمەریكا بوون بەڵام لە سەردەمی ئۆبامادا ئەو هاوپەیمانانەی وەك جاران نەمانەوە.
بەهاری عەرەبی بوو بەهۆی لاواز بوونی هەژمونو سیاسەتی ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستداو بەهێزبوونی هەژموونی ئێران و توركیا لە ناوچەكەدا بۆیە ئێران توانی دەستبگرێت بەسەر چوار پایتەختی گرنگی جیهاندا ئەمانیش هەر یەك لە بەیروت و دیمەشق و سەنعا و بەغداد كە بە دەستی ئەمەریكا ڕزگار كرا. لە هەمانكایشدا توندبوونەی ململانێی بەهێزی نێوان سعودیە و ئێران و پەلكێشان و فراوان بوونی هەژمونی شیعینیزم لە قەتەری پترۆڵو ڕاكێشانی توركیای دووەم گەورە ئەندامی ناتۆ بۆ هاوپەیمانی ئێرانی-ڕوسی، ئەم هاوكێشانە وایكرد لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا كە لە ژێر فشاری سیاسەتی دەرەوەی سعودیە و ئیسرائیلدا كە هاوپەیمانی گەورەی ئەمەریكان، بە پەلە دەیانەوێت هاوپەیمانێكی ستراتیژی گرنگ لە ڕوی هێزی پیادەو سەربازییەوە لە ناوچەكەدا دروست بكەن بۆ ڕاگرتنی پەلكێشانی هەژمونی شیعینیز و هاوپەیمانی شیعە لە ناوچەكەدا ئەو هاوپەیمانە تازەیە كوردەكانن، چونكە كوردەكان زۆر بەهێزن لە ڕوی سەربازیی پیادەوەو دەكرێت بڵێین بەهێزترینن لەناوچەكەدا، ئەگەر ئەمەریكا ئەم كارە ئەنجام نەدات هیچ بیانویەكی نامێنێت لە ناوچەكدا بمێنێتەوەو هەموو دەستكەوتو بەرژەوەندییەكانی لە دەست دەچێت، چونكە دەبێت بیرمان نەچێت كە پاراستنی كەنداوی عەرەب پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ئاسایشی وزەی ئەمەریكاوە هەیە.
لە ئێستادا ئەمەریكا هیچ هاوپەیمانێكی نەماوە كە بتوانێت ڕێ لە فراوانخوازی ئێران بگرێت، چونكە ئەگەر كوردستان نەبێت بەدەوڵەتو نەبێتە هاوپەیمانی ئەمەریكا ئەوا هەژمونی ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كۆتایی پێدێت. ئەمەریكیەكان هەرگیز هیچ سودێك لە عێراقێكی یەكپارچەی ژێر دەستی ئێران نابیننو كوردستانێكی سەربەخۆ زۆر باشتر دەبێت.